
موزەفەر فەیلی
زاراوەی جینۆساید (Genocide)، بە واتای رەگەزبرینە و ئەم وشەیە لە دوو بەش پێك هاتووە: وشەی جینوس (Genos)ی یۆنانی كە بە مانای ڕەچەڵەك یان هۆز، و هەروەها وشەی ساید (Cide)ی لاتینی بە مانای كوشتن، و بەگشتی مانای كوشتنی بەكۆمەڵ دەدات. وەكو كوشتن و لەناوبردنی ژن و پیاو كە دوو فاكتەری سەرەكی پێكهێنەری نەوەی داهاتوون و لە ئەنجامیدا دەبێتە هۆكاری لە ناو چوونی نەتەوە و كۆمەڵگاكان.
لە بەناوبانگترین جۆرەكانی جینۆساید:
1- جینۆسایدی جەستەیی
2- جینۆسایدی بایۆلۆژی
3- جینۆسایدی رۆشنبیری
1- جینۆسایدی جەستەیی: واتا لەناوبردنی كۆمەڵگەكان بە غازی ژەهراوی یان لەسێدارەدان یان زیندە بەچاڵ كردن و بۆمببارانكردن بە فرۆكە یان موشەك یان بە هەر شێوەیەكی تر كە لە ئەنجامیدا گیان لەدەستدانی بە کۆمەڵی لێ بكەوێت.
2- جینۆساید بایۆلۆژی: بەم شێوەیە كە رێگەكانی خەساندنی پیاوان یان لەباربردنی مندڵان، یان نەزۆککردنی ئافرەتان لە رێگەكانی جۆراوجۆر بە مەبەستی لەناوبردنی رەگەزی مرۆڤایەتی.
3- جینۆساید رۆشنبیری: ئەم شێوەیە خۆی لە ڕێگەنەدان بۆ قسەكردن بە زمانی دایك و ڕێگریكردن لە ڕۆشنبیری نەتەوەیی دەبینێتەوە.
لەم بابەتە مەبەستمە كە بۆ یەكەم جار لە جیهان جۆرێكی نوێ لە جینۆساید بخەمە ڕوو كە دوای بیركردنەوە و تێرامانێكی زۆر، من خۆم دامهێناوە و ئەویش، (جینۆسایدی خانەوادەكان-Families Genocide). كە بە مانای نەهێشتن و لەناوبردنی خانەوادەكانە! كاتی خانەوادە لەناو دەچێت و نامێنێت ئیتر منداڵ و نەوەكانیش نامێنن و بەم شێوەیە زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگا پیر و بەرەو نەمان دەچن. بێگومان خانەوادە وەكو بچووكترین یەكەی كۆمەڵگایە و نەمان و لەناوچوونی خانەوادەكان واتا نەمان و لەناوچوونی كۆمەڵگاكان و بەم شێوەیە پرۆسەی جینۆساید ڕوودەدات بەڵام بەجۆرێكی تر. ئەم جینۆسایدە لەلایەن ڤایرۆسی كوشندەی (تەلاق) دێتە هێرشكردن و وەكو نەخۆشی شێرپەنجەی كوشندە رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی خانەوادەكان بەرەو نەمان دەبات و لە كۆتاییدا رێژەی مرۆڤـ كەم دەكات، و بەم شێوەیەش ڕووبەرووی جۆرێكی نوێ لە جینۆسایدی سەردەم دەبین كە تایبەتە بە خانەوادەكان و بە جینۆسایدی خانەوادەكان دەناسرێت!
هەر وەكو دەزانین كە ئێستا رێژەی تەلاق زۆر بووە و ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤی كردووە لەسەر كۆمەڵگا بە تاك و خانەوادەكانی كە هێشتا راست و دروستن. لە هۆیە سەرەكییەكانی ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییە پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و ئینتەرنێت، و هەروەها بەكارهێنانی زۆر و بێ سنووری سۆشیاڵ میدیا و بینینی زنجیرەكانی بەناو (خانەوادەیی) كە بەداخەوە هیچ چاودێری و سانسۆریان لەسەر نییە! بەداخەوە كاریگەری ناتەندروستی زیاتر خستوەتە سەر هاوسەران. لەلایەكی تر نەبوونی زانیاری راست و دروست و پێویست لەسەر ژیانی هاوسەرایەتی هۆیەكی تری تێكچوون و لەناو چوونی خانەوادەكانە. رۆژانە گوێ بیستی هەزاران داستانی خۆشەویستی وەكو فەرهاد و شیرین دەبین كەچی دوای پرۆسەی هاوسەرگیری و لە بەر هەندێك هۆكاری بی مانا و بچووك دوو هاوسەر لەیەك جیا دەبن و خانەوادەیەك تێك دەشكێندرێت. ئەمانە هەمووی گەواهی ئەوە دەدەن كە ئەم هاوژینانە كەمترین زانیارییان لەسەر ژیانی هاوسەرایەتییان نییە و لەراستیدا بەهەڵە چوون لەسەر ژیان! لە كاتی جێ بە جێ كردنی پرۆسەی تەلاق، لەراستیدا خانەوادەیەك بە ژن و پیاو و لە هەموو گرنگتر چەند منداڵێك دەبنە قوربانی خواست و ئارەزووی خۆپەرەستانە و لەراستیدا نەخۆشی ئەو لایەنە كە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پرۆسەی تەلاق و بەم كار بۆ خۆی و هەمووان رادەگەینی كە مرۆڤێكی بێ كەڵك و سەرنەكەوتووە!
هەروەها دەبێت دادگا و دەزگاكانی حكومەت رووڵی سەرەكییان هەبێت بۆ رێگری كردن لەم جۆر جینۆسایدە. دەبێت رێگەی باش بدۆزرێتەوە بۆ نەهێشتنی یان گران و سەخت كردنی ئەم پرۆسەیە. ئاسان بوونی ئەم پرۆسەیە بێگومان دەرگا بۆ بەرفراوانی بوونی ئەم جینۆسایدە دەكاتەوە! لەلایەكی تر رێكخراوەكانی مافی ئافرەتان بە هەموو ڕەنگ و لایەن دەبێت زۆر بەجیدی هەوڵ و كوشش بدەن بۆ كەم كردنی ئەم دیاردە رۆخێنەرە كۆمەڵایەتییە و نەهێلن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر بێت. هەروەهاش پارێزەران دەبێت بە ویژدان و ڕەوشتی بەرزەوە مامەڵە لەگەل ئەم دیاردەیە بكەن و تەنها بۆ بەدەست هێنانی پارە بە ڕاست و چەپ تێكەڵ و تێك نەدەن! لە هەمان كاتدا دەبێت هەموو دۆست و برادەر و خانەوادەی هەر دوو هاوژین، هەمیشە راستگۆ بن و راست و دروست و بە ووردی و هۆشیارییەوە هەڵسوكەوت لەگەل ئەم بابەتە بكەن و تەنها پشتی كور یان كچی خۆیان نەگرن بەڵكو هەر دوولا بە كوڕ و كچی خۆیان بزانن. هەروەها دەبێ هاوژینەكان ئەوە باش بزانن كە دەبێت هەموو كێشەكانیان لە نێوان خۆیان چارەسەر بكەن و نەهێلن كە لایەنی سێیەمی دەستێوەربدات لەناو ژیان و گوزەرانیان و بەرژەوەندیی منداڵان و ژن و پیاو و بەگشتی خانەوادەكانیان لە سەروو و پێشەوەی هەموو بەرژەوەندییەكانی تر بیت. خانەوادە كە لە منداڵان و ژن و پیاو پێكدێت وەكو بچووكترین و سەرەكی ترین خاڵی هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك زۆر پیرۆز و بە نرخە و دەبێت هەموو لایەك زۆر بەڕراست و دروستی و دوور لە هەر بەرژەوەندییەك هەوڵ بۆ چارەسەری و رزگار كردنی كێشەی خانەوادەكان بدەن بۆ دوا ڕۆژێكی ڕووناك و بەهێز بۆ نەوەكانمان و وڵاتەكەمان. بێگومان بەهێزی و سەركەوتنی هەر گەل و وڵاتێك بەندە بە بچووكترین خانەی پێكهێنەری ئەو وڵاتە. هەستكردن بە بەرپرسیرێتی لەسەر هەموو و بابەتەكانی كۆمەڵگە و هەر یەكەو بەپێی تایبەتمەندی و شارەزایی و ئەركدارێتی، لە ڕاستیدا گەورەترین خزمەتە بە گەل و نشتیمان.
((دەبێت لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی یەكتریمان خۆشبوێت)) و بۆ یەكتر قوربانی بدەین و لە هەمان كاتدا بۆ یەكتر بژین و هەوڵ بدەین بۆ درێژەپێدانیدا. هەر وەكو هەموومان دەزانین كە ژیان زۆر كورتە ئەگەر باش لێی وورد بین، بۆیە و پێویستە كە هەموو كات و ساتێك بخەینە گەر بۆ بڵاو كردنی خۆشەویستی و میهرەبانی دوور لە ڕق و كینە. بە هێوای نەمانی ئەم دیاردەیە ناخۆشە و بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی ناو خانەوادەكان لەپێناو ئایندەیەكی گەش و ڕووناك بۆ نەوەكانمان.
