لەم ماوەیەدا پرسی ئینتیگراسیۆن (تێکەڵکردن یان تەکنیکی تێکەڵاوکردن)، بەتایبەت لە ڕەهەندی سیاسی، فیکری و پەیوەندییەکانی نێوان کورد و نەتەوە سەردەستەکان و تەنانەت لە ئاستی گشتگیرتری ناوچەکەدا، بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرم و جێی سەرنجی ناو ناوەندە فیکری و ڕۆژنامەوانییەکان و پەیتا پەیتاش باسەکە گەرمتر دەکرێتەوە ، بەتایبەت لەلایەن ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نوێنەرانی ئەمریکا و هەندێ هێز و ڕەوتی سیاسی کوردستانەوە.
لە فەلسەفەی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداری مەدەنیدا، چەمکەکانی ئینتیگراسیۆن (خۆتێکەڵاوکردن) و ئیسمیلاسوێن (خۆتواندنەوە) وەک دوو ڕێڕەوی جیاواز بۆ تێکەڵبوونی پێکهاتە کەمینەکان لە ناو کۆمەڵگە گەورەکاندا سەیر دەکرێن.
ئینتیگراسیۆن (خۆتێکەڵاوکردن) لە وڵاتانی خۆرئاوا، پرۆسەیەکی فرەڕەنگ و دادپەروەرانەیە کە تێیدا کەمینە بێ خاکی ڕەسەن، بەبێ لەدەستدانی زمان و کلتور، بەشداری لە ژیانی گشتیدا دەکات.
بەڵام پابەندبوون بە ئینتیگراسیۆن لە وڵاتێکدا کە تۆش وەک ئەو خاوەن خاک و ئاوی خۆتی خۆتواندنەوەیەکی سیستماتیکە بۆ تواندنەوەی شوناسی ژێردەستەی خۆت لە ناو قاڵبی نەتەوەی سەردەستدا. واتا ئەم چەمکانە لەسەر خاکی کوردستان و لە سایەی دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکێشەیەکی تەواو پێچەوانەیە و هەر جۆرە خۆتێکەڵکردنێک لەگەڵ گەلانی سەردەستدا نەک هەر بوونی تۆ ناسەلمێنێ، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ تراژیدیایەکی قووڵ و خۆتواندنەوەیەکی زۆرەملێ.
چونکە سیستمی سیاسیی لەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، لەسەر بنەمای فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە بنیاد نەنراون. بەڵکو پێچەوانە لەسەر بنەمای تاکە نەتەوە، تاکە زمان و تاکە کلتور ڕێکخراون. بۆیە لەم ژینگەی سیاسییەدا، کاتێک دەسەڵاتدارانی ناوچەکە باسی ئینتیگراسیۆن ، تێکەڵاوکردن دەکەن، لە ڕاستیدا داوا لە کورد دەکەن کە زمان، مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵی خۆی بنێژێت و بێتە ناو بازنەی نەتەوەی سەردەستەوە. لێرەدا، جیاوازیی وردی نێوان هاووڵاتیبوونی یەکسان و سڕینەوەی کلتوری دەسڕدرێتەوە و ئینتیگراسیۆن دەبێتە ماسکێک بۆ تەعریب، تەفریس و تەتریک کردن.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە نەبوونی تێگەیشنی دروستە لە لای گەلانی سەردەست و دەسەڵاتەکانیان بۆ چەمکی مافی کەمینەکان و فرەڕەنگی. مێژووی سەدەی ڕابردووی ناوچەکەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە هەمیشە کورد لەو پارچە و بەشانەی تێیدا دەژی، وەک مەترسییەکی ئەمنی و سیاسی سەیر کراوە نەک هاووڵاتییەکی خاوەن مافی ڕەسەن. سیستمی سیاسیی ناوچەکە قبوڵی ئەوە ناکات کە زمانێکی غەیرە فەرمی وەک زمانی خوێندن و فەرمانڕەوایەتی بمێنێتەوە. بۆیە، هەر جۆرە تێکەڵبوونێک بەبێ پاراستنی کیان، دەسەڵاتی خۆجێیی و مافی چارەی خۆنووسین، مانایەکی نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی نەتەوەیی و کاڵکردنەوەی هەستی نیشتمانی.
لەم پرۆسەیەدا، میکانیزمەکانی دەوڵەتی سەردەست هەمەجۆر و بەردەوامن؛ لە قەدەغەکردنی زمانی دایکی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانەوە بگرە تا دەگاتە شێواندنی مێژوو و داگیرکردنی جوگرافیا و گۆڕینی لایەنی دیمۆگرافی کۆمەڵایەتی. کە ئەمەش ئیتر ئینتیگراسیۆن هیچ بەهایەکی نامێنێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبێتە تیرۆرێکی کلتوری و سڕینەوەی شوناس. لەکاتێکدا دەبینی گەلانی ئەو وڵاتانە کە خۆیان لە چەقی ستەمکاریدا ژیاون ، زۆرجار لە بەرانبەر مافە نەتەوەییەکانی کورددا هەمان تێڕوانینی ستەمکاریان هەیە و دان بە ڕەوایەتی بوونی تۆدا نانێن و تەژین لە ئەقڵیەتی شۆڤێنی و سڕینەوەی ئەوی تر.
لەڕەهەندەکانی پشت ئەم پرۆسەیەشدا بەرەنگاربوونەوەی خۆتواندنەوە و پاراستنی ناسنامە، زمان و کلتوور، تەنها ئەرکێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆی گرنگ و نابێ سسازشی لەسەر بکرێ.
لە بەرامبەریشدا پێویستە هۆشیاریی نەتەوەیی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ، دیموکراسیی ڕاستەقینە و فرەڕەنگی گەشە پێبدرێت و نەکەوێتە ژێرباری  پێکەوەژیان و ئینتیگراسیۆنێکی درۆینە کە ناسنامە و مێژووی نەتەوەیەک لەناوبەرێت.
ڕەوتی مێژووی ناوچەکە و پەلامارەکانی جینۆساید و سڕینەوەی کوردیش، باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە گەلانی سەردەست هیچ کات بڕوایان بەو پرۆسەیە نەبووە و نییە و نەیانویستوە ئەوە قبوڵکەن کە ئینتگراسە دەشێ پێویستیەکی مرۆیی بێت بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەبێ هیچ کۆت و بەندێک، بۆیە لەم بازنەیەدا، هەر هەوڵێک یان پێشنیارێک بۆ «ئینتیگراسیۆن» و تێکەڵبوونی سیاسی لەگەڵ ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە فرەیی و مافە سەرەتاییەکانی گەلانی ژێردەست نییە، نەک هەر هەنگاوێکی ناتەندروستە، بەڵکو مەترسییەکی کوشندشە لەسەر ئایندەی کورد و ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەی کە بۆ پرسی دیموکراسی لەئارادایە.
لە مێژووی عێراق، ئێران و تورکیا و سوریاشدا، چەمکەکانی یەکگرتن و پێکەوەژیان زۆر جار وەک ئامرازێک بۆ سڕینەوەی ناسنامە، توانەوە و تەعریب و تەفریس و تەتریک بەکار هاتوون، نەک وەک پڕۆژەیەک بۆ هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و دیموکراسی. ئەو هێزە کوردییانەشی ئێستا لە ژێر ناوی پاراستنی دیموکراسی یان چارەسەری کاتیی بانگەشە بۆ ئەم جۆرە تێکەڵبوونە بێ مەرج و مسۆگەرییە دەکەن، لە ڕاستیدا پشت لە ڕەهەندە مێژوویی و قووڵەکانی خەباتی نەتەوەیی دەکەن و دەشێ دەستکەوتەکانیش بدۆڕێنین. چونکە لە فەزایەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە نەتەوە سەردەستەکان هێشتا لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەوی تر هەنگاو دەنێن، هەر جۆرە پڕۆژەیەکی ئینتیگراسیۆن کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دەستووری، دادپەروەریی نەتەوەیی و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بنیاد نەنرا بێت، جگە لە خۆسەپاندنی ستەم و دووبارەکردنەوەی کارەساتە مێژووییەکان هیچ دەرهاوێشتەیەکی تر قبوڵناکات و ناتوانێ ببێتە فاکتی پاراستنی قەوارە، ناسنامە و ئایندەی کورد لە ناوچەکەدا و پێچەوانە تێکڕای ئەو بانگەشانە دەبێتە هۆکاری دووبارە هەڵلووشینی زمان، کلتوور و شوناسی نەتەوەی و ئاوێکە دەڕژێتە خزمەت بەرژەوەندیەکانی نەیارانی کوردەوە و هیچی تر.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا