پەیوەندیی نێوان هەردوو ڕەگەز، لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە تا ئەمڕۆ، بنچینەی بەردەوامیی ژیان و کۆمەڵگە بووە. ئەم پەیوەندییە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای تەواوکاری، هاوبەشی و پێکەوەژیان بنیاد نراوە، نەک لەسەر بنەمای داگیرکاری، سڕینەوە یان ڕکابەریی وێرانکەر. بەڵام کاتێک تێڕوانینی شێواو و هزری چەوت زاڵ دەبێت بەسەر مێشک و هۆشی مرۆڤدا، ڕەهەندە پیرۆز و سروشتییەکانی ئەم پەیوەندییە تێکدەچن. لەم سەردەمەدا، جارێکی تر کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی کوێرانە و مەترسیدار بووەتەوە کە تێیدا دوو جەمسەری توندڕەو، وەک دوو ئاراستەی دژبەیەکی وێرانکەر، هەوڵی لەناوبردنی هاوسەنگیی ژیان دەدەن؛ یەکێکیان بە ناوی پیرۆزترین بەهای ئایینی و خوداییەوە شمشێری سووکایەتی و سەرکوتکردن بەرامبەر مێینە هەڵدەگرێت، و ئەویتریان بە ناوی دروشمی ماف و بەرگریکردنەوە، نێرینە بە ڕەهایی دەکاتە ئامانجی ڕق و کینە و وێرانکردنی پردی پێکەوەژیان.
لە لایەکەوە، کۆمەڵێک مرۆڤ کە خۆیان بە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستی و ڕەهای خودا دەزانن، بە ناوی ئایین و ڕەوشتەوە، مێینە دەخەنە ناو قەفەسێکی تەنگ و تاریکی کەمئەقڵی و سووکایەتیکردنەوە. ئەم تێڕوانینە پیاو سالارییە توندڕەوە، بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات شکۆی ژن بشکێنێت و لە ڕێگەی تێکشکاندنی دەروونی و جەستەیییەوە، بیسەلمێنێت کە بوونەوەرێکی پلەدووە. سەیر لەوەدایە، ئەوانەی ئەم تێڕوانینە تاریکە پەیڕەو دەکەن و هەمیشە وەک بوونەوەرێکی بێسەروبەر و نزم سەیری ژن دەکەن، لە بیریان چووە کە هەموو بوونی ئەوان خۆیان، گەورەبوونیان، و هاتنەدنیایان لە دامێنی هەمان ئەو ژنە بووە کە ئەمڕۆ بە بێڕێزییەوە باسی دەکەن. ئەم جۆرە لە زەینییەت، ژن نەک وەک هاوبەشێکی ژیان، بەڵکوو وەک ئامرازێک یان مەترسییەک دەبینێت کە دەبێت هەمیشە کۆنتڕۆڵ بکرێت و سەرکوت بکرێت، ئەمەش نەک تەنها دژی مرۆڤایەتییە، بەڵکو سووکایەتیکردنە بەو بنەما سروشتییەی کە ژیانی پێ دروست بووە.
لە بەرانبەر ئەم دیاردە تاریکەدا، وەک کاردانەوەیەکی پێچەوانە و پڕ لە تووڕەیی، جەمسەرێکی تری توندڕەو سەری هەڵداوە کە لەژێر ناوی فێمنیست و مافپەروەریدا، کەوتووەتە وێزەی تەواوی ڕەگەزی نێرینە. ئەم ئاراستەیە، نەک بەرگری لە مافی ژن دەکات، بەڵکوو کەوتووەتە داوی ڕقێکی ڕەها و گشتیگیرەوە دژی پیاوان. هەموو نێرینەیەک بە دەستدرێژکار، قێزەون و سەرچاوەی هەموو ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە دەناسێنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژن و کچ دەبێت هەموو پردەکانی پەیوەندی، سۆز و پێکەوەژیان لەگەڵ برا، هاوسەر و باوکیان ببڕن و سەنگەری شەڕیان بەرانبەر بگرن. ئەوان باوەڕیان بە گفتوگۆ و هاوسەنگی نییە، بەڵکو دەیانەوێت تۆڵە لە مێژوو بکەنەوە بە ڕەتکردنەوەی تەواوی ڕەگەزی نێر. ئەم لایەنەش، وەک ئەوەی یەکەم، تووشی کوێربوونی هزری بووە؛ چونکە لە بیری چووە کە هەمان ئەو ژنە فێمنیستە توندڕەوەی کە ئەمڕۆ بە ڕەهایی نێرینە ڕەت دەکاتەوە و بە ترسناکی دەبینێت، خۆی لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و لە سپێرمی پیاوێک دروست بووە. سڕینەوەی ڕەگەزێک یان دژایەتیکردنی بە کۆمەڵ، نەک مافەکان پەرە پێناتدات، بەڵکوو کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێرێکی دەرونی و کۆمەڵایەتی دەبات کە تێیدا خێزان وەک بنەمای مرۆڤایەتی هەڵوەشێتەوە.
کێشەی سەرەکیی ئەم دوو جەمسەرە لەوەدایە کە هەردووکیان لەسەر بنەمای دوژمنکاریی ڕەها و رەتکردنەوەی ئەوی تر بنیاد نراون. جا چ ئەو کەسەی کە بە ناوی خوداوە مێینە دەشکێنێت، یان ئەو کەسەی کە بە ناوی مافەوە نێرینە دەبێزێنێت، لە ناوەڕۆکدا هەردووکیان یەک شتن: دوو ڕووی یەک دراون کە پێیان وایە بە زەبروزەنگ، بە سووکایەتی و بە سڕینەوەی بەرانبەر دەتوانن جیهانێکی باشتر دروست بکەن. لە کاتێکدا نەرمونیانی، لێبوردەیی، ڕێزگرتنی یەکتر و تێگەیشتن لەوەی کە مرۆڤەکان تەواوکەری یەکترین، تەنها ڕێگەن بۆ مانەوە و ژیانێکی شایستە. ئایینی راستەقینە و مرۆڤدۆستیی ڕەسەن، هەمیشە داوای رێز، دادپەروەری و خۆشەویستی دەکەن، نەک سووکایەتیکردن بە نیوەی کۆمەڵگە؛ هەروەها مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی راستەقینەش داوای یەکسانی و پاراستنی ئابڕوو دەکەن، نەک دروستکردنی کینە و شەڕی نەبڕاوە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا.
بۆیە، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە لە ژێر کاریگەریی ئەم دەنگە توندڕەوانە دەرباز بێت، کە دەیانەوێت ژیان لە نێوان ژن و پیاودا بگۆڕن بۆ گۆڕەپانی جەنگ. هەر باوەڕێک، چ ئایینی بێت یان بێباوەڕ، ئەگەر نەرمونیانی، مرۆڤدۆستی و بنەمای پێکەوەژیانی تێدا نەبوو، جگە لە کارەسات و دوژمنداری هیچ بەرهەمێکی تری نابێت. مێینە و نێرینە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی ئەم جیهانەن؛ شکستی یەکێکیان شکانی هەموو مرۆڤایەتییە، و ڕقبوونەوە لە یەکتر، کۆتاییهێنانە بە خەونی پێکەوەژیانی ئاشتیانە. پێویستە هۆشیاریی گشتی دروست بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەو بیرە ژەهراوییانە بكرێت کە دەیانەوێت پەیوەندییە مرۆییەکان بکەنە قوربانیی بەرژەوەندی و حەزە توندڕەوەکانی خۆیان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا