
رۆمانێکە لە نووسینی فەڕۆخ نێعمەتپورە، ٢٨٦ لاپەڕەیە قەوارەی مام ناوەندی یە، سەرگوزەشتەی رۆمانەکە بریتی یە لە قارەمانی رۆمانەکە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان خودی نووسەرە، ناز ناوی ئەسعەدە، سەرەتای رۆمانەکە بەوە دەستپێدەکا کە ژنەکەی نەخۆشەو ناوی چرایە لەسەرەمەرگ دایە، وەسیەتی ئەوە دەکا دوای مردنی وەک هیندییەکان جەستەی بسوتێندرێ و خۆڵەمێشەکەی لە گۆزەیەک هەڵگیری، ئیدی بەدرێژایی رۆمانەکە نووسری ئاخاوتن دەکا لەگەڵ گۆزەکە، هەندێ جار روحی چرا بەرجەستە دەبێ لە خەون و خەیاڵیدا، لە وەسیەت نامەکە چرا نەیگوتووە، خوڵەمێشی گۆزەکە چی لێ بکا، ئەو کارەی هێشتۆتەوە بۆ ئازادی قارەمانەکە، قارەمانەکەش لە ململانێ و ناکۆکی دا دەژێ خۆیشی نازانێ چی لێ بکا و چارەنووسی بە کوێ دەگا !
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێـم نووسەر قەڵەمێکی سیحرئامێزی هەیە، خوێنەر یان وەرگر بە دوای خۆی دا ڕائەکێشێ، کە دەستت بە خوێندنەوەی کرد ناتوانی وازی لێ بێنێ، بە دوای سەرە داوەکە دەڕۆی، مەراقت لا دروست دەکا تا وەکو چارەنووسی خۆڵە مێشی ناو گۆزەکە بزانی، دیارە ئەگەر تەکنیکی رۆمانە کە ئاشکرا بکەین ئەوە لەسەر تەنافی زەمەنی رۆمانەکە چەند کراسی کەسایەتی نێو رۆمانەکە هەڵواسراوە، یەکێکیان چرای خێزانێیەتی کە مردووە بەڵام بەروح لەگەڵیدا دەژێ، ئەوی دیکەیان نەوشیروانی کوڕیەتی کە لە دوای مردنی دایکی لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە، هەروا ئاریا هاوڕێی قارەمانەکە کە ئەدەب دۆست و خوێنەرێکی مێژووە دواتریش ئاشنامان دەکا بە ژیانی ئافرەتێکی حەفتا ساڵەی نەرویجی بە ناوی نیڤۆس، نووسەر بەشێوەی زیکزاک زوم دەخاتە سەر کەسیاتییەکان لەکاتێ پێویستدا و ئەیاندوێنێ و ڕایان وەردەگرێ لەسەر چارەنووسی گۆزەکە تەنانەت تەلەفون بۆ ئیران دەکا ڕای خۆشکی چرا وەردەگرێ خۆشکەکەی واقی وڕ دەمێنی کاتێ دەزانی چرای خۆشکی لە پروسەی کریمیشن وەکو خوڵەمێش کراوەتە گۆزەیەکەوە دەست ئەکاتە قوربابی سەربڕین بەمەبەستی ئەوە خوا لە خۆشکەکەی خۆش بێت، زەمینەو سەحنەی رۆمانەکە لە نەرویجە بەڵام لە ڕێگای فلاش باک و یادەوەرێ گێڕانەوە قارەمانەکە دەمانبا بۆ شوێنی کارەکەی لە کامپی پەنابەران و ئاشنامان دەکا بەئافرەتێکی جوانکیلەی ڕەشتاڵە زگپڕ خەڵکی ئەسیوبیایە چەند مانگێکە لە مێردەکەی جیا بۆتەوە دواتر نووسەر وەک توخم و رەگەزی سورپرایز لە رۆماندا لە کاتێک دا چاوی لەسەر رۆژنامەیەکی لۆکاڵی یە هەواڵی کوشتنی ئەم ئافرەتە لەلایەن مێردەکەیەوە تووشی حەپەسانمان دەکا، مێردەکەی لە ئەڵمانیا رەفزی وەرگرتووە، ئەدریسی ژنەکەی وەرگرتووەو هاتووە بۆ نەرویج لەگەڵی ئاشت بێتەوە بەڵام ژنەکەی ڕازی نەبووە ئەویش کوشتوویەتی و مناڵەکەی لە نێو خوێنی دایکی دا بەجێهێشتووە کە دەکا مناڵی خۆی !
دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە لە شێوەی یاداشتنامەو بیوگرافی نووسراوە لە کاتێکدا رۆمانووسی گەورەی عەرەب عەبدولرەحمان مونیف دەڵی نابێ نووسەر سەرگوزەشتەوە و یادگاری خۆی بکاتە بابەتی رۆمان لەبەر ئەوەی ئاسۆی داهێنانی بۆ نووسینی رۆمانێکی دی دادەخا لەکاتێکدا هاوڕێ فەڕوخ پڕ بەرهەمەوە لە دوای ئەم بەرهەمە چەند رۆمانی دیکەی نووسیوە، قارەمانەکە کاتێ باسی ئامادەبوونی ئاریی هاوڕی دەکا لە زاری ئەوەوە باسی ئەفسانەکانی یۆنان دەکا کە پروتوم ئاگری لە خوای دزیوە بۆیە زیوس سزای بەسەری سەپاندوە لە کێوێک بەستوویەتانەوە هەموو رۆژی باڵندەیەک دێت پارچەیەک لە جگەری دەخوا بۆ رۆژی دوایی جگەرەی دەڕوێ دیسان باڵندەکە دێتەوە، هەروا لە زمانی ئارییەوە باسی کارەکانی دیستوفسکی و مارکیز و فیکتۆر هۆگۆ و ئیبسن و تورگنیڤ و گلگامیش دەکا، نووسەری رۆمانەکە لەبەر ئەوەی دەرچووی بەشی فەلسەفەیە، سیناریوی رۆمانەکە سەفسەتەی تیایە سەفسەتەیەکی خەم زەدەو نیگەران ئامێز، نووسەر باسی بێهوودەیی و خەمۆکی دەکا لەم وڵاتە لە کاتێکدا نووسەر دەبێ ڕێگا چارەی دەرچوون و ئاڵتەرناتیڤ بخاتە روو، نووسەر دەبێ خوێنەر دڵخۆش بکا وێرای گەورەیی قەیرانەکان، هەروا نووسەر باسی شوڕشی ١٩٧٩ دەکا لە کوردستانی ئیران، دەردەسەری ڕاکە ڕاکی زۆر بینیوە ئەمەش لە کاتێکدا دەیخاتە روو کە قسە بۆ نەوشیروانی کوڕی دەکا، ئەم رۆمانا بە یەک نەفەس نووسراوە لە کاتێکدا دەبوایە نووسەر پشوو و دەرفەت بداتە خوێنەرو دابەشی بکردایە بۆ چەند بەشێک، ئەم دەرفەتەش لە رۆمانەکە رەخساوەو دەکرا ئیشی لەسەر بکردایە، هەرچەندە نووسەر لە وەسف کردن دا دەستێکی باڵای هەیە بەڵام ئەم دەسەڵاتەی نەخستۆتە کار بۆ وەسف کردنی چرای خێزانی، نەوشیروانی کوڕی و ئاریی هاوڕێی، لێرەو لەوێ وەسفیان دەکا بەڵام ناگاتە تروپکی، سیماو دەم وچاوی قارەمانە لاوەکیەکان لای خوێنەر بەرجەستە نیە، من مەراقم بوو زیاتر باسی جوانی چرامان بۆ بکا یان شێوەو شکڵی نەوشیراوانی کوڕی یا خود ئاریی هاوڕێی یان شەقاوەکەی کەمپ هەرچەند وردە وەسفێکیان دەکا بەڵام تینویەتی من وەک خوێنەر ناشکێنێ، بەڵام کروکی بابەتەکە کە چاورەنووسی خۆڵەمێشی نێو گۆزەکە زۆر سەرنج ڕاکێشە، دوای بێنەوە بەردەو، پرس کردن بە نەوشیروان و ئاری و خۆشکی چرا، قارەمانەکە بڕیار ئەدا لەگەڵ نەوشیروانی کوڕی بچن بۆ دوورگەیەکی یۆنان کە پێشتر کاتێ نەوشیروان میرد مناڵ بووە لەگەڵ چرا گەشتێکی ئەویان کردووە بەو یادو یادگارییە کە وێنەیان تیا گرتووەو هەموویان بەختەوەرن دووبارە ئەچن بۆ ئەوێ خۆڵەمێشەکە ئەدەن بە دەم باوەوە گۆزەکەش دەخەنە دەریاوەوە، من ئەم رۆمانەم بنووسیبایە وەک بریخت چارەنووسی خۆڵەمێشی نێو گۆزەکە ئاشکرا نەکرد با گرێی رۆمانەکە ببێتە ڕاز لای خوێنەرو خوێنەر لە حاڵەتی نامۆ بوون دەهێشتەوە، بەهەر حال نووسەر پەرتووکێکی هەیە بەنێوی بۆ چی دەنووسین شایانی خوێندنەوەیە، ئەم رۆمانەش یەکێکە لە کارە سەرکەوتووەکانی بە هیوای تەمەن دڕیژی بۆ برای نووسەر، قەڵەمەکەی هەر بڕشت بێت و خەیاڵی فراوانتر بێت بۆ نووسینێ رۆمان و بابەتی ئەکادیمی !
هاوڕێ نەهرۆ/ ئۆسلۆ
٢٨ / ١٠ / ٢٠٢٦
