مرۆڤایەتی لە چەند سەدەی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی شکاندنی کۆتوبەند و دابونەریتە کۆنەپەرستەکاندا بووە کە مرۆڤیان لە چوارچێوەداوە و  بەڵام هێشتا لەم سەدەیەدا و لە هەندێک گۆشەی ئەم جیهانە تاریکەدا دیاردەیەکی نامرۆڤانە هەیە کە وەک شێرپەنجە لە جەستەی کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژانە گیانی مرۆڤێکی بێتاوان دەبا، کە ئەویش دیاردەی قێزەونی ژنکووشتنە به ناوی ناموس و شەرەف و عورفەوە کە تەنها بیانوویەکی سواون بۆ شاردنەوەی بێ توانایی و نامەردی و بێ ویژدانی ئەو کەسانەی ناتوانن لەگەڵ بوون و هۆشیاری و ئازادیدا بژین، چونکە ژن نەک هەر نیوەی کۆمەڵگەیە بەڵکو دروستکەری بەشێکی زۆری ژیانە و ئەوەی مێشکێکی دواکەوتووی هەبێت تەنها دەتوانێت بە چەقۆ و فیشەک و توندوتیژی ڕووبەڕووی لۆژیک و زەبری ئیرادەی ژن ببێتەوە و هەمیشە دەبینین کاتێک باس لە کوشتنی ژنێک دەکرێت هەندێک کەس لە په‌نای پیاوەتییە درۆزنەکەیانەوە دەست دەکەن بە پاساوهێنانەوە و بیانوو هێنانەوە بۆ تاوانبارەکە و ئەمەش گەورەترین کارەساتە، چونکە کۆمەڵگەیەک پاساو بۆ کوشتن بهێنێتەوە مانای وایە هێشتا لە قۆناغی دڕندەییدا دەژی و لە مرۆڤبوون دوور کەوتووەتەوە لە کاتێکدا مرۆڤی ئازاد و هۆشیار هەرگیز قبووڵی ناکات هیچ مرۆڤێک بە ناو و بیانووی جۆراوجۆر بکوژرێت چونکە ژیان مافێکی سەرەتاییە و کەس مافی ئەوەی نییە قەڵەمی ژیان لە دەستی کەسێکی تر بسەنێتەوە و کۆتایی بە هەناسەکانی بهێنێت تەنها لەبەر ئەوەی ئەو ژنە ویستوویەتی وەک مرۆڤ بژی نەک وەک کاڵایەک لە ماڵدا بشاردرێتەوە یان بفرۆشرێت و دەبێت ئەوە بزانین کە توندوتیژی دژی ژنان تەنها کێشەیەکی خێزانی نییە بەڵکو کێشەیەکی جیهانی و مرۆڤییە کە پێویستی بە هەڵمەتێکی هۆشیاری هەیە و دەبێت یاسا هێندە توند بێت کە هیچ بکوژێک نەتوانێت بە لێخۆشبوون یان بە بەهانەی نەریت خۆی لە سزای دادپەروەرانە دەرباز بکات چونکە تاوانبار کاتێک دەزانێت سزایەکی قورس چاوەڕێی دەکات سڵ لە تاوان کردنەوە دەكاتەوە بەڵام کاتێک کۆمەڵگە چاوی خۆی لەسەر تاوانەکان داخات ئەوا تاوانباران باڵادەست دەبن و ڕێژەی کوشتن زیاتر دەبێت و ئێمە وەک کۆمەڵگە دەبێت بێدەنگی بشکێنین و ئیتر کاتی ئەوە هاتوە بە هەموان پێکەوە بێینە دەنگ دژی هەر دەستدرێژییەک و هەر هەڕەشەیەک کە لە ژنان دەکرێت و پێویستە  منداڵەکانمان فێر بکەین کە مرۆڤبوون بە پلەی یەکەم بە ڕێزگرتن لە ژیان دەست پێ دەکات نەک بە کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و بێڕێزیکردن بە کەرامەتی کەسانی تر، ئاخر ژنکووشتن نیشانەی لاوازییە نەک ئازایەتی و هیچ پاڵەوانێتییەک لە کوشتنی کەسێکی بێدەسەڵاتدا نییە و دەبێت بکوژان وەک ترسنۆکترین کەسانی کۆمەڵگە سەیر بکرێن و دادگاییەکی ڕووکەش و بێکاریگەر بەس نییە بۆ ڕێگری کردن لەم دیاردەیە بەڵکو پێویستە هۆشیارییەکی گشتی دروست بێت کە کەرامەتی مرۆڤ لە سەرووی هەموو دابونەریتێکی کۆنەوە بێت و با هەموومان پێکەوە بڵێین نەخێر بۆ ژنکووشتن نەخێر بۆ توندوتیژی و بەڵێ بۆ یەکسانی و ژیانێکی ئارام بۆ هەموان.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا