
ناوەڕاستی نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوو، شەڕی جوانکوژی بەجۆرێک تاوی سەندبوو، یەکەیەکەی چراکانی گوند و شاری خامۆش کردبوو، تەنانەت کڵاوڕۆژنەیەکی بۆ ژیان و خەون و هیوا لەم مەملەکەتی کوردەوارییە نەهێشتبووەوە. ئێمە کۆمەڵێک نووسەر و ڕاگەیاندنکار بووین، ڕاگەیاندنێکی مەزنمان بەڕێوە دەبرد، ئەگەرچی لەبەرانبەر ئەرک و ماندووبوونمان، مووچەیەکی کەممان وەردەگرت و ئیشی زۆریشمان لەسەر شان بوو، بەڵام پێمان خۆش بوو، خۆشمان لەگەڵ یەکتریدا هەڵدەکرد و دەگوزەراند؛ چونکە ڕایەڵەی پەیوەندییەکانمان بەجۆرێک پتەو بوو، لە یەک خێزان دەچووین.
کاک ڕێگا بەرپرسی دارایی ڕاگەیاندنی ئێمە بوو، تا بڵێی هاوڕێیەکی ڕووحۆش و بەڕێز و دەست و دەمپاک بوو، بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمانەتەوە ئیش و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئەو هاوڕێیە کێشەی ئەوە بوو زۆر بەزەحمەت پارە لە بن دەستی دەهاتە دەر؛ بۆیە هەر هاوڕێیەک رووی لێ بنابا و داوای قەرز و هاوکاریی لێ بکردبا، بەوپەڕی ڕێزەوە قسەی لەگەڵ دەکرد، بەڵام هێنانەدەری دینارێک لە دەستی وەکو گرتنی موڵگەیەکی سەربازی وابوو لەسەر دووندی چیادا.
منیش بەوپێیەی بەرپرسی ئەو شوێنە بووم، ڕۆژێکیان پێم گوت: «ڕێگا گیان، ڕاستە دە ڕۆژی ماوە بۆ کاتی دابەشکردنی مووچە، بەڵام چونكە هەفتەیەکی ماوە بۆ جەژن، تکایە پێشوەختە مووچەی هاوڕێیانی کارمەند دابەش بکە، چونكە بەرەجەژنە و دڵنیام هاوڕێیان پێویستیان پێیەتی.»
ڕێگا وەکو نەریتی هەمیشەیی، بەوپەڕی رووخۆشییەوە سەرەتا پێی گوتم: «هاوڕێ گیان، تۆ براگەورەمانی، نوری دیدەمانی، چرای ژوورەکانمانی، گلێنەی چاومانی، ئەوەی تۆ بیڵێی نەخشی سەربەرد و فەڕشی کاشانە، بەڵام خوا شاهیدە پارەمان نییە!»
ڕۆژێکیان پێم گوت: «هاوڕێ گیان، هاوڕێ ئازاد نەشتەرگەری بۆ کراوە و دڵنیام پێویستی بە هاوکارییە.»
گوتی: «زیرەک گیان بەسەرچاو، جا پارە بۆ هاوڕێی خۆمان نەبێت بۆ کێیە؟ بەخوا هاوڕێ ئازاد کوڕی خۆمانە، گوڵی مەجلیسە، دەسکە گوڵی ڕاگەیاندنە، سۆمای چاوە... چاوم کوێر بێت بۆ نەشتەرگەرییەکەی، بەخوا پارە هەربۆ ئەو باشە، بەڵام بەخوا نیمانە!»
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، سالەی ناسیاوم بینی، بەوپەڕی گەرماوگەرمی و ڕووخۆشی باوەشی پێدا کردم و بەرانبەرم شیلەی هەنگوین لە قسەکانی دەباری، پێی گوتم: «زیرەک تۆ گیانی منی، تۆ خۆشەویستترین کەسمی، ئاوەدانی ژیانمی، زۆر بیر دەکەمەوە و دەڵێم ئەگەر تۆ بمری من قوڕی حەوت گوند دەخەمە سەرم.» کەچی هەموو ساڵێک نامەیەکی لەسەر من بۆ حزبی خۆی نووسیوە و گوتوویەتی: «ووریای بن، کوڕە ئاغایە و ڕۆحزلە و هیچ شتێکی لەگەڵ فیکری چەپ تێک ناکاتەوە.»
هەر سالە نامەیەکی بۆ ئۆپۆزسیۆن لەسەر من نووسیبوو، گوتبووی: «وریای بن، پۆستی حکومیی هەیە و هاوڕێیەتی مەکەن و ئاگری بن کایەیە.»
دیسان هەر ئەو سالەیە، نامەیەکی تری بۆ حوکمەت نووسیبوو، تیایدا گوتبووی: «ئەو پیاوە لای ئێوە ڕاوێژکارە، تکایە ئاگاداری بن، بە قسە و دڵ و گیان و نووسینەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە.»
هەندێک سیاسیی لای خۆشمان لە میدیا ئەو قسانە دەکەن کە خەڵک پێی خۆشە، بەڵام بەکرداریش ئەو شتە دەکەن کە خۆیان پێیان خۆشە.
