
لە ناخی ئەو ئازارە بەسوێیانەی کە ساڵانێکە جەستەی نیشتمانیان ماندوو کردووە، و لە نێوان تۆزو زەنگی ئەو خەبات و قوربانییە بێپایانەی کە تا ئێستاش لە ویژدانی زیندووی گەلەکەماندا دەژین، پێویستە دەنگێک بەرز ببێتەوە و ڕاستییەکان وەک خۆیان بەیان بکات. ڕۆڵەکانی ئەم خاکە بە خوێنی پاکی خۆیان ڕێگای بەرخودان و سەرفەرازییان نەخشاند؛ ئەو خوێنەی لوتکەی چیا سەربەرزەکان و ناوچەکانی ئەم نیشتمانەی ئاوداوە، تا لە جەستەی خۆیان پردێکی سەختی ڕزگاری دروست بکەن و ئێمە بە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بگەیەنن. مێژووی ئەم دەڤەرە گەواهیدەرە کە چۆن تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی لە پێناو پاراستنی شکۆی مرۆڤدا گیانیان بەخشیوە و چرای هیوایان بۆ نەوەکانی داهاتوو داگیرساندووە.
کوردستان تەنها پارچە زەوییەک یان سنوورێکی جوگرافیی دیاریکراو نییە، بەڵکوو لێدانی دڵی هەموو ئەو ئازادیخوازانەیە کە بڕوایان بە سەربەرزیی مرۆڤایەتی هەیە. ئەم خاکە خەونێکی پیرۆزە کە دایکان لە شەوانی ترس و چاوەڕوانیدا بە دیارییەوە شەویان خۆش کردووە و ئاواتیان بە ئاسۆی ڕووناکی خواستووە. بەنرخترین ئەمەک و دڵسۆزییەک کە ئەمڕۆ پێشکەشی ڕۆحی پاکی ئەو نەمرانە بکرێ ،کە لە پێناو مانەوەی نیشتماندا بەرەو نەمر بوون چوون ، بریتییە لە دەست لەناو دەستنانی دڵسۆزان و پێکەوەبەستنی هێزی ناوەکی و بڕوا پۆڵایینەکان بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و ڕێگری کردن لە هەر هەنگاوێک کە شیرازەی کۆمەڵگە تێک بدات.
لە خولە هەستیارەکانی مێژوودا، هەردەم پێویستیمان بە زمانی گفتوگۆ، گیانی لێبوردەیی و ئەو ژیری و تێڕامانە دروستە هەیە کە توانیویەتی دژوارترین قەیرانەکان لە خاڵی بنبەست ڕزگار بکات. ئامادەییی بیری تەبایی، تەنها بیرهێنانەوەی ڕابردوو و شانازیکردن بە مێژوو نییە، بەڵکوو پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی ڕامیاریی ژیرانەیە کە هەمیشە جیاوازییەکانی وەک سەرچاوەی دەوڵەمەندی دەبینی و تەنها ڕێگەی ڕزگاریی و سەرکەوتنی لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتندا دەدۆزییەوە. دەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە بەرژەوەندیی گشتی و باڵای نیشتمان هەمیشە لە سەرووی ههموو تێڕوانینێکی تەسکی حیزبی و ناوچەییەوەیە.
بە پیرۆزی هەموو دڵۆپە خوێنێکی پاک کە لە پێناو پاراستنی سەربەرزیی ئەم نیشتمانەدا ڕژاوە، و لەبەر ئەو فرمێسکانەی لە چاوی دایکانی شەهیداندا وشک ناکەن، کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەی ناکۆکییەکان بۆ هەمیشە دابخرێن و لێکترازانی ناوماڵی نیشتمانی کۆتایی پێبێت. مێژوو بە هیچ شێوەیەک بەزەیی بە پەرتەوازەییدا نایەت و لێبوردە نابێت بەرانبەر ئەوانەی خەونی گەلەکەیان دەخەنە مەترسییەوە؛ ئەم گەلەی کە بە هیوایەکی گەشەوە چاوی لە ئاییندەیە، شایستەی ئەوەیە ببینێت خەونی ئازادی بە یەکێتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هاوبەش بەئەنجام دەگات.
با بەردەوام بین لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم هەرێمە و گەشەپێدانی زانست و ڕۆشنبیری، تا وەک هەمیشە بمێنێتەوە بە گوڵزاری ئاشتی، مەشخەڵی ئاوەدانی، و شانازی بۆ هەموو تێکۆشەرێک کە لەم خاکەدا ڕێگای سەربەرزی دەبینێتەوە. برینەکانمان بە تەواوی ساڕێژ نابن تا ئەو کاتەی هەموو ئیرادە و هێزەکان لە ژێر باوەشی نیشتمانێکی یەکگرتوو و دادپەروەردا یەکدەگرن؛ با هەمووان لە سەرووی برینەکانەوە کۆببنەوە و ببنە سازێنەری ئاییندەیەکی گەش کە چاکە و خۆشی بۆ هەمووان بەدی دەهێنێت و چرای ژیان لەم نیشتمانەدا هەمیشە گەش و ڕووناک ڕادەگرێت.
