
ڕێگای کوردستان
لە 27ی ئەیلوولی 2023، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەستی پێکردەوە، تا ئێستا کۆتایی مانگی شوباتی 2026، پرۆسەی هەناردەکردنەکە بۆ ماوەی ٥ مانگی تەواوە بەردەوامە، ئەمەش دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سەرەتا بۆ سێ مانگ بوو، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی پرۆسەکەوە، مەرجەکان تا کۆتایی مانگی ئازاری 2026 درێژکرانەوە و پێشبینی دەکرێت ببێتە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەدا، بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن ڕووی لە زیادبوون کرد. بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2026، ڕۆژانە لە نێوان 209 بۆ 218 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێم هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕی ٥٠ هەزار بەرمیلی دیکە ڕۆژانە بەرهەم دەهێنرێت کە بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، واتە کۆی بەرهەمهێنان نزیک دەبێتەوە لە 270 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە نرخی فەرمی سۆمۆ بەبێ داشکاندنی گەورە، لە بازاڕەکانی جیهاندا داهاتێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن سکرتارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە بڵاوکراونەتەوە، تەنها لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025دا زیاتر لە 19,5 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و داهاتەکەی گەیشتووەتە 1 ملیار و 215 ملیۆن دۆلار.
هەروەها بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی سۆمۆ لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2026دا، تێکڕای داهاتی مانگانەی فرۆشی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا.
بەم پێیەش، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە تا ئێستا لە ماوەی 5 مانگدا، بایی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە، ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی فیدراڵی، و لە بەرامبەردا بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو شایستەی دارایی دەدرێتە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت.
هاوکات لە گەڵ بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی و ئەم داهاتە، کەچی هێشتا بەهۆی دواخستنی ناردنی لیستی مووچەو تەرازو موراجەعەو نە ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی و بەهانەگرتنی بەردەوامی بەغدا،مووچەی فەرمانبەران دوا دەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەش ناکرێت.