
ستار ئەحمەد
مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئەم ناوچەیە، گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییە تاڵەی، کە نەتەوەی کورد پێوەی دەناڵێنێت. لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە پڕن لە ململانێی خوێناوی و جەنگی بێبڕانەوە لە نێوان ئەو وڵات و هێزانەی، کە لەسەر وردەکارییەکانی ئایین، مەزهەب، سنووری دەستکرد و کورسیی دەسەڵات ڕۆژانە یەکتری ڕەتدەکەنەوە و خوێنی یەکتری دەڕێژن، بەڵام هاوکێشەیەکی نائاسایی و سەیر لە ئارادایە ،کە هەموو ئەم دوژمنانە دەهێنێتە سەر یەک مێز. ئەو خاڵە تاقانەیەی، کە دەبێتە هەوێنی یەکگرتنی نەیارەکانی دوێنێ، تەنیا و تەنیا پرسی کورد و مافە ڕەواکانی ئەم میللەتەیە. کاتێک چاو بە مێژوودا دەخشێنین، دەبینین ئەو دەوڵەتانەی کە بۆ پاراستنی پیرۆزییەکانی خۆیان ئامادە نین یەک هەنگاو پێکەوە بنێن، یان بۆ ڕزگارکردنی گەلەکانیان لە برسییەتی و هەژاری دەست بۆ یەک درێژ ناکەن، کاتێک دەنگێکی کوردی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەرز دەبێتەوە، خێرا دەبنە یەک جەستە و دەنگ. ئەم یەکگرتنە کتوپڕە نیشانەی ئەوەیە، کە پرسی کورد بۆ ئەوان تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە پێوەرێک بۆ تاقیکردنەوەی هەموو ئەو دروشمە بریقەدارانەی، کە ساڵانە بە ناوی برایەتیی ئایینی و یەکێتیی نەتەوەییەوە دەیاندا بە گوێی جیهاندا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بێدەنگیی لاڵی ئەم وڵاتانەیە لە ئاست ئەو هەموو کارەسات و کۆمەڵکوژییانەی، کە لە سەدەی ڕابردوودا بەسەر کورددا هاتووە. کاتێک شارەکانمان بۆردومان دەکران، کاتێک گوندەکانمان خاپوور دەبوون و کاتێک گەنجەکانمان لەسەر ناسنامەی خۆیان ڕاپێچی زیندان و سێدارە دەکران، ئەم وڵاتانە تەنیا تەماشاکەر بوون و زۆرجاریش هاوکاری نهێنیی یەکتریان دەکرد بۆ کپکردنەوەی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی. بەڵام هەر کە کورد هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی قەوارەی سیاسیی خۆی و وەک نەتەوەکانی تری جیهان لەسەر خاکی باوباپیرانی بژی، هەمان ئەو بێدەنگانە بوونەتە خاوەن وتاری ئاگرین و بە ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی نەتەوەیی هەموو جۆرە توندوتیژییەک و چەوسانەوەیەکیان بە ڕەوا بینیوە. ئەمە گەورەترین نادادیی مێژووییە، کە نەتەوەیەک بە چوار دەوری خۆیەوە، تەنیا دوژمنایەتی و بێوەفایی ببینێت. لەم ناوچەیەدا ،کە هەموو پێکهاتەیەک مافی هەیە ببێتە دەوڵەت و خاوەن ئاڵا ، تەنیا کوردە کە لێی قەدەغە دەکرێت، وەک نەتەوەیەکی زیندوو بناسرێت. ئەم هاوپەیمانییە ناڕەوایە تەنیا لە ڕەهەندی سەربازییەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی ئابووری و جوگرافیشەوە گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر ئەم نەتەوەیە. هەرکاتێک کورد ویستبێتی سوود لە سامانە سروشتییەکانی خۆی وەربگرێت بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێز، هەموو دەوروبەر بە یەکدەنگ دژایەتییان کردووە و ڕێگەیان گرتووە لەوەی کورد ببێتە هێزێکی ئابووریی سەربەخۆ. ئەم دەوڵەتانە ئامادەن زیانی گەورەی ئابووری لە خۆیان بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشەی ئابووریی کوردستان بگرن، چونکە دەزانن سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی یەکەمە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی.
لە ڕووی میدیایی و بانگەشەی ڕامیارییەوە، ئەم وڵاتانە هەموو توانایەکی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی وێنەیەکی شێوێندراو لە کورد نیشانی جیهان بدەن. هەر هەوڵێکی کورد بۆ ڕزگاری، وەک پیلانی دەرەکی و مەترسی بۆ سەر ئاشتی ناو دەبەن، لە کاتێکدا خۆیان گەورەترین مەترسین بۆ سەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ. ئەوان لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، کاتێک باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، ناوی هەموو چەوساوەیەک دەهێنن جگە لە کورد، ئەمەش نیشانەی ئەو کۆدەنگییە نێودەوڵەتییەیە، کە بۆ پەراوێزخستنی کورد دروستیان کردووە. تەنانەت لە ڕووی کولتووری و زمانیشەوە، هەوڵی بێوچان دەدەن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد و تواندنەوەی لە ناو نەتەوەکانی خۆیاندا، ئەمەش جۆرێکی تری سڕینەوەیە ،کە بە بێدەنگی بەڕێوە دەچێت. پەروەردە و فێرکردن لەم وڵاتانەدا بە جۆرێک داڕێژراوە، کە مێژووی کورد بشێوێندرێت و وەک نەتەوەیەکی بێڕەگ و ڕیشە نیشان بدرێت، تا نەوەکانی داهاتوو هیچ هەستێکی نەتەوەییان تێدا نەمێنێت.
ئەم ڕاستییە تاڵە پێمان دەڵێت ،کە کورد لەم جیهانە پڕ لە بەرژەوەندییەدا، تەنیا پشتوپەنای خۆیەتی. ئەو وڵاتانەی، کە ساڵانە بە ملیاران پارە لە جەنگی یەکتردا خەرج دەکەن، کاتێک دێتە سەر پرسی کورد، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەسەر پلانێکی هاوبەش بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک ڕێکبکەون. ئەم یەکگرتووییە نائاساییە نیشانەی ئەوەیە، کە ئەوان لە بێداربوونەوەی کورد دەترسن، چونکە دەزانن کورد خاوەن مێژوویەکی دێرین و مافێکی ڕەوایە، کە ناتوانرێت بە هیچ بیروباوەڕێکی دەستکرد بشاردرێتەوە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ..تاکی کورد بە چاوێکی کراوە و هۆشیارییەکی قووڵەوە بڕوانێتە هاوکێشەکان و تێبگات کە ئەو دروشمانەی بە ناوی ئایین و نەتەوەوە دژی کورد بەکار دەهێنرێن، تەنیا ئامرازێکن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی داگیرکەران. مێژوو سەلماندوویەتی، کە تەنیا ئەو هێزانەی بەرژەوەندییان لەگەڵ سەربەخۆیی و بەهێزبوونی کورددایە، دەتوانن ببنە دۆستی ڕاستەقینە، نەک ئەوانەی سەدەیەکە تەنیا بۆ کوشتن و بڕین و بێدەنگکردنی ئێمە بوونەتە یەکدەنگ. پێویستە ئەم ڕاستییە لە ناوەندە بڕیارەکان و لە بیری نەوەکانماندا بچەسپێت کە دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەم ناوچەیەدا تەنیا لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندییە، و کوردیش دەبێت بە یەکگرتوویی ناوخۆیی و تێگەیشتن لە هاوپەیمانییە ڕاستەقینەکان، بەرپەرچی ئەم پیلانە مێژووییە بداتەوە کە دەیەوێت بە ناوی پیرۆزییەکانەوە، نەتەوەیەک لە خاک و مێژووی خۆی داببڕێت.
جێگەی سەرسوڕمان نییە هەندێک لە سەرکردەکانی جیهان ئاماژە بەم ڕاستییە دەدەن، چونکە بێدەنگیی وڵاتانی ناوچەکە لە ئاست کۆمەڵکوژیی کورد و هاوکات یەکگرتنیان دژی هەر قەوارەیەکی کوردی، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە. تەنیا نەتەوەی کوردە کە لەسەر ئەم زەوییە بە تەنیا جێهێڵدراوە، بەڵام هەر ئەم تەنیاییەشە ، دەبێت ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ ئەوەی چیتر بڕوا بەو بەڵێنە درۆینانە نەکەین کە تەنیا مەبەستیان کۆیلەکردن و سڕینەوەی بوونی ئێمەیە لەسەر نەخشەی جیهان. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین ، دەبێت دۆست و دوژمنی خۆمان لەسەر بنەمای کردار بناسین نەک وتار، و تێبگەین کە تەنیا هێزی نەتەوەیی و هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان دەتوانن کورد لەم گەمارۆ مێژووییە ڕزگار بکەن. داگیرکەران لەوە تێگەیشتوون کە یەکگرتوویی کورد کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەوان دەهێنێت، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردە. ئەرکی ئێمەیە ،کە ئەم کۆدەنگییە نەگریسەی نەیاران بە یەکگرتوویی و لێهاتوویی خۆمان تێکبشکێنین و بیسەلمێنین ، هیچ هێزێک ناتوانێت نەتەوەیەک لەناو ببات کە بڕیاری ژیانی سەربەرزانەی دابێت.