
سەرکردەی شیوعی و تێکۆشەری نیشتمانی و نێونەتەوەیی، سکرتێری پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عێراق، هاوڕێ حەمید مەجید موسا (ئەبو داود)، پاش ململانێیەکی توند لەگەڵ نەخۆشیدا، ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی شوبات، دڵە پڕ لە خۆشەویستییەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ ئەبو داود خاوەنی کاروانێکی دوورودرێژە لەناو ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا؛ هەمیشە بەردەوام بوو لە تێکۆشانی سیاسی و چینایەتی بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕەنجدەران و بێبەشان و دۆزەکانی ڕەوای گەل و نیشتمان.
لە ماوەی ساڵانی دوورودرێژی قوربانیدان و تێکۆشانیدا، هاوڕێ ئەبو داود لەناو ئۆرگانە جیاوازەکانی حزبدا، هەموو جۆرەکانی خەباتی نهێنی، ئاشکرا، جەماوەری و چەکداریی تاقی کردەوە. وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو و خۆڕاگر دەرکەوت، تاوەکوو لە ساڵی ١٩٩٣دا و لە یەکێک لە هەستیارترین و سەختترین قۆناغەکانی مێژووی حزبدا، وەک سکرتێری حزب هەڵبژێردرا.
لەژێر سەرکردایەتیی هاوڕێ ئەبو داوددا، حزب لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ڕێبازی کرانەوە و نوێگەری کە لە کۆنگرەی پێنجەمدا پەسەند کرابوو؛ ئەو ڕێبازەی قۆناغێکی نوێ و ئاستێکی پێشکەوتووی لە خەباتی حزب و چالاکییەکانیدا هێنایە ئاراوە.
بە کۆچی هاوڕێ ئەبو داود، حزبەکەمان تێکۆشەرێکی جێگیر و بوێر، و شیوعییەکی بە بڕوا و پرەنسیپ لە هەمبەر دۆزی گەل لەدەست دا. گەلی عێراق و کوردستانیش کەسایەتییەکی لەدەست دا کە هاوڕێیان و دۆستانی بە ڕاستگۆیی، دەستپاکی و جێی متمانەبوون دەیانناسی؛ مرۆڤێک کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقی دەخستە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکەوە.
لەم کۆستە غەمناکەدا، هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ هاوڕێی تەمەنی، هاوڕێ (ئوم ئەسیل) و کچەکەی (ئەسیل) و کوڕەکەی (عەزیز) دەردەبڕین و گەرمترین سەرەخۆشییان ئاراستە دەکەین. هەروەها سەرەخۆشی لە هاوڕێیانمان لە سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی عێراق و سەرجەم دۆست و ئازیزانی دەکەین.
کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان
هەولێر
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦