ستار ئەحمەد

 

خاکی کوردستان تەنیا نیشتمانێکی جوگرافی نییە کە بە سنوورە دەستکردەکان دیاری کرابێت، بەڵکوو ئەم خاکە مەکۆ و لانکەی پیرۆزترین ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. کاتێک لە دەقە ئاسمانییەکان ورد دەبینەوە، دەبینین خودای مەزن کێوی جودی وەک شوێنێکی ئارام و پیرۆز بۆ مانەوەی کەشتییەکەی حەزرەتی نوح دەستنیشان کردووە، کە ئەم کێوەش لوتکەیەکی سەربەرزی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە لە کوردستان. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ژیان دوای تۆفانە مەزنەکە لەم خاکە پیرۆزەوە دەستی پێکردووەتەوە و نوح و نەوەکانی لەم کوێستانانەدا ڕەگیان داکوتاوە. بێگومان ئەو کەسەی لەم خاکەدا ژیاوە و لێرەوە شارستانییەتی دامەزراندووە، هەر کورد بووە و ناسنامەی ئەم خاکەی هەڵگرتووە؛ چونکە مەحاڵە پێغەمبەرێک لەم ناوچەیە بێت و لە نەتەوەیەکی تری دوورەدەست بێت، کەواتە دەکرێت بەوپەڕی دڵنیاییەوە بڵێین ئادەمی باوکیشمان هەر لێرە بووە و پیرۆزیی ئەم نیشتمانە لە باوەڕی ڕەسەنی ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە. چیاکانی زاگرۆس تەنیا بەرد و خاک نین، بەڵکوو قەڵای پارێزەری ئەو مرۆڤایەتییە بوون کە خودا ویستوویەتی لە قڕکردن ڕزگاریان بکات، بۆیە کوردستان یەکەمین وێستگەی ئارامیی مرۆڤە لەسەر زەوی.
ئەم زنجیرە پیرۆزییە درێژ دەبێتەوە بۆ حەزرەتی ئیبراهیم خەلیل، باپیری هەموو پێغەمبەرەکان، کە لە ناوچەی حەڕان لەدایکبووە؛ حەڕان کە ئێستا بەشێکە لە پارێزگای ماردینی کوردستان، مێژوویەکی دێرینی هەیە و گەواهی ئەوە دەدات کە باوکی یەکتاپەرستی لە باوەشی ئەم خاکەدا گەورە بووە و هەر لێرەشەوە پەیامەکەی گەیاندووە. کەواتە ڕەگی پێغەمبەرایەتی لە خاکی کوردستاندا چەسپاوە. هەروەها حەزرەتی یونس کە لە موسڵ بانگەوازی کردووە، لەناو جەرگەی خاکی کوردستاندا بووە. تەنانەت زمانە دەوڵەمەندەکەمان گەواهیدەرێکی زیندووە بۆ ئەم ڕاستییە؛ وشەی خودا، کە پێش وشەی (الله) لای کورد بەکار هێنراوە، لە وشەی خودان واتە خاوەنەوە هاتووە، بەو مانایەی کە یەزدان خاوەن و خودانی هەموو گەردوون و بوونەوەرانە، وشەی خواوەندیش ڕێک وەک هاوتایەکی کوردی بۆ وشەی (إله) دادەنرێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد پێش هەموو گەلانی تری ناوچەکە بە ڕەسەنایەتی لە خوای خۆی تێگەیشتووە و بە زمانە شیرینەکەی خۆی ناوی هێناوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە وەرگێڕانی هزریی گەلانی تر هەبێت.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخێکیی گەورەیە، ئەوەیە، کە نەتەوەکانی تری دەوروبەرمان ئایینیان کردووەتە ئامرازێک بۆ پێشکەوتنی نەتەوەیی خۆیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتیان، کەچی زۆرێک لە کوردەکان و بەناو مەلایانی ئێمە، نەتەوەکەی خۆیان دەکەنە قوربانی و دەیکەنە پردێک بۆ ئەوەی دوژمنەکانیان بەسەریدا تێپەڕن. نەتەوەکانی تر ئایینیان خستووەتە خزمەت نەتەوە، بەڵام هەندێک لە کوردەکان نەتەوەیان کردووەتە کۆیلەی ئایینی نەتەوەکانی تر. دەبێت بزانین ،کە نەتەوە لە سەرووی هەموو پیرۆزییەکی زەمینییەوەیە، چونکە بەبێبوونی نەتەوە و نیشتمان، ئایین و باوەڕیش هیچ شوێنێکیان بۆ حەوانەوە نابێت. خودای مەزن لە قورئاندا دەفەرموێت کە مرۆڤەکانی بە گەل و نەتەوەی جیاواز دروست کردووە تا یەکتر بناسن، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە کە پاراستنی نەتەوە فەرمانێکی پیرۆزە. بەڵام زۆرێک لە مەلا کوردەکان، لە جیاتی پیرۆز ڕاگرتنی خاکی دایکیان، خاکی بێگانە و دوژمن بە پیرۆزتر دەزانن و تەنانەت ناوێرن وشەی خودا بەکاربهێنن و ڕەسەنایەتی خۆیان دەشارنەوە. ئەوان تێناگەن کە ناپاکیی، لە نیشتمان، گەورەترین لادانە لە فەرمانی پەروەردگار.
مێژوونووسانی بێگانە بە مەبەست مێژووی ئێمەیان شێواندووە. بۆ نموونە سەلمانی فارسی، کە مێژوونووسان بە ناڕەوا کردوویانە بە فارس، لە کاتێکدا ئەو ڕۆڵەیەکی ڕەسەنی ئەم خاکەیە و کورد بووە. کورد هەمیشە وەک پارێزەرێکی دڵسۆز دەرکەوتووە و مێژوو شاهیدە کە کورد سێ جار قودسی لە چنگی داگیرکەران ڕزگار کردووە، کە گەورەترینیان لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو. تا ئێستاش کورد یارمەتی خەڵکی فەلەستین دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی مێژوویەکی چەواشەکارییان بۆ ئەو گەلانە نووسیوەتەوە، هێشتا زۆرێک لەو خەڵکە ڕقیان لە کورد دەبێتەوە. ئەی کورد بۆ تێناگەن کە نەتەوەیان نەبێت بەچی پارێزگاری لە دینەکەیان دەکەن.....؟ ئایین لەناو نەتەوەی ئازاددا دەمێنێتەوە، نەک لای گەلێکی کۆیلە و بێ نیشتمان. وڵاتانی بەناو موسڵمانی دەوروبەرمان چەندین جار یارمەتی دوژمنانی کوردیان داوە بۆ قڕکردنی ئەم میللەتە، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئەوان نەتەوەکەی خۆیان لا پیرۆزترە لە هەر برایەتییەکی ئایینی.
نەتەوە ئەو شوناسە خوداییەیە، کە ناکرێت هیچ بیروباوەڕێک بیخاتە پەراوێزەوە. ئەگەر سەیری مێژووی عەرەب، تورک یان فارس بکەین، دەبینین ئەوان ئایینیان کردووەتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی ئیمپراتۆریەتە نەتەوەییەکانیان؛ کەچی تاکی کورد، بە تایبەت هەندێک لەوانەی خۆیان بە زانای ئایینی دەزانن، وەک ئەوەی لە جادوویەکی بێگانەدا بن، نیشتمانی خۆیان بە کەم دەبینن. ئەوان نازانن کە خودای کوردان، ئەو زاتەیە، کە زمانی کوردی پێ بەخشیوین و ئەم چیا سەرکەشانەی کردووەتە قەڵای پاراستنی ئابڕوومان. هەر پیاوێکی ئایینی، کە نەتەوەکەی فەرامۆش بکات و بۆ خاکی دوژمنان بگری، ئەو کەسە لە جەوهەری ئایین تێنەگەیشتووە؛ چونکە خودا لە مرۆڤی ترسنۆک و نیشتمانفرۆش ڕازی نابێت. خودا کۆیلەی بۆ چییە.  ...؟ 
خودا مرۆڤی ئازاد و سەربەرزی دەوێت.
پیرۆزی کوردستان لەوەدایە ،کە ئەم خاکە هەرگیز ئامێزی بۆ داگیرکەران گەرم نەکردووە و هەمیشە وەک نیشتمانی ئازادان ماوەتەوە. ئێمە نابێت بێدەنگ بین بەرامبەر ئەو چەواشەکارییانەی کە دەڵێن نەتەوە و ئایین دژی یەکن. بەپێچەوانەوە، نەتەوە ئەو جەستەیەیە کە ئایین تیایدا دەژی. ئەگەر جەستە (نەتەوە) نەخۆش و ژێردەستە بێت، ڕۆح (ئایین)یش ناتوانێت گەشە بکات. نەتەوەکەت قەڵای ئایینەکەتە؛ ئەگەر نەتەوە نەبێت، ئایینیش دەبێتە دەستکەلای دەستی داگیرکەران. کورد دەبێت تێبگات کە خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوە لە بەهێزیی باوەڕەوەیە. پیرۆزیی کوردستان پێش هەموو شتێکە، چونکە ئەم خاکە دایکی ئێمەیە و بێڕێزیکردن پێی، بێڕێزیکردنە بەو زاتەی کە ئێمەی لەسەر ئەم خاکە بە کورد دروست کردووە.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە تاکی کورد بگەڕێتەوە بۆ ناو جەوهەری خۆی. مێژووی زمانە دێرینەکەی ئێمە، کە لە خودان و خواوەندەوە دەست پێدەکات، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە میللەتێکی خاوەن فەلسەفەی تایبەت بە خۆمان بووین پێش ئەوەی بێگانەکان بمانکەنە پاشکۆ. هەر نەتەوەیەک ئایینی خۆی نەخاتە خزمەتی نیشتمانەکەی، ئەوا ئایینەکەی دەبێتە ئامرازێک بۆ قڕکردنی خۆی. کورد دەبێت تێبگات ،کە هیچ پیرۆزییەک لە سەرووی نەتەوە نییە، چونکە بێ نەتەوە، نە مرۆڤ ئابڕووی دەمێنێت و نە خوداش لە مرۆڤی بێشکۆو کۆیلە ڕازی دەبێت. کوردستان ڕووگەی ڕاستەقینەی ئێمەیە و پاراستنی هەر بستێکی ئەم خاکە، پیرۆزترین پەرستشە کە مرۆڤی کورد دەتوانێت ئەنجامی بدات. کاتی ئەوە هاتووە نەتەوە بخەینە سەرووی هەموو پیرۆزییەکان و نەیەڵین دوژمنان بە ناوی پیرۆزییە دەستکردەکانەوە، ئەم خاکەمان لێزەوت بکەن و گەنجەکانمان بکەنە سووتەمەنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. کوردستان شکۆی ئێمەیە و ئەم پیرۆزیی و دیارییە خوداییە، بە هیچی تر ناگۆڕدرێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا