
بۆ: خانەوادەی شاعیری ناوداری گەلەکەمان "د. ڕەفیق سابیر"
بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعیی عێراق شاعیری ناوداری گەلەکەمان دکتۆر "ڕەفیق سابیر"مان پێگەیشت. ئەم کۆچە لەناکاوە نیگەرانی کردین و لە ناخەوە دڵتەنگی کردین.
ناوبراو لە ٥ی تەممووزی ١٩٥٠ لە شاری قەڵادزێ لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لەوێ تەواو کردووە. لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٤ لە زانکۆی بەغدا، کۆلێژی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندووە. لە هاوینی ساڵی ١٩٧٢ تا ئەیلوولی ١٩٧٨ وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» لە بەغدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٦ یەکەمین کۆمەڵەهۆنراوەی بە ناوی «پشکۆکان دەگەشینەوە» لە بەغدا بڵاو بووەتەوە. دواتر لە نیسانی ١٩٧٩ بووەتە پێشمەرگەی حزبی شیوعیی عێراق.
ئێمە لە مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان، هاوخەمیی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسەی ئەم شاعیرە ناودارە بە پرسەی خۆمان دەزانین. هیوادەخوازین ئەم کۆستە دوایین ناخۆشیی بنەماڵە بەڕێزەکەی بێت.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان
٢٨ / ٢ / ۲۰۲٦