
ئەحمەد ڕەمزی کۆپەرلو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، لە پەیامێکی کراوەدا کە ئاراستەی هاوپەیمانە ستراتیژییەکان و پێکهاتەی عەرەبی کردووە، ڕەخنەی توند لە هەوڵەکانی قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی پۆستەکان لە پارێزگاکە دەگرێت و هۆشداری لە تێکدانی هاوسەنگی دەدات.
لە ئەیامەکەیدا، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام پۆست و شایستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان کە دەستوور مسۆگەری کردوون، کراونەتە ئامانج. ڕوونیشی کردووەتەوە کە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا، لایەنی عەرەبی دەستی بەسەر زیاتر لە سێ پۆستی شایستەی ئەواندا گرتووە.
کۆپەرلو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە درێژکراوەی ئەو زنجیرە گۆڕانکارییانەن کە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، ڤێتێرنەری، و پۆلیس و دامەزراوەکانی دیکەدا کراون.
هاوکات، ناوبراو ڕەخنەی لە بەکارهێنانی قووڵایی عەرەبی لە بەغدای پایتەخت گرتووە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە و هۆشداری داوە لەوەی کە بەردەوامیی ئەم ڕێکارانە کەلێنێکی گەورە لە نێوان پێکهاتەکان و نەوەکانی داهاتوودا دروست دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەحمەد ڕەمزی کۆپەرلو دووپاتی کردووەتەوە کە ئامانج لە ئاشکراکردنی ئەم بابەتە، هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی و پەرۆشییە بۆ هێشتنەوەی هاوبەشیی ڕاستەقینە و پاراستنی ئەو هاوسەنگییەی کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەپارێزێت و ئایندەی .پەیوەندییەکانی پارێزگای کەرکووک مسۆگەر دەکات