
ململانێی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل، بەریەککەوتنی دوو جەمسەری تەواو جیاوازە لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆژیای جەنگییەوە.
هێزی مرۆیی و سەربازی:
ئەمریکا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە کە پێکهاتووە لە نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار سەربازی چالاک. ئیسرائیلیش نزیکەی 170 هەزار سەربازی چالاک و زیاتر لە 465 هەزار سەربازی یەدەگی هەیە.
لە بەرامبەردا، ئێران هێزێکی گەورەی مرۆیی هەیە کە دەگاتە زیاتر لە 600 هەزار چەکدار ، سوپای نیشتمانی و سوپای پاسداران، جگە لە هێزەکانی بەسیج و دەیان هەزار چەکداری میلیشیا کرێگرتە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هێزی دەریایی و کەشتیگەل :
ئەمریکا بەهێزترین هێزی دەریایی جیهانی هەیە بە نزیکەی 290 کەشتیی جەنگیی زەبەلاح، لەوانە 11 فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی، زیاتر لە 70 تێکشکێنەر و نزیکەی 68 ژێردەریایی ئەتۆمی. ئیسرائیل هێزێکی دەریایی بچووک بەڵام پێشکەوتووی هەیە بە نزیکەی 65 کەشتیی جەنگی، کە دیارترینیان 5 بۆ 6 ژێردەریایی پێشکەوتووی جۆری (دۆلفین)ن و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
لە بەرامبەردا، هێزی دەریایی ئێران کە پێکدێت لە سوپا و پاسداران خاوەنی کەمتر لە 10 کەشتیی جەنگیی گەورەیە و زیاتر پشتی بە شەڕی ناتەریب بەستووە، بۆ ئەمەش خاوەنی زیاتر لە 250 بەلەمی خێرای سەربازی، مووشەکهاوێژی بچووک، و نزیکەی 19 ژێردەریایی بچووکە وەک جۆری غەدیر و کیڵۆ کە تایبەتن بە کۆنترۆڵکردنی ئاوە تەنکەکانی وەک گەرووی هورمز.
هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژیا:
لێرەدا جیاوازییەکە لە لووتکەدایە. ئەمریکا بە زیاتر لە 13 هەزار فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەم (وەک F-22 و F-35) و ئیسرائیلیش بە زیاتر لە 600 فڕۆکەی پێشکەوتوو، کۆنترۆڵی ڕەهای ئاسمانییان هەیە. بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران زۆربەیان کۆنن (وەک F-14 و MiG-29) و ژمارەیان لە 500 تێپەڕ ناکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، ئێران پشتی بە بەرهەمهێنانی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆنی شاهید) بەستووە.
چەک و جبەخانەی مووشەکی:
ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمین و پشت بە چەکی زیرەک و سیستەمی بەرگریی زۆر پێشکەوتوو دەبەستن وەک پاتریۆت، ساد، قوبەی ئاسنین و ئارۆ. لە بەرامبەردا، خاڵی بەهێزی ئێران بوونی گەورەترین جبەخانەی مووشەکیی بالیستییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک فاتیح، خەیبەر و سەجیل، کە دەتوانن بگەنە قووڵایی خاکی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەواڵگری:
دەزگاکانی (CIA)ی ئەمریکی و (مۆساد)ی ئیسرائیلی بە یارمەتیی زیرەکیی دەستکرد، مانگە دەستکردەکان و سیخوڕیی ئەلیکترۆنی لە لووتکەی توانادان، لە کاتێکدا هەواڵگریی ئێران بە دیاریکراوی فەیلەقی قودس، زیاتر پشتی بە شەڕی ناتەریب، تۆڕە مرۆییەکان و میلیشیاکان، هەروەها توانایەکی بەرچاوی هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەر) بەستووە بۆ وەڵامدانەوەی نەیارەکانی.