
نووسین: شكۆ خدر
هەولێر — هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار بەشداریی لە هەڵسەنگاندنێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتیدا کرد، بهڵام بهپێی ئهنجامه بڵاوكراوهكان، سیستهمی پهروهردهی ههرێم له قهیرانێكی گهورهیه . یازده ڕۆژ دوای ئەوەی ڕێکخراوی
هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) ئەنجامی (PISA 2025)ـی بڵاوکردەوە و هەرێمی کوردستان پلەی ٨٧ـی هێناوه لە کۆی ٩١ بەشداربوو، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێم هێشتا هیچ ڕاگهیهنراوێكی فەرمی لەسەر ئەنجامەکە بڵاونەکردووەتەوە. لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردە لە دوای قهبووڵكردنی بەشداریی هەرێمی کوردستان لهم ههڵسهنگاندنه وهك '' یەکەمین و باوەڕپێکراوترین هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی" باسی كردبوو. یهكشهممه زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکە و ڕێکارەکانی داهاتووی خوێندن لە ساڵی نوێدا.
تاقیکردنەوەی PISA چییە و ژمارەکان دەڵێن چی؟
هەرێمی کوردستان پار ساڵ بەشداریی لە "پڕۆگرامی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی قوتابیان" كرد، كورتكراوهكهی (PISA)یه، کە تاقیکردنەوەیەکه ههر سێ ساڵ جارێك دهكرێت و ئاستی لێهاتوویی و زیرهكیی قوتابیانی تەمەن ١٥ ساڵ لە ٩١ وڵاتدا دهپێوێت، بهتایبهت له ههر سێ بواری خوێندنەوە، بیرکاری و زانستدا. با بڵێین ئەم تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی توانای قوتابییە لە بەکارهێنانی ئەوەی فێری بووە لە جیهانی ڕاستەقینەدا. PISA ئهنجامی هەر تاقیکردنەوەیەک بە جیا بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بە کۆکردنەوە و دابەشکردنی هەر سێ بابەتەکە دهكرێت ڕێژهی ناوەند دەربهێندرێت.
ئەنجامەکە: ٥٧٣٢ قوتابی لە هەرێمی کوردستان کە نوێنەری ٩٣٦٠٠ قوتابی ١٥ ساڵ و ٢٥٩ قوتابخانە بوون لە ساڵی ٢٠٢٥ تاقیکردنەوەیەکەیان ئەنجامدا و تێکڕای نمرەی هەر سێ بابەتە سەرەکییەکە ٣٣٤ خاڵ بوو کە هەرێمی کوردستانی خستووهته پلەی ٨٧ لە کۆی ٩١ وڵات و ههرێمی بەشداربوو. تهنها کینیا (٣٢٧)، زامبیا (٣٢٥) و ڕواندا (٣١٠) نمرەیان له ههرێم نزمتره. هەرێمی كوردستان لە دوای وڵاتان یاخود هەرێمەکانی وەکو فەڵەستین (٣٥٤)، کۆسۆڤۆ (٣٤٩)، کەمبۆدیا (٣٦٥) و لوبنان (٣٦٠)ـەوە دێت.
بۆ تێگەیشتن لە قهبارهی ژمارەکان: تێکڕای ڕێژهی ناوەندی ڕێکخراوی OECD بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە بیرکاریدا ٤٦٣، لە خوێندنەوەدا ٤٦١ و لە زانستدا ٤٨٢ بووە. ڕێژهی ناوهندی تێکڕای هەرێمی کوردستان ١٣٤ خاڵ له ڕێژهی ناوهندی ڕێكخراوهكه كهمتره، كهلێنهكه ئەوەندە گەورەیە کە OECD لە شوێنێکی دیکەدا بە هاوتای چەندین ساڵ لە لەدەستدانی خوێندن وەسفی دەکات، چونکە نزیکەی ٣٠ خاڵ لە پێوەری PISAدا وەک ساڵێكی فێربوون هەژمار دەکرێت. بەو پێوەرە، تێکڕای ئاستی قوتابییەکی ١٥ ساڵان لە هەرێمی کوردستان وەکو قوتابییەکی ١١-١٢ ساڵانە بە پێوەری OECD.
لە هەرێمی کوردستاندا تەنانەت بە نزیکەیی هیچ قوتابیەک ئاستیێكی زۆر بهرزی (ئاستی پێنج و شهش) پێشکەش نەکردووە.
خۆتان دەتوانن لە ڕێگای ماڵپەری فەرمی OECD زانیاری و داتای نیگهرانكهری زیاتر لهبارهی سیستهمی پهروهردهییمانهوه ببینین ( https://shorturl.at/y0Dcv )
ئەم ژمارانە چی نیشان دەدەن و چی نیشان نادەن
تاقیکردنەوەی PISA لە هەرێمی کوردستان تەنها قوتابخانە گشتییەکانی گرتهوه کە %٨٠ی هەموو ١٥ساڵەکانی هەرێم دەکات و یەکەم جاریش بوو قوتابیانی هەرێمی کوردستان ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدهن بەپێی ڕێکخرای OCED. هەرچەندە ئەمە نابێتە بیانوو بۆ ئەو ئاستە نزمە، بەڵام هۆکارێکە بۆ ئەوەی بە وریاییەوە بەراوردی نمرە بە نمرەی هەرێمەکە بکرێت لەگەڵ ئەو سیستەمانەی کە مێژوویەکی درێژتری تاقیکردنەوە و ناردنی نوێنەری قوتابی جیاوازیان هەیە.
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بە بێدەنگی پێشوازیی لێ کرا
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تا ساتی نووسینی ئەم وتارە هیچ قسهیهكی لهسهر نهكردووه. ئەم بێدەنگییە بهزەقی پێچەوانەی ئەو وەسفە گەورەیەیە کە وەزارەت خۆی بۆ تاقیکردنەوەکەی كردبوو؛ لە ٢٣-٥-٢٠٢٤ لە هەژماری فهیسبووكی خۆیان نووسیویانه ''دەرئەنجامی شیکاری ئەو هەڵسەنگاندنە دەبێتە بەردی بناغەی ڕیفۆرمی پەروەردەیی.''
هەندێک هۆکاری زەق بۆ ئهم ئهنجامه
یەکەم- سیستەمەکە خۆی: هەر کەسێک لە هەر قوتابخانەیەکی هەرێمی کوردستان خوێندبێتی دەزانێت ئەگەر وانهكان ئەزبەر بکەیت، جا بێ ئهوهی لێیشی تێگهیشتبیت، دهكرێت دهربچیت و نمرەیهكی زۆر بەرزیش بێنیت. سیستەمێک کە پاداشتی دهرخكردن دەکات، وا له قوتابیان دهكات به تهنگ تێپهڕاندن و دهرچوونهوه بن نهك هزر و تێگەیشتن و لۆژیك.
دووەم- ئهنجامی خوێندن: بینینی هەزاران خاوەن بڕوانامەی بێکار و نەبینینی داهاتوویەکی ڕوونی خوێندن لەلایەن قوتابییەوە دەبێتە هۆی نائومێدیەک کە حەز و خولیای خوێندنی زۆر کەم دەکاتەوە یان هەر بە جارێک نایهێڵێت.
سێیهم- ''قەیرانی دارایی'': قەیرانی مووچە ١٠ ساڵ زیاترە كاریگهری خراپی كردووهته سهر وزە و توانستی مامۆستایان. فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان، بە مامۆستایانیشەوە، ساڵانێکە بەبێ مووچەی تەواو، مووچەی لێبڕاو یان موچەی دواکەوتوو کار دەکەن، کە سەرچاوەکەی بە وتهی حكوومهتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکی بودجەیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و داهاتی نەوت. ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی میدایی درەو لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا ئاشکرای کردووه کە لە کۆی ١٢٠ مانگی مووچە لە نێوان ناوەڕاستی ٢٠١٥ بۆ ناوەڕاستی ٢٠٢٥، فەرمانبەران تەنها ٥٤ موچەی بێ لێبڕینیان وەرگرتووە و بۆ ماوەی ١٨ مانگ بەتەواوی بێ مووچە بوون و ٤٤ مانگی دیکەش تەنیا بەشێکی مووچەکەیان وەرگرتووە، ئەمەش بووەته هۆی خۆپێشاندان و بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن و زەرەرمەندیش قوتابیانی ئەم هەرێمەن کە PISA بە ڕوونی دهریخست.
تاقیکردنەوەی PISA بۆ دەرخستنی ئاستی قوتابیانە لەسەر ئاستی جیهان
ئهنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە چاک بێت یان خراپ بۆ ئەوە سوودبەخشە کە بزانرێت کەلێنەکانی سیستەمی پەروەردە چین تا چاک بکرێن. ئەنجامێکی خراپ وەک خاڵی دەستپێکە بۆ گفتوگۆیەک لەسەر ئەوەی هۆکار چی بووە و چی بكرێت بۆ چارهكردنی، پاشان ئەو گفتوگۆیە بەکاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگا بۆ وەبەرهێنان لە مامۆستایان، پڕۆگرامەکانی خوێندن و پشتگیریکردنی ئەو قوتابیانەی کە بارودۆخیان خراپە. بە نموونە وڵاتی کەمبۆدیا کە لە ساڵی ٢٠٢٢ خراپترین ئاستی هەبوو و لە کۆتایی ڕیزبەندیەکە بوو بە تێکڕای (٣٤٧) پلە لە تاقیكردنهوهی زانست بەڵام لە تاقیکردنەوەی ٢٠٢٥ ئاستەکەیان بەرزکردەوە بۆ (٣٨٢) پلە لە هەمان تاقیکردنەوە و بە خەمڵاندنی OECD بە ڕادهی زیاتر لە ساڵێکی خوێندن ئاستیان بەرز بووهتەوە. دەکرێت هەرێمی کوردستانیش سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرێت و بەخێرایی و لێزانانه گۆڕانکاری بکات لە سیستەمی پەروەردە. بەڵام ئەو حکومەتەی کە لەجیاتی گەڕان بە دوای چارەسەر ڕێگە دەدات ئەنجامەکە بێ لێدوان تێپەڕێت، ئەو دەرفەتە لەدەست دەدات. هەروەها دایکان و باوکان، مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن و ڕێکخراوەکانیش بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی جێدەهێڵێت سەبارەت بەوەی کە وەزارەت پێی وایە کێشەکە لە کوێدایە. نەبوونی ڕاگەیەندراو، بەتەنیا خۆی، ئەوە ناسەلمێنێت کە حکومەت هەوڵی خۆدزینەوە لە بابەتەکە دەدات. بەڵام بۆ وەزارەتێک کە بە شانازیەوە باسی بەشداریکردنی قوتابیانی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە PISA وەک نیشانەیەکی پێشکەوتن، بڕیاردان لەسەر قسەنەکردن لەسەر ئەوەی کە PISA بەکردەیی چی دەرخستووە، خۆی زۆر قسه ههڵدهگرێت.

