
ڕێگای کوردستان
لە دوو ڕۆژی ڕابردووداو لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیان پێکردووە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر هێزەکانی پاسداران و دامەزراوە هەستیارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو چڕبووەتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە لاوازکردنی توانای سەربازی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
بەپێی ووتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەلامارەکان بە چڕی کراونەتە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان، بەتایبەتی هێزەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوە هەستیارەکانی دیکەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
لەم هێرشانەدا زیانێکی گەورە بە ژێرخانی ئەمنی و سەربازی گەیشتووە و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و بەرپرسی پاسداران کراونەتە ئامانج و کوژراون.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەم هێرشە یەک لەدوای یەکانەوە، توانای کۆنترۆڵکردن و جووڵەی هێزەکانی ئێران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئیفلیجی و لاوازییەکی بێوێنە هاتووە، وێرانبوونی بنکە سنوورییەکان و ناوەندە ئەمنی و چەکداریەکان وایکردووە کە توانای بەرپەرچدانەوەی ڕژێم لەو ناوچانەدا بە تەواوی پاشەکشە بکات.
لەلایەکی دیکەوە، بە بۆچوونی شارەزایانی سەربازی و سیاسی، ئەم بۆشاییە ئەمنییە و لاوازبوونی دەسەڵاتی تاران، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ سەرپێخستنی ڕاپەڕینێکی جەماوەری و چەکداری لەدژی دەسەڵات لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخساندووە.
یەکگرتنی هێرشەکانی دەرەوە و لاوازبوونی ئاستی ئەمنیی ناوخۆ، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە بەردەم قۆناغێکی چارەنووسساز، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لەسەر زەوی.