
لە گەرمەی جەنگ و ململانێ توندەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، باشووری کوردستان کەوتووەتە ناوچەیەکی جوگرافی و سیاسیی زۆر هەستیارەوە.
لەم دۆخە ئاڵۆزدەدا هەرێمی کوردستان چۆن خۆی لە نێوان ئەم بەرداشەدا ڕزگار بکات و خۆی لە ئاگری ئەم جەنگە بپارێزێت؟
چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازی کۆکن لەسەر ئەوەی کە باشووری کوردستان پێویستە سیاسەتێکی هاوسەنگیی دیپلۆماسیی ورد، پەیڕەو بکات.
شارەزایان پێیان وایە، مامەڵەکردن لە نێوان واشنتۆن و تاراندا دەبێت لەسەر بنەمای بێلایەنی و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت.
ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا، کە خۆی بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی و دابینکەری پارێزبەندیی ئەمنی و سیاسیی بۆ هەرێم دەزانێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆشەگیرییەکی مەترسیدار کە ڕەنگە هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم دروست بکات.
لە بەرامبەریشدا، سەنگەرگرتن لە ئێران کە دراوسێیەکی هەمیشەییە و خاوەن هەژموونێکی گەورەی ئەمنی و سیاسییە لە عێراقدا، دەرئەنجامی کارەساتاوی لێدەکەوێتەوە، وەک هێرشی مووشەکیی بەردەوام، تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی، دروستکردنی پشێوی لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانییەوە و گەمارۆی ئابووری.
بۆ خۆپاراستن لەم جەنگە، چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک بەکارنەهێندرێت. شارەزایانی سەربازیش هۆشداری دەدەن کە هەرێم توانای بەرگەگرتنی جەنگێکی وێرانکەری نییە.
بەبۆچونی شارەزایان باشووری کوردستان نە دەتوانێت دەستبەرداری چەتری پارێزگاریی ئەمریکا ببێت، نە دەشتوانێت جوگرافیا بگۆڕێت و دژایەتی ئێرانی دراوسێ بکات. باشترین بژاردە بۆ هەرێم بریتییە لە یەکڕیزیی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکان، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی بەغدا، و خۆبەدوورگرتن لە چوونە ناو هەر بەرەیەک کە دژ بەوی تریان بێت.