
حزبی شیوعیی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا، دژایەتیی خۆی بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆمار عەبدولفەتاح ئەلسیسی دەربڕی و ڕایگەیاند، پێشنیازکردنی بەخشینی دەسەڵات بە "ئەکادیمیای سەربازی" بۆ دیاریکردنی شیاوێتی و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستووری و سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازیە بەسەر گەلی میسردا.
حزبی شیوعیی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێگەدان بە دەستوەردانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەبێتە هۆی سەربازیکردنی ژیانی سیاسی و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە دەرفەتی یەکسان، لە کاتێکدا ئەرکی سەرەکیی سوپا تەنها بەرگریکردنە لە نیشتمان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حزبی شیوعیی میسر جەختی کردوەتەوە، کە ئامادەکردنی سەرکردەی سیاسی لە ڕێگەی ئەکادیمیای سەربازییەوە نایات، بەڵکو بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، کردنەوەی کەشوهەوای ئازادی و سەربەخۆیی دادوەری دێتە دی، هەروەها دووپاتی کردوەتەوە گەلی میسر خۆی خاوەنی مێژووە و بڕیار لە دەستنیشانکردنی سەرکردەکانی دەدات.
