
گەر سەیری مێژوو بكەین، دەبینین چەندان نووسەر و فەیلەسوف و بیرمەند و شاعیر، بەو پەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە بەرە و مەرگ چوون و مردنیان كردۆتە دوا بژاردەی ژیانی خۆیان، بێ هیچ ترس و دوو دڵییەك. سوكرات، جامە ژەهرەكە دەخواتەوە، تۆخۆلسكی خۆی دەكوژێت، سادیقی هیدایەت بە هەمان شێوە، مەلا عەلی و دڵشاد مەریوانی، بەو پەڕی شكۆ و سەربەرزییەوە بەرە و پەتی سێدار دەچن و مێژووێك لە نەمری و قوربانیدان و خۆڕاگریی دەنووسنەوە! بۆیە نووسەری مەزن و مەرد لە مردن ناترسێت، بەڵكو مردن وەك درێژكراوەی پەنهایەكی دیكەی ژیان دەبینێت و لە ڕووی فیزیكییەوە دەمرێت، بەڵام وەك مێژوو، وەك ناو، وەك نووسین، هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە،. لەو سۆنگەیەوە كاتێ نووسەرێك دەیەوێت و بڕیاری ئەوە دەدات جیاواز بنووسێت و هێڵە سوورەكان ببەزێنێت، بێگومان دەبێ هەموو ساتێكیش، بێ ترس چاوەڕێی مەرگ بكات. كتێبی (چەقۆ) ی سەلمان ڕوشدی نووسەری ئایەتە شەیتانییەكان، ئەو ساتە دەگێڕێتەوە، كە چۆن لە ماوەی بیست و هەفت چركەدا، پانزە چەقۆی لێ دراوە و نزیك بوو ژیانی لەدەست بدات. ڕوشدی، بە وردییەوە ئەو ساتەو دۆخی جەستەیی و دەروونی خۆی باس دەكات، كە چەند ڕووداوێكی پڕ لە ترس و فۆبیا و شۆكهێنەر بووەوە وایكردوە، بۆ هەتا هەتایە چاوی ڕاستی لەدەست بدات و بكەوێتە تراوماوە. ئەوەی بۆمن وەك خوێنەرێك لە پەراوێزی ئەو گێڕانەوەیەدا جێگەی سەرنج بووە ئەوە بوو، كە ڕوشدی نووسەرێكە، زۆر لە مردن دەترسێت! بۆیە بەردەوام هاواری ژیانی كردووەو بە نزاو پەرۆش و پاڕانەوە، داوای لە پزیشكان كردووە ژیانی ڕزگار بكەن و نەمرێت، بۆیە بەدرێژایی كتێبەكە، هەر هاوارو نزای ژیان، ژیان، ژیانیەتی و بەردەوام پرسیار لە پزیشكەكان دەكات كە نامرێت و دەژیت؟! ئەم نووسەرە، چڵ ساڵ زیاترە، لە سۆنگەی فتواكەی خومەینی، دەكرێ بڵێین مردووە، ڕاستە دەژیت، بەڵام كاتێ كۆی ژیان بارگاویی دەبێت بە ترس و دوودڵی و بستێك لەو سەر زەمینە بۆی ئازاد نییە تا بە ئارامی تیایدا بژیت، ئایا ئەمە مانای مردن نییە؟ ژیانێكی گەمارۆدراو بە ترس و تۆقینی لەو شێوەیە، ئاخۆ شایەن بەوەیە مرۆڤ دەستی پێوە بگرێت؟ ڕوشیدی بەردەوام لە خەمی ئەوە دابووە، چۆن جارێكی دیكە هەستێتەوەو بژیت، من كە ئەو هەموو ترس و نابوێرییەی ئەو نووسەرەم لە هەنبەر مەرگ لە كتێبەكە خوێندەوە، سەیرم پێ هات نووسەرێك هەبووبێت كتێبی ئایەتە شەیتانییەكانی نووسیبێت ، كە هەر خۆی ساتی نووسینی كتێبەكە، بە مانای ساتی تۆماركردنی بەرواری مردنی خۆی دێت ! بۆیە لە كتێبی چەقۆدا، ئێمە لە بەردەم نووسەرێك نین، كە كتێبە بە نەفراتكراوەكەی نووسیبێت، بەڵكو لە بەردەم نووسەرێكی ترسنۆك و نابوێر داین. نووسەرە مەزنەكان لە مردن ناترسن، بەڵكو بژاردەیانە، ئەوان بە جەستە لە نێوامان نامێنن، بەڵام مێژوو، نووسینەكانیان بۆ هەتا هەتایە دەمێننەوە! مەگەر كەس دەتوانێت موزەەفەر نەواب و دڵشاد مەریوانی و مەلا عەلی لە بیر بكات، كە ڕۆژانە ئێمە لە بەردەم كاڵبوونەوەی مانا قووڵەكانی مردن و لەبیركردنی ئازیزانمان داین؟ دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە زمانی وەرگێڕانی كتیچبەكەش، زۆر هونەریی و سەركەوتوو نییە!
*پەراوێز: ناوی كتێب ك چەقۆ، نووسینی : سەلمان ڕوشدی، وەرگێڕانی/ ماردین ئیبراهیم، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم،
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە( 1437) لە 24/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.
