
🔻توێژەرێکی کاروباری عێراقی و ئەمەریکی پێیوایە سەردانەکەی زەیدی تەنها لە دیدار لەگەڵ ترامپدا کورت ناکرێتەوە
🔻هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە دیدارەکەدا گفتوگۆی ورد سەبارەت بە پلانی چەکماڵینی گرووپە چەکدارەکان کراوە یان نا
🔻ئەوەی لەو ژوورەدا ووترا، هیچ بەرپرسێکی تری عێراقی لە شاندەکە گوێی لێ نەبووە
لە بەیانی گەڕانەوەیدا بۆ بەغدا، عەلی زەیدی تەنها دەرئەنجامی ئەو هەفتەیەی کە لە نیویۆرک بەسەری بردووە لەگەڵ خۆی نەهێناوەتەوە، بەڵکو پرسیارێکی هێناوەتەوە کە لە مێشک و خەیاڵی هێزە شیعەکاندا دەسوڕێتەوە هەر لەو کاتەوەی بە تەنیا لەبەردەم دۆناڵد ترامپدا دانیشت.
ئەوەی لەو ژوورەدا ووترا، هیچ بەرپرسێکی تری عێراقی لە شاندەکە گوێی لێ نەبووە.
بەپێی هەندێک لێکدانەوە، ڕەنگە زەیدی سوور بووبێت لەسەر هێشتنەوەی وردەکارییەکانی گفتوگۆکە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا بە دوور لە چاوی ئەندامانی تری شاندەکە، لە ترسی دزەپێکردنی ناوەڕۆکی ژوورەکە بۆ ئەو هێز و گرووپە چەکدارانەی کە دژی پلانەکەی بوون لەسەر پرسی چەک.
لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پرسیار ئەوەیە کە زەیدی چی بیست و چی بەڵێنێکی دا و چی بەدەستهێنا بەرامبەر بە بەردەوامبوون لە پلانی تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی گرووپەکان؟.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (المدى)، پێدەچێت چوارچێوەی هەماهەنگی دانیشتنێک تەرخان بکات بۆ ئاگادارکردنەوەی سەرکردەکانی لە وردەکارییەکانی سەردانەکە و ئەوەی تێیدا ڕوویداوە.
لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ نیویۆرک، زەیدی تووڕەیی هەندێک لە هێزەکانی ورووژاند کاتێک دانی بەوەدا نا کە ئێران ڕێگری لە عێراق دەکات نەوت هەناردە بکات لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
لێدوانەکانی ڕۆبیۆ پەنجەرەیەکی بچووکیان کردەوە لەسەر ئەوەی چی ڕوویدا، پاش ئەوەی باسی لە ئەگەری هەڵوەشادنەوەی عێراق کرد ئەگەر پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان شکست بهێنێت.
ڕۆبیۆ ووتی، کە ترامپ و واشنتۆن باسی مۆڵەتی نوێیان بۆ تێکەڵکردنی چەکی گرووپەکان لەگەڵ زەیدی نەکردووە، کە باسی درێژکردنەوەی کرابوو بۆ ماوەی نۆ مانگ.
توێژەری ئەکادیمی، عەقیل عەباس لە لێدوانێکدا بۆ (المدى) باسی لەوە کرد، کە دیدارەکە نە سەرکەوتنی تەواو بووە و نە شکستێکی تەواویش، بەڵکو زەیدی توانیویەتی دڵنیایی بدات لە بەردەوامبوونی پشتگیری ئەمەریکا و دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی بۆ شەش یاخود نۆ مانگی داهاتوو دواخست بە جۆرێک کە کاتی زیاتری پێبدات بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوخۆ، بەڵام ئەم کاتە بێ مەرج و کراوە نییە چونکە ئەمەریکا دەیەوێت سەرۆکوەزیران بیسەلمێنێت کە توانا و ئامادەیی هەیە بۆ هەنگاوی جددی لە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکاندا.
هیچ پەککەوتنێک بۆ مووچە نییە، بەڵام سزاکان دەمێننەوە و واشنتۆن ڕەنگە کەسایەتی و لایەن و دەزگای پەیوەندیدار بە ئێران و نزیک لە گرووپەکان بکاتە ئامانج. دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، تاقیکردنەوەیەکی تری زەیدی دەرکەوت کە بریتییە لە بەردەوامبوونی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران و دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی بۆ بەدەستهێنانی جیاوازی کردن بۆ هەندێک فڕۆکەی ئێرانی.
توێژەری کاروباری عێراقی - ئەمەریکی، کاتۆ سەعدوڵڵا، سەردانەکەی زەیدی لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دەخوێنێتەوە. بە رای ئەو و ئەوەی بە (المدى) وتووە، سەردانەکە تەنها لە دیدارێک لەگەڵ ترامپدا کورت ناکرێتەوە؛ کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرفەت بە سەرۆکوەزیران دەدەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەڵام هەردوو دیدارەکەی لەگەڵ ڕۆبیۆ و ترامپ گرنگترین دەبن بۆ دۆسیەی عێراق.
سەعدوڵڵا دەڵێت، زەیدی پشتیوانیی ئیدارەی ترامپی هەیە، بەڵام نازانێت ئایا دیدارەکە گفتوگۆیەکی وردی لەخۆ گرتووە سەبارەت بە پلانی تایبەت بە چەکدماڵینی گرووپە چەکدارەکان یان نا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا زەیدی دەتوانێت بجووڵێت پێش ئەوەی مۆڵەتە نوێیەکە کۆتایی پێبێت.
