ڕێگای کوردستان

ماوەی ١٢ ڕۆژە ئاگری شەڕێکی وێرانکەر  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. پێکدادانی ڕاستەوخۆ و سەختی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێران، تەنها لە چوارچێوەی ئامانجە سەربازییەکانی یەکتریدا نەماوەتەوە. ئەم جەنگە کوێرانەیە سنوورەکانی بەزاندووە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان، بە جۆرێک هیچ لایەنێک دەست لە ژێرخان و بەرژەوەندییەکانی بەرامبەر ناپارێزێت.

لە سایەی ئەم وێرانکارییەدا، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش دەستەوەستانن؟
هۆکاری سەرەکیی ئەم ئیفلیجییە سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی مافی ڤیتۆ، لەبەر ئەوەی ئەمریکا خۆی لایەنێکی سەرەکیی شەڕەکەیە، ڕێگری لە هەر بڕیارێک دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و واشنتۆن نەکات. 
لە بەرامبەریشدا چین و ڕووسیا ڤیتۆی هەر پڕۆژەیەک دەکەن کە بە توندی دژی تاران بێت، ئەم ململانێیەی زلهێزەکان وایکردووە ئەنجومەنی ئاسایش توانای دەرکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە نەبێت.

سەرەڕای پەککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵەکانی نێوەندگیری بە تەواوی دانەخراون. لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و لە پشت پەردەوە، جوڵەیەکی دیپلۆماسیی چڕ لە ئارادایە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی زیاتری دۆخەکە و داڕمانی بازاڕی وزەی جیهانی.

لە ئێستادا وڵاتانی وەک سوڵتاننشینی عومان و قەتەر، کە مێژوویەکی درێژیان لە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی نهێنیی نێوان واشنتۆن و تاران هەیە، سەرکردایەتی هەوڵەکان دەکەن. هاوکات چین و چەند وڵاتێکی ئەوروپیش فشارەکانیان خستووەتە گەڕ. ئامانجی سەرەکیی ئەم نێوەندگیریە، سەرەتا ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتییە بۆ ڕاگرتنی بۆردومانە کوێرانەکان و دوورخستنەوەی وڵاتانی وەک عێراق لە بازنەی ئاگرەکە، تاوەکو زەمینە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان لایەنەکان بڕەخسێنرێت و ناوچەکە لە وێرانکارییەکی گەورەتر ڕزگار بکرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا