
سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند جەنگی ئێمەو ئێران كورتخایەن دەبێت و تا بەتەواوی تێكی نەشكێنین كۆڵ نادەین.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بۆ ڕزگاربوون بووە لە هەندێک کەس و لایەن، هەروەها دووپاتی کردەوە کە واشنتن کۆڵ نادات تا ئەو کاتەی دوژمن بە شێوەیەکی تهواو و یەکلاکەرەوە تێکدەشکێنرێت، تاوەکو جیهانێکی سەلامەتتر بێتە کایەوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەسپێکردنی هێرشەکان، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەوان سەد لە سەد دڵنیابوون ئەگەر پێشوەختە هێرش نەکەن، ئەوا ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا هێرشی دەکردە سەریان.
ئاشکرای کرد کە ئێران خاوەنی مووشەکێکی زۆر زیاتر بووە لەوەی مەزەندە دەکرا، هەروەها پلانیان هەبووە دوای هێرشکردنە سەر ئەمریکا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن و ئیسرائیل بکەنە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر فەرماندە و بەرپرسانی تاران و بە "سەرکردە تیرۆریستییەکان" ناوی بردن، کە بە وتەی ئەو زۆربەیان کوژراون یان ئێستا کات دەژمێرن بۆ کوژرانیان.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا گەشبینی خۆی نیشان دا کە ئەم جەنگە بە زوویی کۆتایی دێت و دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگییەکانی ناوچەکە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە پێویست بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەروەها دوای تێکشکاندنی هێزە نەیارەکان، قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری بۆ جیهان دەستپێدەکات.