هۆشیاری عەبدولعەزیز 


لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەی سەرمایەداری و قەیرانە قووڵە سیاسییەکانیدا، بەکاڵاکردنی مرۆڤ و بەتایبەت جەستەی ژن، تەنها دیاردەیەکی کلتووریی ڕووکەش و تایبەت نییە بە وڵات و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژێکی سیاسیی دەسەڵات بۆ خەساندنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی ژینگەیەکی ناهاوسەنگ. 
لەم هاوکێشەیەدا، دەوڵەت و بازاڕ پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بگۆڕن بۆ بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ و بێدەنگ. پیشەسازیی مۆدە و مۆدێلیش کە بەشێکە لەم سیستەمە و پرۆسەیەکی نەخشە بۆ کێشراوی ناو بازنەی چەوساندنەوەکەیە، تێڕوانینی سیاسیی ژن لە شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەوە دەگۆڕێت بۆ کێبڕکێ لەسەر ڕووکەش و جوانکاریی دەستکرد. ئەمە پرۆسەیەکی مەترسیداری بەسیاسەتکردنی بێهۆشییە، یان ڕاستر دیاردە و حاڵەتێکی چەواشەکاری کۆمەڵایەتییە کە تێیدا سیستەمی حوکمڕانی دەیەوێت سەرنجی هاووڵاتییان لەسەر قەیرانە بنەڕەتییەکانی وەک گەندەڵی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و داڕمانی ئابووری دوور بخاتەوە و لە ناو بازنەی بەکاربردنی قازانجدا بتوێنێتەوە.
لەم قۆناغەی ئابووریی بازاڕدا، وەک مارکسیزم ئاماژەی بۆ دەکات جەستەی ژن لە بوونەوەرێکی زیندووی خاوەن کەرامەت و ئیرادەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاڵایەکی بازرگانی کە لە بازاڕدا نرخ و بەهای پێ دەدرێت. مارکسیزم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چۆن سیستەمی سەرمایەداری هەموو بەها مرۆییەکان، لەوانەش جوانی و سۆز، دەکاتە دراوێک بۆ بەدەستهێنانی زیاترین قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە. لەم پرۆسەیەدا، کچە مۆدێل لە لایەکەوە دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەرهەمهێنانی خواست و پێویستیی دەستکرد، و لە لایەکی ترەوە خۆی دەبێتە قوربانیی دیاردەیەکی نامۆ، بە جۆرێک بوونی خۆی وەک کائینێکی بەهادار لە بیر دەکات و ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی خاوەن سەرمایە و دەزگاکانی ڕیکلامەوە.
بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە، سیستەمەکە پێویستی بە دروستکردنی پێوەرێکی ناتەواو و خەیاڵی هەیە بۆ جوانی، تاکو هەمیشە هەستی کەمایەتی لە ناو تاکەکاندا دروست بکات و ئەوان ناچار بکات سامان و وزەی خۆیان لە پێناوی کڕینی کاڵاکانی جوانکاری و پۆشاکدا خەرج بکەن. لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان تێڕوانینی فێمینیستیی لیبڕاڵ و مارکسیستیدا دەردەکەوێت؛ لە کاتێکدا لیبڕاڵەکان سەربەخۆیی ئابووریی کچە مۆدێل لەم پیشەسازییەدا بە نیشانەی ئازادی و سەرکەوتنی ژنان دەناسێنن، بەڵام مارکسیستەکان بە ڕەخنەگرتن لە پێکهاتەی بنەڕەتیی سیستەمەکە، ئەمە بە شێوازێکی نوێی کۆیلەکردنی مۆدێرن دەزانن و پێیانوایە ئەم پرۆسەیە مرۆڤ بۆ ئاستی شتومەکێک دادەبەزێنرێت و بەهای نامێنێ. کەواتە لەم تێڕوانینە کۆمەڵۆجییەدا،کچە مۆدێل کە بووەتە جۆرێک لە مۆدێلەکانی مۆبیلیات نەک نموونەی ئازادیی کەسی، بەڵکو لوتکەی نامۆبوونی مرۆڤە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا.
لە سەردەمی دیجیتالیزەبوونی سەرمایەداریشدا، تەکنەلۆجیا و داتاکانی سۆشیال میدیا بوونەتە مەکینەی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و بەردەوامیدان بەم نامۆبوونە سۆسیۆلۆژییە. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەی کە پێیوابوو  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها ئامرازێکی پەیوەندین و مرۆڤ دەتوانێ بۆ ئاسانکاری بەڕێوەچوونی ژیان بەکاریان بێنێت،  ئێستا ئەم تۆڕانە دەزگایەکی چاودێری و ڕێنماییکردنی کۆمەڵایەتین کە بەردەوام وێنە و پێوەرە ناتەواوەکانی جوانی دەکەنە ئامانج بۆ داگیرکردنی مێشک و کڕینی سەرنجی تاکەکان. لەم فەزا دیجیتاڵییەدا، کچە مۆدێل زۆر بەخێرایی دەبێتە پێشەنگی دروستکردنی خواستێکی درۆزنانە، کە تێیدا بەهای مرۆڤ تەنها بە پێی ژمارەی «لایەک» و بینەر هەڵدەسەنگێندرێت.
بۆیە کاتێک ئەم دیاردەیە بە سیستەمی سیاسی و ئابووریی شکستخواردووی هەرێمەوە گرێ دەدەین و کەمێک بە دیقەتتر ئاوڕێک لەو هاتووهاوارەی ئەم بابەتە دەدەینەوە، دەبینین ڕەهەندێکی کارەساتبارتر و دڕندانەتر بە خۆیەوە دەبینێت. چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژێرخانی ئابووری داڕماوە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوونی نییە، و دەسەڵاتی سیاسی تووشی قەیرانی شەرعییەت بووە، سۆشیال میدیا و بازاڕی مۆدێل بونەتە دیاردە و حاڵەتێکی نەشاز و ساختە بۆ لاوان و ژنان و ژیان لە ڕێگەی کلتووری سۆشیال میدیا و نمایشکردنەوە گۆڕاوە بۆ بازاڕێکی گەورەی بەکاربەر و هەموان چاویان لەو بازاڕە مەترسیدارەیە کە بزنسمانە سیاسییە چڵێسەکانی حیزبەکانی حوکمڕان بەرجەستەیان کردوە.
ئەم فەزا ناشیرینە، بەرهەمی سروشتیی ئەو دۆخەیە کە تێیدا کارەکتەرە چڵێسەکانی پرۆسەی حوکمڕانی، لە پێناو تێرکردنی حەزە نەخۆش و نەریتە مشەخۆرییەکانی خۆیاندا، ژینگەیەکی ناهەموار و کاولکراویان خولقاندووە. ئەم چینە سیاسییە دەسەڵاتدارە بۆ ئەوەی سەرقاڵی و کەیف و سەفای ناو باخ و ڤێلا حەرامکراوەکانی خۆیان گەرم بکەن، و بەهای مرۆیی کۆمەڵگە بشکێنن، ڕێگەخۆشکەر و دروستکەری دەیان کچە مۆدێل و سیستەمێکی جەستەفرۆشیی مەترسیدارن. ئەوان لەڕێگەی بەکاڵاکردنی ژن و خەساندنی بەهای ڕەسەنی ئینسانییەوە، بازاڕی سەرمایە و کەیف و سەفای خۆیانی پێ دەخەمڵێنن. سیستەمی حوکمڕانیی ناکارامە و گەندەڵیش ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەم کۆمەڵگە لە خەباتی سیاسی و داواکاریی مافە سەرەتاییەکانی دوور بخاتەوە، و هەمیش تاکی بەکاربەر لە ناو بازنەی خەیاڵ و ڕووکەشدا بتوێنێتەوە، تاوەکو تاوانە گەورەکانی دەسەڵات لە سایەی ئەم بەلاڕێدابردنە کۆمەڵایەتییەدا نادیار بمێنێتەوە و کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا