لە وتارەکەی پێشوودا شیکردنەوەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسیمان بۆ ئەو دووفاقییە کرد کە لە بیرکردنەوە و کرداری پیاواندا بەدیدەکرێن. حەز دەکەم لەم وتارەدا لە گۆشەنیگای مارکسییە هاوچەرخەکانەوە شیکارییەکی خێرا بۆ ئەم دووفاقییە بکەم. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم دووفاقییە تەنیا کێشەی ڕەوشتی تاک و هەڵەی هۆشیاری یان نائاگایی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کاریگەریی ئەو ئامرازە ئایدۆلۆژییانەیە کە دەوڵەت بەکاریان دەهێنێت و سیستەمی سەرمایەداری شێواز و فۆرمێک بە ئاگایی و هۆشیاریی تاکەکان نەخش دەکات، بە ئامانجی بەردەوامیی سیستەمەکە.

مارکس باس لەو نامۆییە دەکات کە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دروست دەبێت؛ مرۆڤ تووشی جۆرێک لە دابڕان و نامۆبوون لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەبێت، بەڵام ئەم نامۆییە تەنیا سنووردار نییە بە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئابووری، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ناو قووڵایی جیهانبینی و ڕەفتاری ڕۆژانەی تاکەکان. یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم نامۆبوونە لە جیهانی هاوچەرخدا، بریتییە لە دیاردەی "دووفاقیی لە نێوان بیرکردنەوە و ڕەفتار"ی پیاواندا؛ بەتایبەت ئەم جۆرە لە دووفاقیی کە تێیدا تاک لە ئاستی تیۆری و هۆشیاریدا بڕوای بە یەکسانی و دادپەروەری هەیە، بەڵام لە کردار و پرۆسەی ڕۆژانەدا ڕەفتاری پیاوسالارانە بەرهەم دەهێنێتەوە.

بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەم شیکردنەوە بۆ ئەو میکانیزمە شاراوانە بکەم کە چۆن سیستەمی سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیاکەی ئەم دووفاقییە دروست دەکەن و دەپارێزن. لە هەمان کاتدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: بۆچی پیاوانی ڕۆشنبیر (نەک تەنیا زۆربەی ڕۆشنبیرانی نەریتی، بەڵکو ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیش) یەکسانیخوازن، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و لەناو خێزاندا دەسەڵاتی پیاوسالاری بەرهەم دەهێننەوە؟ ئەی ئاخۆ ئەم دابڕانە لە نێوان تیۆری و پراکتیک و ئەم ئاگاییە لە کوێوە سەرچاوە هەڵدەگرێت؟ ئەمەش هەڵوێستەیەکی دەوێت.

یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی دیالکتیکی مارکسی ئەوەیە: "ئاگایی مرۆڤەکان، ژیانی مادییان دروست ناکات، بەڵکو ئەوە ژیانی مادی و کۆمەڵایەتییە کە ئاگاییان دیاری دەکات". پیاو بەگشتی (ڕۆشنبیر بەتایبەتی) لە کۆمەڵگەدا (جا هەر شوێنێک بێت) ئاگاییەکی دەستکرد لە هزری خۆیدا دروست دەکات کە ئەویش یەکسانیخوازی و ئازادیی ژنانە؛ ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی سەرمایەی سیمبۆڵی. بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی، دەچێتە ناو قاوغی بوونە مادییەکەی خۆی؛ دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو ماڵێکی گەرموگوڕ، خواردنی ئامادەکراو، ماڵێکی خاوێن... لێرە پێداویستیی جەستەیی و مادیی پیاوەکە ئەمەی دەوێت تاوەکو وزەی کارکردنی بۆ ڕۆژی دوایی بۆ بەرهەم بهێنێتەوە. لەوانەیە هەڵوێستەمان پێ ئاسایی بێت گەر ژنەکە کار نەکات، بەڵام لە کاتێکدا ژنەکەی کار بکات و سەرچاوەی بژێویی خێزانەکە بێت، پیاوەکە هەر چاوەڕوانی هەمان ئەرکی لێ دەکات، لە کاتێکدا ئەویش پێویستی بە نوێکردنەوەی وزە هەیە. گەر خودی پیاو هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم حاڵەتە بکات، ململانێیەک لە نێوان بیرکردنەوە و ڕەفتارەکەیدا دروست دەبێت. بەپێی مارکسیزم، هەردەم بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی و مادی بەسەر هزردا سەردەکەوێت تا پێداویستییە جەستەیییەکانی خۆی دابین بکات؛ سەرچاوەی  ئەم بەژەوەندییە کۆمەڵایەتی و مادییە، لە کاری ناوماڵی ژنەوە وزە وەردەگریت. بەڵام گەر پیاوێک بخوازێت ئەو خزمەتگوزارییانە لە دەرەوەی ماڵ بکڕێت، دەبێت ٧٠٪ی مووچەکەی بۆ ئەوە تەرخان بکات. لەم کاتەدا بەرژەوەندیی پیاو لەوەدایە ژنەکەی لە ماڵەوە بێت و خزمەتی بکات. ئەم جۆرە خێزانانەش بۆ سەرمایەدار دەبنە کارگەیەکی بچووک بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار (بەتایبەتی لە کاتێکدا هێزی کاری ژن لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا پێویست نەبێت). بۆیە ژن لە سیستەمی باوکسالاری-سەرمایەداریدا ئەم کارە بە ناوی ئەرکی خێزان، گوڵی ماڵ، ژنێکی میهرەبان و وەک ئەرکێکی سەپێنراو ئەنجام دەدات.

بۆیە پیاو تەنانەت چەند یەکسانیخواز بێت یان دژی سیستەمی سەرمایەداری بێت، خۆی سوودمەند دەبێت لەم چەوساندنەوە ئابوورییەی کە دەرهەق بە ژن پەیڕەوی دەکات. هەرچەندە لە وڵاتانی سەرمایەداری و بەگشتی جیهاندا، پێداویستیی ژیان ئەوە دەخوازێت کە هەردووکیان بچنە بواری کارەوە تا پێداویستییەکانی ژیان دابین بکەن. بۆیە سیستەمەکە ناچاردەبێت کۆمەڵێ ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان مسۆگەر بکات. 

سیستەمی باوکسالاری-سەرمایەداری لە ڕێگەی پەروەردە، میدیا و ئایدۆلۆژیاوە بنەما و فۆرمی پیاوسالاری لە ناخی هەر تاکێکی کۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت، بەبێ ئەوەی تاکەکان (بە پیاو و ژنەوە) هەستی پێ بکەن (ئەلتۆسێر). جا هەر ئەم ئایدۆلۆژیایەیە کە هۆشیارییەکی ساختە دروست دەکات. پیاوانیش سوودمەندی مادیی کاری بێبەرامبەری ژنانن.

مارکس دەڵێت: "بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدار، لە هەموو سەردەمێکدا بیرۆکەی باڵادەستی کۆمەڵگەیە". بۆیە لە سیستەمی باوکسالاریدا، ئەم ئایدۆلۆژیایە کاری ناوماڵ بە کاری سروشتیی ژن دادەنێت، نەک بە کارێکی بەبەها. هەر بۆیە لە دیدی مارکسیزمەوە، ئەم دووفاقییە پێکهاتەیییەکە لە نێوان دروشمی هزریی سەرخان (دەستکەوتی سیمبۆڵی) و پەیوەندییە مادییەکانی ژێرخاندا؛ پیاو ئامادە نییە دەستبەرداری ئیمتیاز و کاری بێبەرامبەری ژن بێت.

مارکسیستە هاوچەرخەکان، وەک گرامشی و ئەلتۆسێر، تیشکیان خستە سەر پرسی ئایدۆلۆژیا، کولتوور و دەزگەکانی سەرخانی کۆمەڵگە؛ چونکە پێیان وابوو کە تەنیا گۆڕانی پێگەی ئابووریی ژن ناتوانێت ئاڵۆزییە ڕەفتاری و نەستییەکانی مرۆڤی هاوچەرخ شی بکاتەوە، بەڵکو ئەوان ئەم دووفاقییە دەبەستنەوە بە ئەنجامی ئاڵۆزییە ئایدۆلۆژی و کولتوورییەکانەوە. ئەلتۆسێر لەو باوەڕەدا بوو کە: "ئایدۆلۆژیا تەنیا هزر و بیرکردنەوەی ناو مێشک نییە، بەڵکو ئایدۆلۆژیا بوونێکی مادیی هەیە و لە ڕێگەی کرداری ڕۆژانەوە ڕەنگ دەداتەوە". سیستەمی باوکسالاری و سەرمایەداری تەنیا لە ڕێگەی پۆلیس و یاساوە کۆنترۆڵمان ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی "خێزان، قوتابخانە، ئاین و میدیا"وە وەک ئامرازی ئایدۆلۆژی کۆنترۆڵمان دەکەن. پیاوی ڕۆشنبیر لە ڕووی تیۆرییەوە گەلێک سەرچاوەی هەمەچەشن دەخوێنێتەوە کە کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوەی هەیە، بەڵام لە منداڵییەوە لەناو "ئامرازی ئایدۆلۆژیی خێزان و پەروەردە"دا گەورە بووە. خێزان بە شێوازێکی بێدەنگ و نەست، پێناسی "پیاوەتی" لە هزر و ناخی ئەم تاکەدا داڕشتووە. بۆیە ئەم پیاوە کاتێک بیر دەکاتەوە (ئاستی فکری)، دژی باوکسالارییە، بەڵام کاتێک ڕەفتار دەکات، ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی ناو نائاگایی چالاک دەبنەوە و دەستبەکار دەبن، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، هەمان ڕەفتاری باوکسالارانەی خێزانەکەی دووبارە دەکاتەوە.

بەڵام گرامشی لە گۆشەنیگایەکی ترەوە ئەم دووفاقییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە؛ جیاوازی لە نێوان ئاگایی فەلسەفی و عەقڵی باودا دەکات. باوکسالاری لە کۆمەڵگەدا بووەتە "هەژموون" و چووەتە ناو "عەقڵی باو"ەوە. پیاوی ڕۆشنبیر خاوەنی "ئاگایی فەلسەفی"یە کاتێک لە کۆڕێکدا یان لەناو گرووپێکدا قسە دەکات و کەسێکی یەکسانیخوازە، بەڵام کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە، عەقڵی باو (کە دەڵێت کاری ناوماڵ ئەرکی ژنە) کۆنتڕۆڵی ڕەفتاری دەکات. گرامشی دەڵێت مرۆڤی هاوچەرخ تووشی دابەشبوونی ئاگایی دەبێت: ئاگاییەک لەسەر زمان کە داوای گۆڕانکاری دەکات، و ئاگاییەک لە ڕەفتاردا کە بەستراوەتەوە بە هەژموونی باوکسالارییەوە.

لە کۆتاییدا، دیاردەی دووفاقیی لە نێوان بیرکردنەوە و ڕەفتاری پیاواندا، گرفتێکی دروستکراوی ئایدۆلۆژیی بونیادی سەرمایەداری و باوکسالارییە. هەتا ژێرخانی ئابووری، دابەشکاریی کۆمەڵایەتیی کار و سەربەخۆیی ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا نەیەت، ئەم دووفاقییەی پیاوی ڕۆشنبیر بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە. بیرکردنەوەی تیۆری تا ئەو کاتەی نەبێتە پراکتیکێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر، تەنیا وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی سیمبۆڵی لە کایەی گشتیدا باقی دەمێنێتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا