
وه‌لید عومه‌ر
گرێی ئۆدیب، وه‌ك چه‌مكێكی ده‌روونشیكارانه (میتاسایكۆلۆژی) له عه‌ده‌می زه‌ینی كوردییدایه. واته نه‌هاتووه‌ته ناو ئاگایی مرۆی كوردییه‌وه. گه‌ر كه‌مێك له خه‌ڵكی نوخبهییش تێی بگات، وه‌ك به‌ش تێی ده‌گات نه‌ك گشت. واته كۆی ئه‌و سیسته‌مه زاراوه‌ییه وه‌رناگرێت كه گرێی ئۆدیبی تیا ڕووده‌دات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه، چونكه ئیشی مرۆی بیرمه‌نده. بێ له‌وه‌ی بۆ هه‌موو نوخبه‌ش هه‌ر مایه‌ی هه‌رس نییه، بڕێكی له‌به‌ر تابۆی كه‌لتووری و بڕێكی تریش ڕه‌نگه سه‌رنجی ڕانه‌كێشێت. به‌هه‌رحاڵ، باسه‌كه‌مان لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه له‌سه‌ر نموونه‌یه‌كی واقیعی كه ڕۆژانی ڕابردوو ڕوویاندا و پێده‌چێت یه‌كه‌مجاریش بێت به‌و زه‌قییه ڕوویدابێت. ته‌نگژه‌ی چوارده‌وری نموونه‌كه و وه‌ڵامی بكه‌ره‌كانی ناو نموونهكهش پێكه‌وه دۆخێكی سه‌رنجڕاكێشیان خوڵقاند كه بۆ مرۆی كهلتورخوێن مایه‌ی ڕاوهستهیه.
خانمه گۆرانیبێژ سه‌نا به‌رزنجی و باوكی، یهكدوو دوێتیان بڵاوكرده‌وه كه په‌رچه‌كرداری لای خه‌ڵكه دیندار و نهریتپهرستهكه درووستكرد. بینه‌ری كورد ده‌زانێت ده‌قی گۆرانییه‌كه هه‌ندێك وشه‌ی تیا بوو كه هاوشانی كلیپه‌كان، ئه‌و جێكه‌وته‌ی درووستده‌كرد عاشقێك به‌سه‌ر ماشووقه‌ی خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێت. پێش هه‌موو شتێك بۆ منی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه، دوو خاڵ جێی سه‌رنج بوو: یه‌كه‌م، یه‌كه‌م جار بوو ببینم پرسی گرێی ئۆدیب به‌و ڕوونی و ڕاشكاوییه ڕووبدات، به‌ڵام ناوی لێ نه‌نرێت. دووه‌میش، هه‌ردوو به‌ره‌كه، به‌ره‌ی دینداران و خاوه‌نی كلیپه‌كان له یه‌ك بازنه‌دا مانه‌وه كه بازنه‌ی كه‌لتووره، به‌ڵام یه‌كیان دیوه دهمارگیرهكهی كه‌لتوور، ئه‌ویتریان دیوه نهرمترهكه (یان گه‌ر یه‌كڕاست بیبه‌ستین به ناواخنی باسه‌كه‌مانه‌وه، دیوه غافڵگیرهكه). ئه‌م دوو خاڵه، ئایدیاكهمان پێكده‌هێنێت: زه‌ینی كوردی، یان كه‌لتووری باڵاده‌ست نه‌یتوانی ناو له گرێی ئۆدیب بنێت. ئه‌م زه‌ین و كه‌لتووره، تا نیوه هات؛ هه‌ردوو لا هه‌ر تا نیوه هاتن. هۆكاره‌كه‌ش ڕوونه: نه‌ریتپارێزان، كه دین ناوكێكی دیاری نهریتهكهیه، پێشوه‌خته خه‌یاڵی له‌م جۆره به كوفر و گوناهـ ده‌زانن. ئاگایانه دیمه‌نی له‌و جۆره ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، كه پێشتر له سه‌دان و هه‌زاران كلیپدا، به قه‌ولی باوی خۆیان نێر و مێیه‌كی «نامه‌حره‌م»یان بینیوه. له‌م كلیپانهدا، دوو مه‌حره‌م ده‌بینن كه جووڵه و ژێستێك ده‌نوێنن له هی باو جیاوازتره. خاڵێكی تیۆریی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه پێگه‌ی بینه‌ری نه‌ریتپارێز-دیندار، پێگه‌ی بینهرێكه گیرۆده‌ی گرێی ئۆدیب بووه. واته بینه‌ری دینی، له پێگه‌ی بینه‌رێكه‌وه كاردانه‌وه ده‌نوێنێت كه پێشوه‌خت تووشی بووه. ئه‌و پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ پێگه‌كه‌ی خۆیدا له شه‌ڕدایه، و خۆی له گێچه‌ڵی پێگه‌یه‌ك ڕاده‌وه‌شێنێت كه نه‌ده‌بوو تێی بكه‌وێت.
له‌وه‌ش هه‌ستیارتر، شتێكی بیرخراوه‌ته‌وه كه نابێت بیری بخرێته‌وه. مسوڵمانیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی تر، به قۆناغی ساوایه‌تییدا هاتووه و به‌ناو قۆناغی ئۆدیبدا تێپه‌ڕیوه كه كوڕ و دایك، یاخۆ كچ و باوك (پێشتریش دایك) به‌ناو ته‌نگژه‌یه‌كی ده‌روونی و سێكسوالیی ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن. له گه‌وره‌ییدا، ئه‌م گرێیه ڕێچاری خۆی ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك شوێنه‌واری هه‌ر ده‌مێنێت و هه‌ركه‌س به ڕێژه‌ی خۆی گرێكه ههرسدهكات. مرۆ ده‌توانێت بچێت زۆر له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه بان ده‌روونییه گشتگیره بخوێنێته‌وه، بۆیه لێره‌دا هه‌ر هێنده ده‌ڵێین كه گرێكه ڕووداوێكی بونیادیی ناو سایكۆلۆژیای هه‌موو مرۆڤێكه و ئه‌م گیانه‌وه‌ره ڕه‌مزییه تێكڕا ده‌یچێژێت. به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تای داهاتنی ده‌روونشیكارییه‌وه، پرسێكی شووم و قه‌ده‌غه بووه بۆ دینه‌كان و نه‌ریته باوه‌كان و بگره دهروونناسیی باویش. شته‌كه بۆ كه‌لتوری كوردی و ڕۆشنبیریی كوردی، كه ئێستا ده‌روونناسییه‌كان یه‌كێكن له ڕه‌گه‌زه دیاره‌كه‌ی، قه‌ده‌غه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و دره‌نگ یان زوو دێته‌وه ڕێگای. كه‌واته كاردانه‌وه‌كان، به‌شێكی زۆریان كاردانه‌وه‌ی نهستهكیین به‌ڕووی ئه‌م ڕاستییه میتاسایكۆلۆژییهدا (به زمانی پسپۆڕی، جۆرێكن له "به‌رهه‌ڵستی”).
وه‌ڵامی به‌شدارانی ناو كلپیهكهش (باوك و كچ)، هه‌ر له بازنه‌ی كه‌لتوور تێنه‌په‌ڕی، كه ئاشكرایه تێشناپهڕێت. له ساتێكی وادا، بۆ هه‌ردوو لا قورس و بگره مه‌حاڵیشه دان به ڕاستیی له‌م جۆره‌دا بنێن. گه‌ر بۆ دینداره‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌كی ڕه‌ها و وێنانهكراو بێت، ئه‌وا بۆ لایه‌نی دووه‌میش هه‌ر عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و له هه‌ر كه‌لتوورێكی تریشدا به‌شی خۆی تابۆیه. وه‌ڵامی ڕێتێچووی ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه عه‌شقی كچ و باوك، نابێته عه‌شقی دوو ئه‌ویندار (له مانا پاتۆلۆژی و مهبهستدارهكهیدا). كه‌واته ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا ونه، ناونانه. ئه‌ویش كێ ناوی بنێت؟ دیاره ده‌نگێك كه بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو بهرهكهوه. ناونان له دونیای فیكردا، به‌گشتی ئیشی نووسه‌ر و بیرمه‌نده. ناونان، كه زۆرجار هه‌ر یه‌كسانه به كرده‌ی چهمكاندن، له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زا گشتی و ناڕهمسییهكهوه دێت. فه‌زاكه پتر ناتۆره دروستده‌كه‌ن، ته‌نز ده‌سازێنن، جنێو به‌رهه‌مدێنن و هتد. ئه‌وه‌ی له‌م نموونه‌یه‌دا ون بوو، خودی نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانیش بوو. چونكه به‌شی زۆری نوخبه‌ش، له‌ڕووی زه‌ینییه‌وه ناگه‌ن به‌و ئاسته‌ی كه دۆخێكی ده‌روونیی له‌م شێوه‌یه قبوڵ بكه‌ن. به ده‌ربڕینێكی تر، گرێی ئۆدیب بۆ زۆرینه‌ی به‌ره‌ی سێیه‌میش هه‌ر نامومكینه. نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانیش، عاده‌ته‌ن له‌م حاڵه‌تانه‌دا (كه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان تایبه‌تتر بوو) هه‌ر به میكانیزمه‌كانی كایه‌كه خۆی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه: یان كلیپێكی پشتگیری، یاخۆ نوسینێكی پاڵپشتی بۆ ئازادیی هونه‌ری.
كه‌واته لێره‌دا له‌به‌رده‌م جۆره ناونانێكی كه‌متازۆر قورسداین: گه‌رچی گرێی ئۆدیب فاكتێكی ده‌روونیی كه‌متاكوت ئاساییه له ده‌روونشیكاری دا، به‌ڵام له وه‌ختی گۆكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئاسان نیه. ده‌روونشیكاری ناڵێت كچ و باوك به‌و واتایه كۆمه‌ڵایه‌تییه باوه، عه‌شقێكی سێكسییان بۆ یه‌كتر هه‌یه. به‌ڵكو كۆی پرسی سێكسوالیته له بنه‌وه هه‌ڵده‌كۆڵێت كه له ساوایه‌تییه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له گه‌وره‌ییشدا له‌ناو سیاقێكی ئاڵۆزتردا شوێن پێكانی هه‌ڵده‌گیرێت. فه‌زای كه‌لتوریی باڵاده‌ست، له‌و ورده‌كارییانه تێناگات و نابێت تێشبگات، چونكه له‌ڕاستییدا سیسته‌مه زهینییهكه داده‌ڕووخێت. واته گه‌ر كۆی سیسته‌می ده‌روونشیكاری قبوڵ بكرێت، ئه‌وا زۆر سیسته‌می عه‌قیده‌یی و ئایدۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی تووشی داخورانی ناوه‌كی ده‌بێت. گرێی ئۆدیب، ته‌نیا چه‌مكێكی ڕاگوزه‌ر نییه؛ به‌ڵكو گرێدراوه به سیسته‌مێك چه‌مكی تره‌وه كه پیرۆزییه باوه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
گه‌ر وابێت، ڕێچار چییه؟ له‌ڕاستییدا ڕێچار بریتییه له كێشه و ته‌نگژه‌كه خۆی. هه‌ر كه‌لتورێك به كۆمه‌لێك ته‌نگژه‌ی جدی و پرسیاری شێلگیردا نه‌ڕوات، مامه‌ڵه‌ی نوێش داناهێنێت. دوو لایه‌نی ناو نمونه‌كه (بگره سێ لایه‌نیش)، له‌و ناونانه تراوماییه نزیك نه‌بوونه‌وه كه له فیكری خۆرئاواییدا ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا نهرمكراوه. گه‌ر بۆ مرۆڤێكی نه‌ریتی، شته‌كه تراومایی بێت؛ و بۆ به‌شدارانی هونه‌ریی ناو كلیپێك جێی بڕوا نه‌بێت، و بۆ نووسه‌رانیش جووڵه‌یه‌كی زه‌ینیی نوێ نه‌خاته‌وه؛ ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه سه‌ركێشییه‌كی پێشوه‌خت ئه‌رێنییه بۆ ئه‌وه‌ی فیكر ئه‌ركی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت كه زۆرجار ناونانه. له دۆخی وادا، زیان به كه‌س ناگات و مهرامهكهش بزۆكیی ناوه‌كیی عه‌قڵ خۆیه‌تی دێته‌گۆ نه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌بر به لایه‌نێك بگه‌یه‌نرێت. پاش هه‌ندێك ناونان، ده‌كرێت مافی هه‌مان چركه‌سات بدرێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی بسڕدرێته‌وه. بۆ وێنه، گرێی ئۆدیب چیتر به‌و مانایه نایه‌ت كه هیچ كچ و باوكێك یه‌كتریان خۆشنه‌وێت؛ به‌ڵكو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت هه‌نگاوێك بچینه پێشه‌وه و بڵێین: ده‌بێت تراوما فیكرییه‌كان قبوڵ بكه‌ین، تا ئه‌وه‌ی ده‌بنه ئه‌ویتر، ده‌بنه شتێكی تر و ئیدی كه‌س شه‌رمه‌زار ناكات. به‌م پێیه، ئه‌م نموونه‌یه ده‌ریده‌خات گرێی ئۆدیب تا نیوه هاتووه. نه ناونراوه، نه ئاگایی كه‌لتوری و ڕۆشنبیرییش ڕێده‌دات بێته سه‌ره‌وه.
له كۆتاییشدا، ئه‌و گرفته بیری خۆمان ده‌خه‌ینه‌وه، كه ئێمه لۆژیكی ده‌روونی و لۆژیكی كۆمه‌ڵایه‌تی تێكه‌ڵ به یه‌كتری ده‌كه‌ین. زۆرجار هه‌ر به زاراوه و وێنا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه، ژێرخانه دهروونییهكهش تێده‌گه‌ین. كه ده‌ڵێین باوك، ئیدی مه‌به‌ستمان باوكی بایۆلۆژیی ناو خێزانه نه‌ك ئایدیای باوك كه له لۆژیكی ده‌روونی دا شتێكی بهراییتر و ڕیشه‌ییتر و بگره بێلایهنتریشه بۆ بیركردنه‌وه. ئه‌م گرفته، ڕووبه‌رێكی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین...
