بەهۆی پاشەکشەی بەردەوامی کەرتی کشتوکاڵ، بێدەنگیی حکومەت بەرامبەر بە ساغ نەکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان (بەتایبەت سستی لە وەرگرتنی گەنم)، و سەپاندنی بارگرانیی وەک گرانیی کارەبا و باج بەسەر جووتیاراندا؛ لێژنەی تایبەتمەندی جوتیارانی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان ئەم بانگەوازە ئاڕاستەی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکان دەکات، بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو لە پێناو مسۆگەرکردنی مافەکانی جووتیاراندا.
​بانگەوازێک لە لایەن لێژنەی تایبەتمەندیی جوتیارانی هەولێری حزبی شیوعیی کوردستانەوە
​بۆ ڕای گشتی
بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
​کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە و جووتیاران تووشی نائومێدییەکی گەورە کراون. ئێمە لە لێژنەی تایبەتمەندیی جوتیارانی هەولێر، پشتگیریی تەواوی داخوازییە ڕەواکانی جووتیاران دەکەین.
​مایەی داخی قووڵە کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە بەرپرسیارێتی لاداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی (ئیجابی) بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان نابینین؛ بەتایبەتیش ئەو خاوبوونەوە و سستییەی لە پرۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمدا هەیە، کە مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست دەکات.
​ئەم دۆخە خراپەی جووتیاران لە کاتێکدایە کە بارگرانیی تریان بەسەردا سەپێنراوە، وەک: گرانبوونی نرخی ئەمپێری کارەبا و زیادبوونی باج.
 لە لایەکی تریشەوە، جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە نێوان دوو بەردی ئاشدا دەهاڕدرێن و زیانی زۆریان پێدەگات.
​ئێمە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لە ئاست بێباکی و خەمساردیی دەسەڵات بەرامبەر بەم کەرتە نیشتمانییە گرنگە، دەنگمان هەڵدەبڕین و بانگەوازی سەرجەم خوشک و برا جووتیارەکانمان دەکەین و پێیان دەڵێین: «وەرن پێکەوە ببینە هێزێکی بەرهەمهێن و یەکگرتوو، چونکە تەنیا بەو هێزە دەتوانین مافەکانمان مسۆگەر بکەین.»
​لە کۆتایی ئەم بانگەوازەدا ڕایدەگەیەنین:
​یەکە یەکەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەخەینە بەردەم ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە.
​پێویستە بەپێی یاسا لێپرسینەوە لەگەڵ کەمتەرخەمەکاندا بکرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
​ئێمە لەسەر فشاری مەدەنیی بەردەوام دەبین تا بەدیهاتنی تەواوی داخوازییەکان.
​تایبەتمەندیی جووتیارانی هەولێر
حزبی شیوعیی کوردستان
حوزەیرانی ٢٠٢٦ 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا