
بە خەمێکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنین، ئەمڕۆ شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، پێشمەرگەی دێرین و فەرماندە و زیندانی سیاسی، هاوڕێ سوبحی خدر حجو ناسراو بە ئەبو سەربەست، دوای دە ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد، حزبمان هاوڕێیەکی قاڵبوەوەی تێکۆشان و خۆڕاگری لەدەستچوو.
هاوڕێی کۆچکردوو لە ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی بەحزانی لە دایکبووە، لە تەمەنی نەوجەوانیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقەوە کردووە، لە کودەتای شومی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣ دەستگیر کراوەو دوای دەرچوونی لە زیندان پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی حزب کردووە.
یەکێک بووە لە دەستەی هاوڕێیانی پێشەنگ بۆ دووبارە، دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە ساڵی ١٩٧٨دا.
هاوڕێیەکی ئازا و فەرماندەیەکی خاوەن ئەزموون و پشوودرێژ و خۆڕاگر بوو، سەرکردایەتی چەندین مەفرەزەی کردووە لە سنووری شێخان و زێبارەتی و ئاکرێ، ئەندامی مەکتەبی سەربازی و فەرماندەی بەتالیۆنی سێ بووە لە مەڵبەندی بادینان.
لە ساڵی ١٩٨٨ و لەدوای ئەنفالی بادینان لەسەر بڕیاری حزب دەچێتە سووریا، لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگە دەبن دەگەنە شاری زاخۆ و ئازادی دەکەن لە چنگی بەعس.
لە ئەنفالی بادینان، هاوسەر و کچ و کوڕەکانی، دەکەونە بەر ئەم شاڵاوەی جینۆساید، یەکێک لە ئاواتە بەدینەهاتووەکانی هاوڕێ ئەبو سەربەست، دۆزینەوەی گۆڕی هاوسەر و جگەرگۆشەکانی بوو.
لە ساڵانی دوای راپەڕین دەبێتە سکرتێری کۆمیتەی پارێزگای نەینەوا، هەروەها ئەندامی کۆمیتەی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق بووە.
دواتر لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت و هەمیشە دڵی لای حزب و کوردستان و گەلەکەی دەبێت و بەداخەوە بە کۆمەڵێک خۆزگە و ئاواتەوە بۆ ئازادی گەل و کوردستان سەری نایەوەو ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد.
گیانی هاوڕێ سوبحی خدر حجو ـ ئەبو سەربەست، شاد و سەرفرازبێت.
یاد و بیرەوەری بۆ هەمیشە بەڕێز و شکۆوە بەرزڕادەگرین.
حزبی شیوعی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
٦-٦-٢٠٢٦
