ڕاپۆرت / هاوڕێ کرێکار
ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە درەنگ دەستی پێکرد؛ ئەمەش جووتیارانی نیگەران کردووە. جووتیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم هاوکاریی نەکردوون و چارەنووسی پارەکانیشیان نادیارە. هاوکات بەرپرسێکی حکومییش ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە سایلۆی گەرمیان ١٤ ملیار دیناری جووتیاران قەرزارن.

ئاسۆ حەسەن: حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری نەکردووین
ئاسۆ حەسەن، جووتیارێکی دانیشتووی گەرمیانە و بە نیگەرانییەوە وتی:
"گەرمیان تایبەتمەندیی کەشوهەوای لەگەڵ ناوچە جیاجیاکانی تری هەرێم جیاوازە، بەڵام لەگەڵ خوارووی عێراق وەک یەکە. بۆ نموونە، ئێمە لە ١١ی ئایاردا درۆینەمان کردووە، کەچی ئێستا دوای مانگێک حکومەت تازە گەنمەکە وەردەگرێت. کێشەیەکی تر ئەوەیە لە دۆنمێکدا تەنیا ٩٠ کیلۆ وەردەگرن؛ واتە ئەگەر ٦٠ تۆنت هەبێت، تەنیا ٧ تۆنت لێ وەردەگرن، دەبێت ٥٣ تۆنەکەی تر لە بازاڕی ڕەشدا ساغ بکەیتەوە. لە بازاڕدا باشترین گەنم تۆنی بە ٣٥٠ هەزار دینارە، لە کاتێکدا لەسەر جووتیار بە ٣٨٠ هەزار دینار کەوتووە، چونکە مەسروفاتی وەک تۆم، کیمیایی، دەرمان و گاز هەمووی گرانە." 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە جیاوازیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد و وتی:
"لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاوکاری و پاڵپشتیی جووتیاران دەکرێت، بەڵام لە کوردستان حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری جووتیار ناکات، تەنانەت لە کاتی بردنی گەنم بۆ سایلۆکان، لە بازگەکاندا گرفتمان بۆ دروست دەکەن."
هەروەها باسی لەوەش کرد: "دەخوازین حکومەت و سایلۆکان ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران زیاد بکەن. بە هیچ شێوەیەک سوودی نییە بۆ جووتیارێک کە چوار بۆ پێنج تۆنی هەبێت. لە گوندەکەی ئێمە بەهۆی ئەم مەرجانەوە یەک جووتیار گەنمی نەهێناوە بۆ سایلۆ و هەمووی لە بازاڕدا فرۆشراوە. ساڵی ڕابردوو ٥٥ تۆن گەنمم داوەتە سایلۆ، بەڵام تا ئێستا پارەکەم وەرنەگرتووە، ئەمساڵیشی هاتە سەر و چارەنووسی هەمووی نادیارە."
لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: "بە هیچ شێوەییەک شوێنپەنجەی حکومەتی هەرێم لە هاوکاریکردنی جووتیاراندا دیار نییە، بابێن دەست بخەنە سەر چاوم ئەگەر ڕاست ناکەم. لە خوارووی عێراق هەموو کارئاسانییەک بۆ جووتیار هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نییە. بۆ ساڵی داهاتوو بە هیچ شێوەیەک گەنم ناچێنم؛ جۆ بۆ ئاژەڵە و تۆنی بە ٦٠٠ هەزارە، بەڵام گەنم کە بۆ مرۆڤە بە ٣٥٠ هەزارە!"
بازرگانێک: پارەی خەڵک قەرزارم؛ بەرپرسانی کوردیش لە بەغدا خەمی خەڵکیان نییە
کەریم مەحمود، بازرگانێکی دەڤەری گەرمیانە و لەمبارەیەوە وتی:
"پارەی ٦٠ تۆن گەنمم لای حکومەتی عێراقە و چارەنووسی نادیارە. ئەمساڵیش گەنمی جووتیارانم کڕیوەتەوە و پارەی جووتیارەکان قەرزارم، خۆشم قەرزێکی زۆرم کردووە بۆ ئەوەی بتوانم بەشێک لە پارەی جووتیاران بدەمەوە."
وتیشی: "نیگەرانم لە حکومەتی هەرێم و کاربەدەست و پەرلەمانتار و نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا؛ چونکە تا ئێستا نەیانتوانیوە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و خەمێک لەم هەموو جووتیارە بخۆن، تا بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە بکەن کە لای حکومەتە و کێشەی ئەم خەڵکە چارەسەر بکەن."
بەرێوەبەری سایلۆی گەرمیان: ١٤ ملیار دیناری جووتیاران لای سایلۆیە
کاروان ڕەووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان بە (ڕێگای کوردستان)ی ڕاگەیاند:
"سیستەمی سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی بووەتە گرفت بۆ جووتیاران. لە ئێستادا ١٤ ملیار دیناری (ساڵانی ڕابردووی) جووتیاران لای سایلۆی گەرمیانە و تا ئێستا حکومەتی عێراق کاتێکی دیارینەکردووە بۆ سەرفکردنی، بەم پێیەش چارەنووسی پارەی ئەمساڵیش نادیار دەبێت."

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا