
ڕێگای کوردستان
ڕۆژی ۲٨ی ئایار، شاندێکی هاوبەشی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق سەردانی پەیکەرو شەقامی شەهید سەلام عادلیان کرد، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا.
شاندەکە پێکهاتبوو لەهاوڕێیان هیوا عومەر جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و عەلی ساحب ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق.
لە سەردانەکەدا، شاندەکە چەپکە گوڵی ڕێزو وەفایان لەسەر پەیکەرەکە دانا.
ئەم پەیکەرە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەک ڕێزێک لە خەبات و تێکۆشانی شیوعیەکانی عێراق و ڕۆڵی قارەمانانەی شەهید سەلام عادل سکرتێری شەهیدکراوی حزبی شیوعی عێراق درووستکراوە.
شەهید سەلام عادل لە ساڵی ۱۹٥٥ بەسکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق هەڵبژێردرا، لە دوای لێکترازان و جیابوونەوەکان، سەرکەوتوو بوو لە یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حزبی شیوعی، و ڕۆڵێکی میحوەری و سەرەکی گێڕا لە ڕەوتی بزووتنەوەی نیشتمانیدا.
لە کودەتا شومەکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣، لەلایەن کودەتاچی و حەرەس قەومیەکانەوە دەستگیرکرا. لەناو قەسری نیهایە لە بەغدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر سەخت و دڕندانە بووەوە، بەڵام بە خۆڕاگرییە ئەفسانەییەکەی و ڕەتکردنەوەی سازشکردن لەسەر پرەنسیپەکانی ناوبانگی دەرکرد، ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی لە ٦ی ئاداری ١٩٦٣دا.
