
بەڕێزان بنەماڵەی هاوڕێی کۆچکردوو، ئیدریس شێخۆ وەهاب ئەحمەد بەقاڵ
بەڕێزان- بۆتان ، سۆران ، گۆران ، سیڤان ئیدریس شێخۆ
بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و تێکۆشەری شیوعی، کەسایەتیی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و زیندانیی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و وەرزشوانی دیاری شاری هەولێر، (ئیدریس شێخۆ)مان پێگەیشت.
هاوڕێ ئیدریس شێخۆ لە ماوەی ژیانیدا، لە کاری ڕێکخستنی حزبی و ڕێکخراوەیی لە یەکێتی گشتی قوتابیاندا و پاشان پێشمەرگایەتی لە دوای کودەتای شومی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣ و چوار جار زیندانیی کردنی لەلایەن ڕژێمی بەعس، قوربانی گەورەیدا و لە مەیدانی تێکۆشاندا هەتا دوا هەناسەی سەربەرزانە بەردەوام بوو.
زۆرینەی تەمەنی تەرخانکرد، بۆ خەباتکردن لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار، هەرگیز هیچ بارودۆخێکی سەخت و مەترسییەکان نەیانتوانی ببنە ڕێگر لەبەردەمیدا و بیوەستێنن و بەشکۆوە هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاند و مێژووییەکی پڕ لە شانازی بۆ خۆی و حزبەکەی تۆمارکرد.
ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، لە کاتێکدا ئەم کۆچکردنە بە خەسارەتێکی گەورە بۆ حزب و هاوڕێیان و دۆستان و بنەماڵەکەی دەزانین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ژیان و خەباتی ئەو هاوڕێیە، وەک بەشێک لە مێژووی خەباتی نیشتمانی و چینایەتی، بە زیندوویی لە یادەوەریی هاوڕێییان و هەموو تێکۆشەراندا دەمێنێتەوە
سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین و هاوخەمتانین، بە ئومێدی دڵنەوایی و سەبوری بۆ گشت لایەک.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
٢٩-٥-٢٠٢٦
