
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەبێ هاوبەشی و شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرناگرێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە چارەسەری کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا پێویستی بە شەفافییەت و کارابوونی هەرێم هەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.
قوباد تاڵەبانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:
"یەکێتی دەیەوێت بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنێت. پێشمان وایە پارتی بێ یەکێتی حکومەتی بۆ پێکنایەت و بەپێچەوانەشەوە، چونکە پێکنەهێنانی حکومەت کاریگەریی نەرێنی و زیانی گەورە بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت."
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ پارتی قۆناغی باشیان بڕیوە و گفتوگۆی زۆریان کردووە، دیدگایەکی هاوبەشیشیان نووسیوەتەوە. وتیشی: "هیوادارین پارتیش لەوە تێگەیشتبێت کە ئێمە ئامادەین بۆ ڕێککەوتن لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە و دابەشکردنی بەرپرسیارییەتی، هیوادارم لەو دیدگا هاوبەشە پەشیمان نەبنەوە."
سەبارەت بە پرسی دواکەوتن و کێشەکانی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە چارەسەری ئەم بابەتە لە تێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادایە.
ئەو جەختی کردەوە کە ئەگەر لایەنەکان لەگەڵ یەکتر شەفاف بن و هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی کارا لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بمێنێتەوە، زۆرێک لە کێشە دارایی و سیاسییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر دەبن.
