
لە بەردەوامیی هێرشەکانیدا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێنج درۆن دۆڵی ئالانەی لە قەزای خەلیفان (سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر) کردە ئامانج.
ئەمجەد حسێن پەناهی، وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی پێنج درۆنەوە هێرشەكە ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەرەنجامی هێرشەکە بەم شێوەیە بووە:
دوو درۆن: لە نزیک بارەگایەکی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدکا) کەوتوونەتە خوارەوە.
سێ درۆن: لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لە ئاسماندا پێش بەردەکەوتنیان خراونەتە خوارەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە. لە دوای ڕاوەستانی شەڕی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) بەرامبەر ئێران، تا ئێستا ٨٨ جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هێرشانە بە بیانووی "گورزوەشاندن لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" ئەنجام دەدات، کە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
