پەنجەرە

 

میدیاکاری ناسراوی عێراقی د. حەمید عەبدوڵڵا، کە تایبەتمەندیی لە بواری مێژوو و بەتایبەتی مێژووی هاوچەرخی عێراق و سەردەمی ڕژێمی بەعس هەیە، لەمیانەی بەرنامەیەکی خۆیدا، پەردەی لەسەر نهێنییەکی جیاواز هەڵداوە.

نهێنییەکە کە لەسەر زاری ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری عێراق "موخابەرات"ـەوە ئاشکرا کراوە، تایبەتە بە پیلانی ڕفاندنی کچی سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراقی، عەزیز محەمەد.

عەزیز محەمەد، لەساڵی ١٩٢٤ لەگوندی بیرکۆتی هەولێر لەدایکبووە. لەماوەی ساڵانی ١٩٦٤ تا ١٩٩٣، سکرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراق بوو. لەساڵی ٢٠١٧ لە تەمەنی ٩٣ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.

سەرەتای چیرۆکەکە؛ هەژاندنی لوتکەی هەڕەمی شیوعییەکان

لە ساڵی ١٩٨٦، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە بۆ شکاندنی ئیرادەی حزبی شیوعی، دەبێت پەنا بۆ کارتێکی گوشاری بەهێز بەرن.

پلانەکە ئەوە بوو: "شیرین"ـی کچی عەزیز محەمەد کە لە بەرلین پزیشکیی دەخوێند، بڕفێنرێت و بە فڕۆکەیەکی تایبەت ببرێتەوە بۆ بەغدا، تا وەک بارمتەیەک دژی باوکی بەکاربهێنرێت.

 

پلانەکە چۆن داڕێژرا؟

فازڵ بەڕاک، بەڕێوەبەری دەزگای موخابەرات، سەرپەرشتی پلانەکەی دەکرد. ئەو دەیزانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات مەیدانی یارییەکی ئاسان نییە، چونکە خودی موخابەراتی عێراق زۆرینەی تەکنیكەکانی ئەشکەنجەدان و سیخوڕیی لە ئەڵمانییەکانەوە فێربووبوو.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، "سەدام حسێن" ڕەزامەندی دەربڕی کە شاندێکی فەرمی بە سەرۆکایەتی (سەمیر شێخلی) وەزیر و سەرکردەی دیاری بەعس، بە فڕۆکەیەکی "تایبەت" بچنە بەرلین بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، بەبێ ئەوەی شێخلی بزانێت فڕۆکەکەی ئەو، بڕیارە ببێتە قەفەزی گواستنەوەی کچە ڕفێنراوەکە.

 

تەڵەیەک لە سالۆنی جوانکارییدا

موخابەراتی عێراق توانییان کچە خوێندکارێکی فەلەستینی کە هاوڕێی نزیکی شیرین بوو، بە ٧٠٠٠ دۆلار (کە ئەو کات بڕە پارەیەکی زۆر بووە) بکڕن. هاوکات پزیشکێکی "بێهۆشکاری"یان لەژێر ناوی مەشقکردن لە کۆمپانیایەک ناردە بەرلین.

پلانەکە زۆر ورد بووە؛ پاسپۆرتێکی دیپلۆماسیی عێراقی بە وێنەی "شیرین" بەڵام بە ناوێکی تر ئامادەکرابوو و ڤیزای چوونەژوورەوەی لێدرابوو، تا لە کاتی دەرچووندا هیچ کێشەیەکی یاسایی دروست نەبێت.

بڕیار وابوو کچە فەلەستینییەکە، شیرین بباتە سالۆنێکی جوانکاریی لە کاتژمێر ١١:٣٠ـی بەیانی، لەوێ تیمە ئەمنییەکە بیڕفێنن و دەرزیی بێهۆشکاری لێبدەن و ڕاستەوخۆ بە ئۆتۆمبێلێکی دیپلۆماسی بیبەنە ناو فڕۆکە تایبەتەکە و بەڕێبکەون بۆ عێراق.

 

کاتێک "خەو" مێژوو دەگۆڕێت!

لەو ڕۆژەی کە بڕیار بوو پلانەکە جێبەجێ بکرێت، هەموو تیمەکان لە ئامادەباشیدا بوون. بەڵام شیرین عەزیز محەمەد لە ژوورەکەی خۆی لە بەشە ناوخۆیی نەبوو!

دەرکەوت شەوی پێشتر لەگەڵ هاوڕێکانییدا بووە بۆ بەیانییش بەخەبەر نەهاتووە، بەوەش لەگەڵ کچە فەلەستینییەکەدا نەچووەتە سالۆنەکەدا.

ئەم دواکەوتنە سادەیە، هەموو پلانە گەورەکەی موخابەراتی عێراقی پەکخست. شاندە فەرمییەکە و سەمیر شێخلی بە فڕۆکە تایبەتەکە گەڕانەوە، بەبێ ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکەیان بەدییبێنن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا