
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس پێشوازی لە تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق کرد. لەم دیدارەدا ماکرۆن جارێکی تر پشتگیریی فڕەنسا بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا، عێراق و لوبنان دوپاتکردەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە:سەقامگیری ناوچەکە: گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بو، بە تایبەتی سوریا، عێراق و لوبنان.
هەردوو بەرپرسەکە ئارەزووی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان فڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێناو چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە دەربڕی.
سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە لوتکەی داهاتووی کۆمەڵەی حەوت (G7) کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەک لە کۆشکی ئێلیزێ بە ڕۆژنامەی "الشرق اڵاوسگ"ی ڕایگەیاند:
"ڕۆژی پێنجشەممە زانیاریی فەرمی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرادەکرێت دەربارەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە و تێیدا قسە دەربارەی سوریا و ئەحمەد شەرع دەکرێت. بەڵام تاکو ئەمڕۆ لیستێکی تەواو دەربارەی ئەو دەوڵەتانەی لە دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت بانگهێشت کراون لەبەردەستدا نییە."
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمە یەکەمین بەشداریی سوریا دەبێت لە لوتکەی کۆمەڵەی حەوت لە دوای دامەزراندنی کۆمەڵەکەوە لە ساڵی 1975.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کردووە کە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ ئەحمەد شەرع، لە ڕێگەی (محەمەد یەسر) وەزیری دارایی سوریاوە گەیەندراوە، کاتێک مانگی ڕابردوو لە گفتوگۆ داراییەکانی کۆمەڵەکە لە پاریس ئامادە بووە.
لوتکەکە لە نێوان 15 بۆ 16ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی "ئیڤیان لی بان" لە ڕۆژهەڵاتی فڕەنسا بەڕێوەدەچێت.
