
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوو درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی کەنداو لە سنووری گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
فەرماندەیی سێنتکۆم ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ئامادەیی تەواودان و بەردەوام چاودێری جموجووڵی هێزەکانی ئێران دەکەن، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بەرپەرچی دەستدرێژیی هێزەکانی ئێران دەدەنەوە.
هەر لە راگەیەنراوەکەی ناوەندیی فەرماندەییەکەی هێزەکانی ئەمریکا هاتووە؛ لە سنووری گەرووی هورمز، توانیویانە دوو درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە بەهۆی ئەوەی هەڕەشەیان لە کەشتییە بازرگانییەکان و جووڵەی دەریایی کردبوو.
سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لە ئامادەیی تەواو دەمێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی جووڵەی دەریای و سەقامگیری ناوچەکە.
