
🔻ئەم حوکمانە لە دادگاكانی بەناو شۆڕشدا بەبێ پارێزەری سەربەخۆ دەردەچن
🔻کوردستان و بەلوچستان پشکی شێریان لەم سەرکوتکارییەدا هەیە
ڕێگای کوردستان
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سێدارە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان.
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢، سەرکوتکردنی چالاکوانان گەیشتووەتە لوتکە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا پتر لە ٨٥٠ کەس لەسێدارەدراون، و لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا ئەم ڕێژەیە بەرز مایەوە و گەیشتە نزیکەی ۹۷٥ کەس، کە دەیان کەسیان چالاکوانی سیاسی و مەدەنی بوونە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ئامارەکە زیاتر هەڵکشاوەو لانیکەم ۲١٥٩ کەس لە سێدارەدراون.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲٦ تا مانگی ئایاری هەمان ساڵ، ڕۆژانە لە نێوان ٤بۆ٥ کەس لە سێدارەدراون
ئەم حوکمانە لە دادگاكانی بەناو شۆڕشدا، بەبێ پارێزەری سەربەخۆ دەردەچن، جیا لە سێدارە، تەنها لە دوو ساڵی ڕابردوودا پتر لە ٣٥٠٠ چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا دەستبەسەرکراون.
هاوكات، زیاتر لە ٢٥ بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەدا یان بەهۆی بێبەشکردنی بەقەست لە چارەسەری پزیشکی لە ناوخۆی گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
ناوچە نەتەوەییەکانی وەک کوردستان و بەلوچستان پشکی شێریان لەم سەرکوتکارییەدا هەیە، بە شێوەیەک کە نزیکەی %٣٠ی گشت لەسێدارەدانەکان لەو دوو ناوچەیەدا جێبەجێ کراون.
نەبوونی فشارێکی کارای نێودەوڵەتی و سزا ئابوورییە ئاراستەکراوەکان، وایکردووە کە دەسەڵاتی تاران بەبێ گوێدانە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، درێژە بەم پێشێلکارییانە بدات و توندوتیژی بکاتە ستراتیژیی مانەوەی خۆی.
