
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بە توندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند کە ئەو مەرجانەی تاران لەبارەی ڕێککەوتنی نێوانیانەوە بڵاوی کردوونەتەوە، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس - Truth Social) نووسیویەتی:
"ئەو مەرجانەی ئێران بۆ میدیا ساختەکان دزەی پێکردوون، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە شێوەی نووسراو لەسەری ڕێککەوتووین."
ترەمپ: ئێرانییەکان بێوەفان لە مامەڵەکردندا
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا، بەرپرسانی ئێرانی بەوە وەسف کرد کە "کەسانێکی زۆر بێوەفان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵدا" و جەختی لەوەش کردەوە کە لە فەرهەنگی ئەواندا شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیازپاکی.
هێرشە درۆنییەکەی گەرووی هورمز
لە ڕووی سەربازییەوە، ترەمپ ئاماژەی بە نوێترین گرژییەکانی نێوان هەردوولا کرد و وتی:
"هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر کەشتییە هیندییەکان لە کاتی چوونەدەریان لە گەرووی هورمز، کە بە تەواوی بەرپەرچ درایەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
پاشخانی ڕووداوەکە؛ ١٤ خاڵەکەی ئێران چی بوون؟
ئەم لێدوانە توندانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە، وردەکاریی ١٤ خاڵی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکای لەبارەی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە؛ بەڵام ئێستا ئەم خاڵانە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە تەواوی ڕەت دەکرێنەوە و بە "چەواشەکاری" ناو دەبرێن.
