
هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی کۆمەڵگای دۆڕاو لە ئەدەبیاتی سیاسی و کومەڵناسیدا، شوناسی کۆمەڵگایەکە سەرلەبەری ئاڵۆز و ناهاوسەنگە و زیاتر لەسەر بنەمای بەدەستەوەدانی خود و شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و دەرھاوێشتە نەرێنی و خراپەکان بونیادنراوە و خەڵک بەهۆی نەبوونی پاڵنەر و ترس لە دەرئەنجامەکان، یان نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی دەسەڵات بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕەتدەکەنەوە و ناتوانن پەیوەستبن بەو ئاراستە هزرییەوە، کە دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ لە بەرجەستەکردنی گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، دەسەڵاتدارانی سیاسی و نوخبەی حوکمڕان و تەواوی سێکتەرە بازرگانی و دامەزراوە حکومییەکان لە گێژاوی قەیرانە قووڵ و دەرھاوێشتە نەرێنییە درێژخایەنەکاندا تووشی جۆرێک لە دۆڕان و داهزرانی هزری و سیاسی و ئابووری دەبنەوە و ناتوانن بەکۆمەڵێک ڕێووشوێنی تایبەت و داڕشتنی ستراتیژێکی تۆکمە و پێشتر دیراسەکراوەوە، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان بکەن وەک ئەوەی کە کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی گشتی پێویستی پێیەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانین کە کۆمەڵگای دۆڕاو وەک کۆمەڵگایەکی داپۆشراو بە قەیرانی جواراوجۆری دروستکراو، خاوەنی مێژووی خۆی نییە و بەم هۆیەشەوە زۆرجار ناتوانێت تەعبیر لە فەزای تایبەتی خۆی بکات و ئەلتەرناتیڤی نوێ و کاریگەر بخاتەڕوو، کە ئەمەش ڕووینەدا، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە مەحکوم دەبێ بە دۆڕان و پەرتەوازەیی و ناتوانێ سەرکەوێ لە ئایندەدا، لەبەرانبەریشدا سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدار لەپێناو مانەوەی خۆی و لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی درێژمەودادا هەوڵی دروستکردنی دەیان جۆر گوشاری خەسێنەر دەدات بۆسەر کۆمەڵگا و دەیهەوێ کۆمەڵگا لەسەر کۆمەڵێک کۆتوبەندی شاراوە و ناڕوون و ئاڵۆز ڕابێنێت، کە لە هەموو حاڵەتێکدا گونجاوبێ لەگەڵ ئەو قۆناغ و هەل و مەرجەی کە خۆی پێشتر بە پلانێکی تایبەت دروستیکردووە، ئەمەش لە زانستی سیاسیدا بەجێکەوتەی مەترسییەکی گەورەی سیاسی و حوکمڕانی ئەژماردەکرێت و هەنگاوێکە بەئاراستەی ستەمکاری و ئیحتکارکردنی سوڵتە و مەیلێکیشە بۆ چەواشەکاری و خوڵقاندنی جۆرێک لە ڕازیکردنی بەزۆرەملێی خەڵک، کە دەسەڵات لەپەنای بەکارهێنانی هەموو ڕێگایەکی ناشەرعی لەپێناو بردنەوەدا بەکاریدێنێ و خەڵک تووشی جۆرێک لە سەرلێشوان و چەواشەکاری دەکریت و ئیتر ئاراستە ڕاستەقینەکە دەگۆڕێ بۆ مەترسی و گەمژاندنی کۆمەڵگا و ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە لە واقعی ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا دەبینرێ.
ئەوەی لێرە ڕوودەدا بەشێکە لەو هزرە دۆڕاوەی کە بەناوی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، هۆکاری برەودان بەم تێڕوانین و کردە مەترسیدارەش هزر و جووڵەی کارەکتەری دۆڕاوە، کە بەناوی پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئاسایش و ئارامییەوە خۆیان سەپاندۆتە سەر کۆی کایەی گشتی کۆمەڵگادا و جگە لە دۆڕان و بەرهەمهێنانی شکست و چەوساندنەوەی کۆمەڵگا و دزینی سەروەت و سامانی نیشتمانی و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی گەندەڵی و بڕینی نەفەسی ئازادی و خەفەکردنی دەنگی دلێر و کوژاندنەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و شێواندنی دیموکراسی و تێکدانی شیرازەی خێزانی و بە کلتوورکردنی کۆیلایەتی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی نەزان زیاتر، هیچیتریان کەسک نەکرد و نەیانتوانی کۆمەڵگا لەو زۆنگاوە دەربێنن، کە بەعس لە دەمی خۆیدا بەرجەستەی کردبوو، بەوەشەوە نەوەستان و هەنگاوبەهەنگاو بوونە تاغوت و دەستیان دایە بڕینی مووچە و قووتی خەڵک و هەڕاجکردنی نەوت و گرانکردنی نرخی سووتەمەنی و بەتایبەتکردنی کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و دەستبردن بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی تری ژیانی هاووڵاتییان، هەموو ئەمانەش جیا لەوەی دیاردە و حاڵەتی مەترسیدار و کوشندەن، کۆمەڵگایان تووشی جۆرێک لە دۆڕان و خەفەکردن و سەرکزی کردووە تا ئەو ئاستەی کە ئێستا لێرە لەم کۆمەڵگایەدا تاکێکی سەرلێشواو و کۆیلە دەبینرێت، کە هیچ هیوایەکی بەئایندە نییە .
بەکوردی و بەکورتی ئەو دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ لەکوردستاندا حوکم دەکات و پڕاوپڕە لە گەندەڵی و بەرهەمهێنانی سیاسەتی شێواندنی خاڵک و تاڵانکردنی کۆمەڵگا، نەک هەر ناتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵک و کۆمەڵگا بکات، بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵی شکاندنی شکۆی تاک و کۆمەڵدایە و هەموو گۆڕانکارییەکانی لە شەقام و باڵەخانە و سەنتەر و بەرزەپرد و رێستۆرانت و بابەتە ڕووکەشەکاندا چڕکردۆتەوە و بێدەنگی خەڵکی پێداپۆشیوە و دەوروبەری پێ چەواشە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە موهیمەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئەحزابی حوکمڕان، بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسایی و سۆشیال میدیا و تێکدانی کەرتی پەروەردەیە، چونکە ئەو سێ سێکتەرە کاریگەری تەواویان لەسەر کۆی گۆڕانکارییەکانی کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا هەیە و دەتوانێ ڕەفتار و کرداری خەڵک کۆنتڕۆڵ بکات تا لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگایەکی دۆڕاو و سەرکز بەرهەمبێنێ وەک ئەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەبینرێ.