
بەشی دووەم
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لەم پرۆسەیەشدا لەلایەك نەیارانی پاكتاودەكات لە لایەكی تریشەوە دۆخێكی مەترسیداری چاوشكێنێ دەخوڵقێنێ وەك ئەوەی سەدام و دارودەستەكەی لە هۆڵی خلود ئەنجامیاندا و هاوڕێ نەیارەكانی خۆیان پاكتاوكرد، بەعس و سەدام ئەمەیان وەك پەیامێكی دوولایەنە ئاراستەكرد تا پێگەی دەسەڵاتی خۆیان و هێزەكانیان لە ئاستێكی فراوانتردا پتەوبكەن و بیسەلمێنن كە ئەوان مەترسیدارن و نابێ بەرهەڵستی بكرێن، كردنەدەرەوەی ئەو گرووپەی كە تۆمەتی خیانەت درابووە پاڵیان لە كۆبوونەوەكەدا، تەنها دەركردنێكی ڕۆتین نەبوو، بەڵكو سڕینەوەی جەستەیی و فیزیكیش بوو بەیەكجاری و هەوڵێك بوو بەئاراستەی شێواندنی كۆمەڵگا و تێكدانی دۆخی گشتی و دروستكردنی تایپێكی ستەمكارانەی وا، كە ئەوان یەك جۆر مرۆڤ و كۆمەڵگایان دەوێت و قبوڵی جیاوازی ناكەن.
ئەم پرۆژەیە لە دەمی بەعس و دوای بەعسیش وەك مەترسییەك درێژەی كێشا و بووە پرۆژەی نوێی حزبی دەسەڵاتدار و بێگەڕانەوە بۆ دیوە نەرمەكەی ژیانی مۆدێرنە، وەك پڕۆژەی سێستەمێكی مەترسیدار گوازرایەوە نێو كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و بووە بنەمای بەرهەمهێنانی عەقڵیەتێك كە جگە لە مەترسی و شێواندنی ڕەوشی گشتی هیچیتری پێنییە و نایەوێ سەقامگیری بە دیوە واقعیەكەیدا دەستەبەربێت.
ئەم جۆرە دەسەڵاتە لە كۆمەڵگای شێواودا و لەڕێگەی بەكارهێنانی جۆرەها دامودەزگای داپڵوسێنەر و لە پانتاییەكی فراواندا هەلومەرجێكی نەخوازراو و ناسەقامگیری قەیراناوی دەسەپێنێت، و ژیانی خەڵك دەخاتە مەترسییەوە و وادەكات كە تەواو نائومێدبن لە گۆڕانكاری وهەڵوەشاندنەوەی ئەو سێستەمەی كە كۆمەڵگای پێ لەقاڵبدراوە، دەسەڵات لەم كۆمەڵگایەدا قێزەوەنترین دۆخی مەترسی و دڵەڕاوكێی سیاسی و ئابووری دەخوڵقێنێ و قەبوڵكردنی هەژاری و برسیەتی دەكاتە دێفاكتۆ و حاڵەتێكی ئاسایی كۆمەڵایەتی و ئیدی كەس ئاوڕ لە چارەسەرناداتەوە وەك ئەوەی كە هاووڵاتی چاوەڕوانێتی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە خۆشدەكرێ بۆ تێكشكاندنی تەواوی بەها و نۆرم و ئەخلاقیاتی كۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی ڕق و كینە و شەڕ و كوشتار
لەپەراوێزی ئەو دۆخە و تێگەیشتن لە خەسڵەتەكانی كۆمەڵگای شێواو دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە كۆمەڵگای كوردی خاوەنی چ كۆمەلگایەكە و چۆن خراوەتە ناو دۆخێكی شێواو و نەخوازراوی واوە، كە چارەسەركردنی گەلێك قورس و گرانبێت، چونكە جگە لەوەی كوردستان وەك بەشێك لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوكات نەتەوەیەكی بندەست لە ناوچەكەدا گیرساوەتەوە، بەدەرنییە لەو پۆخڵەواتەی كە شوناسی كۆمەڵگای شێواو دیاریدەكات، دۆخی سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتی و ژینگەی كلتووری عێراقیش وەك دەوڵەتێكی ناهاوسەنگ كاریگەری تەواوی بەسەر كوردەوە هەیە و فاكتەرێكی ڕیشەییە لە قووڵكردنەوەی ئەو شێواویەدا، لەگەڵ ئەوەشدا كە كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی دەخوێنیتەوە و ورد دەبیتەوە لە دۆخی ڕووداو و پێشهاتەكان و دەرهاوێشتەكانی هەڵدەسەنگێنی، تێدەگەی لەوەی كە ئەو بارودۆخە ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ڕابردووی كۆمەڵگای عێراقیەوە و درێژكراوەی هەمان دۆخی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعسە، كە حزب تێیدا حوكمڕانی دەكرد، بەڵام بەشێواز و فۆرمێكی تر. چونكە كورد لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا لەبەردەم دۆخێكی كراوەتر و نوێتردایە و فەزای گشتی فراوانترە لەفەزای گشتی سەردەمی بەعس و تاڕادەیەك جیاوازترە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە مێژووییەش، هێشتا نەتوانراوە دۆخی شێواوی كۆمەڵگا وەك یەكەیەكی هاوبەش و لەیەكگرێدراو تێپەڕێنین و بچینە دەرەوەی قۆناغی ستەمكاری و هەنگاونان بە ئاراستەی چەسپاندنی دیموكراسییەت و كۆمەڵگای مەدەنی، بەمەرجێ هەنگاوەكانی سەرەتای ڕاپەڕینی ئازاری 1991ی خەڵكی كوردستان كردارێكی جەماوەری ڕاستەوخۆ بوو دژی سێستەمی سیاسی ستەمكار و دۆخێكی نوێبوو، كە لەدەرئەنجامی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ستەم و چەوساندنەوەی كۆمەڵایەتی كورد و گەلانی كوردستانەوە سەریهەڵدا و بووە ڕووداوێكی مێژوویی نوێ لەخەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا.
ئەم ڕابوون و ڕاپەڕینە جەماوەرییە لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا بەیەكەمین كاردانەوەی بزاوتی جەماوەری گشتگیر دێتە ئەژمار، كە توانی سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكان لەخۆیدا كۆبكاتەوە دژی سێستەمێكی حزبی دەسەڵاتداری دڕندە و خوێنڕێژی ڕەگەزپەرستی عەرەبی كە هیچ مانایەكی نەهێشتبووەوە بۆ ژیان و بوونی سەقامگیری ئەو كۆمەڵگایەی كە پێكهاتەیەكی ناعەرەبی لە خۆگرتبوو، ڕاپەڕین و یاخیبوونی جەماوەری كوردستان دەرەنجامی كەڵەكەبوونی زوڵم و زۆر و ستەم و چەوساندنەوە و سووكایەتیكردن بوو بەشكۆی مرۆڤ و ئیرادەی كۆمەڵگایەك و لوتكەی هەڵگەڕانەوەیەكی گشتی بوو دژی ڕژێم و دەسەڵاتی هێزێكی ستەمكاری فاشی كە لە دۆخێكی ناهاوسەنگی سیاسی و ئابووری مەترسیداردا پەلاماری مرۆڤگەلێكی بێ دیفاعی دەدا و دەیویست بەیەكجاری كۆمەڵگای كوردی هەڵوەشێنێتەوە و ئاراستەی بكات بەرەو بێبەھاكردنی ژیان و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و هەنگاوی یەكەمی ئەم پرۆسەیەش لە شێواندنی دیموگرافیا و باری دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی كەركوك و دوزخورماتوو و دەشتی موسڵ و خانەقینەوە، سەرهەڵدەدات و دواجاریش جگە لە تەعریب و تەبعیسی خەڵكی سیڤیلی كورد، ئەنفال و پرۆسەی جینۆساید و بەكارهێنانی چەكی كۆكوژ و سڕینەوەی ئەتنی بەدوادادێت و پەل دەهاوێت بۆ دەستتێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەكانی ژیانی خەڵك و ئەو ڕووداوانەی كە دەبنە هۆكاری بەرجەستەكردنی كۆمەڵگایەكی شێواو.