
ڕزگار عومەر
جۆرج عەبدوڵڵا، چالاکوانێکی کۆمۆنیستی لوبنانی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵی تەمەن و ژیانی خۆی لە زیندانێکی فەرەنسادا بەسەر بردووە و لەساڵی ١٩٨٤ەوە زیندانییە، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی دادگای فەرەنسا پەسەندی ئازادکردنی بەمەرجی بکات، چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی سازدا.
لە چاوپێکەوتنەکەدا عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەری ئازادکردنی، نیگەرانییەکی لاوەکییە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانە جیۆپۆلەتیکییە فراوانترانەی کە کاریگەرییان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەو ئاماژەی بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵک کرد و وتی: "ئازادکردنی من شتێکی بچووکە بە بەراورد بە دۆخی جیهانی". عەبدوڵڵا بێزاری خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو نەزانییەی کە دادوەرە فەرەنسییەکان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانیاندا، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣. ناوبراو ڕەخنەی لە دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا گرت کە لەکارەکانی ئیسرائیل کەم دەکاتەوە، کە ئەو خۆی وەکو جینۆساید راڤەی کرد.
پابەندبوونی عەبدوڵڵا بە دۆزی فەلەستینییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گەنجیەتی. ئەو کاتەکانی لە کەمپی پەنابەرانی سەبرا و شاتیلە لە ساڵی ١٩٨٢ بەسەر دەبرد، کاتێک لە کاتی کۆمەڵکوژییەکدا کە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی تێدا کوژران، ئەو دەمی کەس هاوسۆزی فەلەستینییەکان نەبوو. ئەودەمی بەرپرسانی فەرەنسی و ئەمریکا لەوانە سەرۆک فرانسوا میتران و ڕۆناڵد ڕیگان بەڵێنیان دابوو کە ئاسایش و ئەمنیەت بۆ کەمپەکان دابینبکەن بەڵام نەیانکرد. بەڵام ڕەخنەی عەبدوڵڵا لە بێهەڵوێستی ڕۆژاوا لە ڕووداوەکانی ڕابردوو تێدەپەڕێت تا دەگاتە قەیرانی ئێستای غەززە و لوبنان. ناوبراو بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر توندوتیژییە بەردەوامەکاندا، بەتایبەتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی لوبنان و گەمارۆدانی غەززە، کە هەردووکیان بە بەشێک لە نەخشێکی فراوانتری ئیمپریالیزم و بەربەریزمی سەرمایەداری دەزانێت.
عەبدوڵڵا سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە چوار دەیەدا زیندانیکراوە، بەڵام لە باوەڕی خۆی بە بەهێزی بزووتنەوەکانی خۆڕاگری لە لوبنان و فەلەستین جێگیرە، ئەو باسی لە بەرگری و بەرخودان لە لوبنان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای باڵادەستی سەربازی ئیسرائیل، ئیرادەی گەلی لوبنان هێشتا نەشکاوە. عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە، لە کاتێکدا ڕەنگە سەرکەوتن دەستبەجێ نەبێت، بەڵام خودی "ڕەتکردنەوەی شکست" خۆی بەخۆی جۆرێکە لە سەرکەوتن.
لە چاوپێکەوتنەکەدا؛ عەبدوڵڵا هەروەها قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و داوای لێکردن بەردەوام بن لە داوای دادپەروەری و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. وەبیری هێنایەوە کە خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ خەباتێکی بەکۆمەڵە، خەباتێک کە پێویستی بە هاودەنگی جیهانی هەیە، بەتایبەتی لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە کە ئامرازی فیکری و ئەخلاقییان هەیە بۆ تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی کە قەیرانە جیهانییەکانی ئێستای لێدەخوڕن.
عەبدوڵڵا پەیامەکەی بۆ لایەنگرانی ڕوونە: "دەبێت، بەکۆمەڵ، بەردەوام بین لە داوای جێبەجێکردنی ئەو دەستکەوتە مرۆییانەی کە ملیۆنان کەس بە درێژایی مێژووی مۆدێرن بەدەستیانهێناوە." قسەکانی عەبدوڵڵا وەک بانگەوازێک بۆ کردەوە دەنگهەڵدەبرێ و بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە مافەکانی گەلانی ستەملێکراو هەیە، داوا لە چالاکوانان دەکات لە سەرانسەری جیهاندا هەڵوێستیان هەبێت لە بەرگریکردن لە دادپەروەری و ئاشتی.