ڕزگار عومەر

ئەم چرکەساتە مێژووییە جیاواز و پڕ لە گێژاوانەی ئەمڕۆمان؛ وامان لێدەکەن بیروبۆچوونەکانی پەیوەست بە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بە گشتی بخوێنینەوە و بخەینە پێشەوە.

گرامشی لە کتێبی «لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی ئیتالیا» لە چەمکێکی دووانەییەوە دەستی پێکرد، کە بریتییە لە دەوڵەت/کۆمەڵگەی مەدەنی، یان کۆمەڵگەی سیاسی/کۆمەڵگەی مەدەنی، جەختی لەسەر تێکەڵنەکردنی چەمکەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و تاک جەماوەر کردەوە .

لە ژێر ڕۆشنایی چەمکەکانی (دەوڵەت، کۆمەڵگەی مەدەنی، تاک جەماوەر، و دەوڵەتی پۆلیس)، گرامشی بیرۆکەکەی بنیاتنا بۆ ئەوەی جەماوەر بتوانێت چاکسازی/گۆڕینی ئەوەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا دەیەوێت بە زیادکردنی چەمکی “ هەژموون” کە کاری بۆ داڕشتنی کردووە. هەژموونی گرامشی بە "تەواوکەری" چەمکی هەمەلایەنەی دەوڵەت لە ڕێگەی "کۆمەڵگەی مەدەنی بە تایبەتی" دادەنرێت کە خاوەنی هێزی خۆیەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی توندوتیژی دەوڵەت لە ڕێگەی "هەژموونی کولتوورییەوە".

گرامشی "هەژمونی"ی بۆ دوو جۆر دابەش کرد: سیاسی و کولتووری، هەروەها بۆ دوو ئاست: نێودەوڵەتی و ناوخۆیی. لەم ڕوانگەیەوە، گرامشی خۆی سنووردار نەکرد بە ڕۆشنکردنەوە لەسەر ڕۆڵی دەوڵەت (لە ئاستی ناوخۆییدا) لە ڕێگەی دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی وەکوو دەزگای ئایینی، ڕاگەیاندن، پەروەردەیی، و سیاسییەکانی وەک پەرلەمان، کە هەژموون ئەنجام دەدەن کە هەندێ جار هاوتەریبە لەگەڵ هەژموونی ئەمنی وسەربازییەکان، هەرچەندە کاریگەریی ئەم دووەمیان و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ جەماوەردا بەندە بە ڕادەی کاریگەرییەکانی یەکەمیان.

هەروەها گرامشی ئاماژەی بە هەژموونی زلهێزە گەورەکان (لە ئاستی نێودەوڵەتیدا) بەسەر ئەوانی دیکەدا (لە ڕووی سیاسییەوە) لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایش و لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، و (لە ڕووی کولتوورییەوە) لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکانی سەروو کیشوەریەکان، کە ئێستا بوونەتە دارایی سەرەکی چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی .

ئەگەر کۆمەڵگایەکی مەدەنی سەربەخۆ لە قۆناغی قەیرانە ئۆرگانیکەکاندا - ساتەکانی گیرانی سیاسی و کولتووری لە ژیانی دەوڵەتەکاندا - سەرهەڵنەدات و توانای بەرهەمهێنانی هەژموونی ئەڵتەرناتیڤی هەبێت، هەر بیرێکی شۆڕشگێڕانە پشتیوانییەکی کەمی دەبێت. کە ئەمەش وامان لێدەکات لەبەردەم دوو ڕێگادا، یەکێکیان چەوساندنەوەی توندی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و شکستهێنانی، یان سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سەربازی (ڕاستەوخۆ حوکمڕانی کرد، وەک میسر لە ساڵی ٢٠١١دا کە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەربازیدا بوو، یان ناڕاستەوخۆ ، وەک میسر لە ئێستادا). پێشکەشکردنی تیۆری پرۆسەی هەژموونی کولتووری لە سەرەتادا نوێنەرایەتی پێویستییەک دەکات بۆ تێگەیشتن لە دەروونناسی و شێوازی بیرکردنەوەی هاوڵاتی ستەملێکراو، و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەدیلێکی مەدەنی بۆ پێشنیارکردنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی نوێ و گونجاو لە ژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە بەرهەمهێنانەکانیدا.

گرامشی نوێنەرایەتی گرنگییەکی ناوازە دەکات چونکە چەمکی هەژموون میحوەرێکی ناوەندی و ستراتیژی لە ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا لە ناو هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕدا.

بۆیە کاری تیۆری بۆ دروستکردنی هەژمونێکی کولتووری کە دژایەتی دەوڵەتی ستەمکار بکات، کردەیەکی بەرخۆدان و درێژکردنەوە و پەرەپێدانی هەموو بیرۆکە پێشکەوتنخواز و لیبڕاڵەکانی جیهانە و ڕێبازێکی گرنگی کولتووری ئەڵتەرناتیڤە.

 

وتاری نووسەران