ڕزگار عومەر

 

لە سەردەمێکدا کە سەرتاپای پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان  لە ژێر فشاردایە، کتێبی "خۆشەویستی شل" لە نووسینی کۆمەڵناسی پۆڵەندی زیگمۆنت باومان، لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ پێشکەش دەکات کە چۆن کۆمەڵگەی مۆدێرن سروشتی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی گۆڕیوە. باومان لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن جیهانگیری و تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی خۆشەویستییان لە ڕووی پتەوی شل و نەرم کردووەو لە ڕووی ئێکسپایەر بوونی پەیوەندی خۆشەویستیش خێراتربووە، ئەمەش هۆکارێکە کە ئەو ناو لەم کتێبەی خۆی دەنێت خۆشەویستی شل، چونکە باومان لەو بروایەدایە کە سەردەم سەردەمی پەیوەندیی کاتیی و"مامەڵەیی وڕێکەوتنە" و تادێتیش زیاتر ڕەگ دادەکوتێ لە ئاکاری کۆمەڵایەتی و بووە جۆرێك لە کلتوری جێگیری زۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیای ئەمڕۆمان.

لەم کتێبە فۆکسێکی زۆر خراوەتە سەر سیفەت و ئاکاری (بەکاربەریی- استهلاك) لە پەیوەندی خۆشەویستیدا: باومان دەڵێت کە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ئەمڕۆ ئاوێنەیەکی دەقاودەقی خووەکانی بەکاربەرن. مرۆڤەکان وایان لێهاتووە بە پێچەوانەی داستانی خۆشەویستی دێرینی نێو ئەفسانەو ئەدەبی نوسراو و نەنوسراوی ڕابردوو نە خۆیان لە دەرگای ئەشق دەدەن نە ئەشقیش لە دەرگای وان دەدات! مرۆڤەکان وایان لێهاتووە لە پەیوەندی خۆشەویستی چ کوڕ چ کچ بە دوای ئەوەنین بکەونە داوی دولبەرایەتی، بەڵکو  بەدوای "باشترین گرێبەست"دا دەگەڕێن لە دۆزینەوەی ئەوانەی دەیانەوێ ببنە هاوبەشی ژیانی سۆزدارییان، لە پەیوەندیە تیژڕەوەکانیشدا؛هەمیشە بەدوای پەیوندیەکی تازەترو بەرژەوەندارتر دەگەڕێن نەك پابەندبن بە پەیوەندی درێژخایەن و مانادار.

لەم کتێبەدا نووسەر؛ غافڵ نیە لە کاریگەری تەکنەلۆژیا بەسەر ژەهراوی کردنی پەیوەندیەکان: سۆشیال میدیا و پەیوەندییە ئۆنلاینەکان گۆڕانکاریەکی ڕیشەییان لە پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکان کردووە، بەڵام  بە نرخێکی قووڵ کە ئێستا کۆمەڵگەکان مەحاڵە پارچەکان کۆبکەنەوە بۆ دۆخی بەر لەپەیدابوونی سۆسیال میدیا. گفتوگۆکانی نێوان مرۆڤەکان "سروشتی و ئاسایی" نین، بەڵکو زیاتر مەجازی و ڕووکەش و بێ ناوەڕۆکن وهەر ئەم جۆرە لە دیالۆگ "پەیوەندییە کاتیەکان" بەرەوپێش دەبەن و دەیکەن بە نۆرم و عادەت نەک پەیوەندییە بەردەوامە مانادارەکان.

ململانێ لەگەڵ "پابەندبوون" بوارێکیترە کە ئەم کتێبە وەك گرفتێکی جدی مامەڵەی لە گەڵ دەکات لە سەردەمێکدا کە بانگەشەو تێزی "ئازادی ڕەهای" ی لە خشتەبەروساختە ئەنجامەکەی بووە بە جێگیرکردنی پەیوەندی شل وکاتیی ئەو دەمی پێچەوانەکەی کە بریتیە لە"پابەندبوون" دەبێتە تەحەدایەکی زۆر گەورە. زۆرێک لە پەیوەندییەکانی ئەمڕۆ خۆیان بەدووردەگرن لەوەی بچنە ژێر چەتری "درێژخایەنی" و لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی دونیاش زاراوەی "بژاردەکان با بە کراوەیی بمێننەوە" بووە ئەم ڕێکەوتنە نەنوسراوەی کە بوار دەدا کە هەر لە بنەڕەتدا پەیوندیەکان ئەگەری "کاتیی"بوونیان دەیان جار بەهێزتر بێت لە ئەگەری پەیوەندیەکی جێگیر کە کاتیی بوون بناغەی خۆشەویستی ڕاستەقینە لاواز دەکات.

جیهانگیری و بەربەستەکان و سنووربەندیەکانی نێوان کولتوورەکان مەیدانێکە بۆ هەر کۆمەڵناسێك بواری پشتتیکردنی نەماوە، بۆیە باومان لەم کتێبەدا بە ڕوونی لەوبروایەدایە کە لەگەڵ زیادبوونی "جیهانگیری" بە هەموو ئاراستەکانی  پەیوەندیی یان ئاشنایەتی نێوان کولتوورەکانی زیاتر کردووە. لە کاتێکدا کە ئەمە وەکو لە ڕوویەکدا پۆزەتیڤەو هەمەچەشنی و فرەکلتووری و جۆرێك دانپیانانی مەرجداری دەروونی کۆمەڵایەتی تێدایە بەیەکتر، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بووە بە بەربەستێك لە پەیوەندیکردن و زۆربوونی ڕەنگدانەوەکانی "تێنەگەیشتنە کولتوورییەکانیش" لە یەکتر چونکە خێرایی جیهانگیری لە ئیقاعی خۆیدا لە زۆر لە ڕابردوویەکی نزیك ولە ئێستاماندا لە ژێر هۆکاری جیاوازدا "ئاشنابوونی کلتوورەکان"ی گۆڕیوە بۆ "شۆکی کلتورەکان" بەرامبەر یەکتر!

یەکێکتر لە ڕەگەزەکانی جێگیرکردنی پەیوەندی کاتیی لە خۆشەویستیداگەڕانە بەدوای هاوبەشی "کامڵ" و پێرفێکت لە هەموو ڕوویەکەوە، دانانی پێوەری موعجیزە ئاسا لە فلتەرکردنی هاوبەشی پەیوەندیە سۆزداریەکانمان  باومان لەم بوارە تیشک دەخاتە سەر "وەسوەسەی" کۆمەڵگەی مۆدێرن بۆ "کامڵبوون" لە پەیوەندییەکاندا. بەدواداچوونی بەردەوام گەڕان بە دوای هاوبەشی نموونەیی  و "ئایدیاڵ" لە هەموو ڕوویەکدا دەبێتە هۆی وەڕسبوون و لە پەیوەندیەکان و جێگیرنەبوونیان، چونکە گەڕان بە دوای هاوبەشی نموونەیی هەستێکی پاڵنەرو جووڵاوە بۆ سەپاندنی "کاتیی بوون" و تەواوبوونی پەیوەندیەك و ڕووتێکردن لە دانەیەکیتر کە ڕەنگە ئاماژەکانی زیاتر هەڵگری "نموونەیی "بوون بێت، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە زۆربەی کەیسەکاندا هەر درێژەی دەبێت و ئەم مرۆڤانە ناگەنە هاوبەشی نموونەیی خۆیان.

خۆپەرستی ڕووپۆش کراو لە ژێر چەتری "تاکگەرایی" گۆڕانکاریی نەرێنی لە پەیکەری کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ دروست کردووە: گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان- بەرزبوونەوەی تاکگەرایی، هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی گەڕەك و کۆڵانەکان (کۆمەڵگە لۆکەڵەکان) پەیوەندییەکانی خۆشەویستی ناسەقامگیرتر کردووە. هەستی ئینتیما بۆ کۆمەڵگەیەک کە ڕۆژێک لە رابردووی خۆی پشتگیری لە پەیوەندییە درێژخایەنەکان دەکرد لە ئەنجامدا کاڵ دەبێتەوە و تاکەکان لە دۆخێکی خراپدا دووچاری دابڕانی کۆمەڵایەتی دەکات بەمانا فراوانەکەی.

ئەم کتێبە داوەتێکە بۆ ئەوەی بە سروشتی "پەیوەندییە مۆدێرنەکان- پەیوەندیەکانی ئەمڕۆمان "بچینەوە. شیکارییەکانی باومان پێمان نیشان دەدات کە چەندە ئاسان بووە دەستڕاگەیشتن  بە دەیان پەیوندی شل و بێ مانای ژێر چەتری خۆشەویستی کاتیی بەڵام نرخەکەی ئەوەبووە کە ئێمە سەقامگیری و قووڵایی مانادارو مرۆڤبوونی ڕاستەقینەمان لە دەست داوە! ئەو کتێبە ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ هانمان دەدات هانمان دەدات بیر لە "بەهای پابەندبوون"  و گرنگی دروستکردنی پەیوەندییە بەردەوام و مانادارەکان بکەینەوە، لە جیهانێکدا کە زیاتر کارلێکی خێرا و زوو کە ژیانی وەکو ئاشێکی بێسەروبەر لێکردووە.

لە ئەمڕۆماندا؛ لە سەردەمی "خۆشەویستی شل"دا ڕەنگە  لە کۆڵان و لە گەڕەك و لە شارەکانمان چیتر چاومان بە "وەلی دێوانە" و "شیرین و فەرهاد " و "خەجێ و سیامەند" نەکەوێت ، بەڵام نەبوونی نموونەی ئەوان مانای ئەوەنیە کە ئەوەی ئێستا دروستبووە ڕەوایە! ئەمڕۆ کاتێکی دروستە کە شایەنی ئەوە بێت ڕوولە دۆزینەوەی هێزی پەیوەندیی قووڵ و جێگیر بکەین، ڕەنگە پێویست بکات سەرەتای بەرامبەرکێیەکی ئاکار هانبدەین و بڵێین  "رۆمانسیەتی ساختە" تەنیا شەڕێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی نیە، بەڵکو شەڕێکی ڕاستەقینەی هۆشیاریشە!

وتاری نووسەران