ڕزگار عومەر

لە چالاکییەکی ڕۆشنبیریدا، یەکێك لە ئامادەبووان لێی پرسیم؛ بۆچی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سەرەڕای شەرعیەت و ڕەوایی، زۆرجار کورتدەهێنن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟

وەڵامی من ئەوەبوو؛ ئەمە پرسیارێکی چارەنووسسازە و وەڵامەکەی لە تێگەیشتن لە هەردوو هۆکاری بابەتی و زاتی پشتی ئەم جۆرە خەباتانەدایە. لە کاتێکدا کە هۆکارە جۆراوجۆرەکان کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتن یان شکستی بزووتنەوە جەماوەرییەکان هەیە، بەڵام دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هەندێک خاڵی سەرەکی پەیوەست بە ستراتیژی و ڕێکخستنی سیاسی.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ڕووبەری "ئازادی" تا ڕادەیەکی زۆر لە سیستەمی سیاسیدا نییە و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان یان لاوازن یان لەلایەن ڕژێمە تاکڕەوەکانەوە قۆرغکراون، بیرۆکەی خەباتی جەماوەری - کۆمەڵایەتی پێویستی بە زیندووکردنەوەی هەیە. کەواتە هەنگاوی یەکەم، گەڕاندنەوەی باوەڕە بە ڕێکخستنی جەماوەری وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی.

فاکتەری گرنگی دیکە توخمی "موفاجەئەیە"! هەموو سیستەمێکی سیاسی شارەزا نییە لە پێوانەکردنی ئاستی "ڕقی کۆمەڵایەتی" کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران ڕووبەڕوی موفاجەئەی ڕووداو یان ئاکشنی چاوەڕوەنکراو نەبنەوە، ئەوە هەمیشە بۆیان ئاسان دەبێت شکستهێنان بە بزووتنەوە جەماوەرییەکان، ئەوان دەتوانن بە ئاسانی بزووتنەوەکان سەرکوتبکەن پێش ئەوەی گەشە و تەشەنە بکەن. 

لە جیهانی ئەمڕۆدا سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە کۆکردنەوەدا، بەڵام لە هەمانکاتدا نەگەتیڤیشە! جموجۆڵی بزووتنەوەکان بۆ نەیارەکانیان ئاشکرا دەکات. بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەبێ فێربن کە مەودای ستراتیجی لەنێوان پلانەکانیان و دەرکەوتنی گشتیدا دروستبکەن. بۆچی دەبێت هەموو جیهان ، پێشوەختە هەموو هەنگاوێکی بزووتنەوەکە بزانن؟

دیسپلین پێویستییەکی تری بنەڕەتییە بۆ خەباتی جەماوەری سەرکەوتوو. ڕێکخستن نابێت ئارەزوومەندانە بێت؛ دەبێت کۆنکرێت و پێکهاتەدار و سیستماتیک بێت. بزووتنەوەکان دەبێ بە پلەبەندی ڕوون و چوارچێوەی کارپێکردن کاربکەن کە جەخت لەسەر بڕیاردان و کردەوەی بەکۆمەڵ بکەنەوە. دروستکردنی پێکهاتەیەکی ڕێکخراو - هاوشێوەی هەرەمێک - بەردەوامی و سەقامگیری مسۆگەر دەکات، ڕێگری دەکات لە هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکان بەئاسانی.

جگە لەوەش نابێت هێزی ناتوندوتیژی بە کەم سەیر بکرێت. تا بنکەی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەیەک فراوانتر بێت، پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی کەمتر دەبێتەوە. سەرگەرمی، یان بەشداریکردن لە کردەوەی بێ پلانی ستراتیژی یان ئامادەنەکراودا، دەتوانێت کارەساتبار بێت، بە تایبەت بۆ ئەو بزووتنەوانەی کە پشتیوانییەکی پارچەپارچە یان لاوازیان هەیە. پێویستە بزووتنەوەکان پێش ئەوەی داواکارییەکانیان پەرەپێبدەن، سەرنجیان لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز و جەماوەرێکی بەرینتر بێت.

"کاتی کردار" زۆر گرنگە. بزووتنەوەیەک دەبێت بە وردی دیاری بکات کەی "ڕووداوێکی" کاریگەر دروستبکات - ڕووداوێک کە وەک زەمینەیەکی لەباربێت تا زنجیرەیەک کرداری گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنیت. دەبێت هۆشیاری سیاسی و هۆشیاری ستراتیژی لە بنیاتنانەوەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا لە پێشینە بێت. بەبێ نەخشەڕێگای ڕوون و تێگەیشتن لە داینامیکی کۆمەڵایەتی - سیاسی فراوان زەحمەتە خەباتی جەماوەری بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی!

لە کۆتاییدا خەباتی جەماوەری تەنیا دەربڕینی ناڕەزایی نییە؛ پێویستی بە پلاندانانی ورد و دیسیپلین و جێبەجێکردنی ستراتیژی هەیە. توانای تەحەددای سیستەمە سیاسییەکان نەک تەنها لە ڕەوایی دۆز بەدەست دێت، بەڵکو لە کاریگەری ڕێکخستن و تاکتیکەکەیدایە. تەنیا بە چارەسەرکردنی ئەم لایەنە بنەڕەتییانە دەتوانین بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ناڕەزایەتییە کاتییەکانەوە بگۆڕدرێن بۆ هێزی هەمیشەیی دروستکردنی گۆڕانکاری.

وتاری نووسەران