ژیار هۆشیار 


​بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جەنگ و لێکەوتە مەترسیدارەکانی، بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئاقارێکی جیاوازی وەرگرتووە وەک لەوەی پێشتر هەبوەو تاڕادەیەک ئێمەش کوتووینەتە ناو بازنەی شەڕەوە. 
هەربۆیە بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەوە  و بە بڕیاری وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندن درا، بەڵام بە شێوەی ئۆنلاین. ئەم بڕیارە لە لایەن خوێندکاران، خێزانەکان و هاووڵاتیانەوە ڕا و سەرنجی جیاوازی لێکەوتەوە؛ هەندێک دژ و هەندێکی تریش هاوڕا بوون، بەڵام پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: خوێندن لەناو هۆڵ یان ئۆنلاین؟ جەوهەری ئەم پرسیارە هەڵگری شیکارییەکی قووڵە نەک تەنیا قسەکردنێکی ڕووکەش و بڕیاردانی بێ تێگەیشتن، چونکە دەبێت لە دۆخێکی ئاوادا هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئەو لێکەوتە مەترسیدارانە بکرێت کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی خوێندکارەوە هەیە، نەک تەنیا پرۆسەی خوێندن. ڕاستە خوێندنی ڕووبەڕوو لەناو هۆڵەکاندا کاریگەریی خۆی هەیە و جۆرە هەست و سۆزێکی جیاوازتر دەبەخشێت و خوێندکار پابەندی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ دەکات، ئەمەش لە ڕاستیدا زیندووترین پرۆسەی فێربوونە، ڕێک وەک جیاوازیی خوێندنەوەی کتێبێکی کاغەزی لە بەرانبەر خوێندنەوەی کتێبێکی ئەلیکترۆنیدا؛ کەواتە بە دڵنیاییەوە خوێندن لەناو هۆڵ زیندووتر و ڕاستەقینەترە، بەڵام ئایا بەڕاست ئەم بارودۆخە نائاساییە شایەنی ئەوە نییە هەڵوێستەی لەبەرانبەر بکرێت و جگەرگۆشەکانمان لە مەترسی بپارێزین؟
​بە دڵنیاییەوە، بڕیاری خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین لە ئێستادا دروستترین و گونجاوترین بڕیارە، چونکە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە بارودۆخەکە بەرەو خراپتربوون بڕوات و پێویست بکات مرۆڤ بارگە و بنەی تێبپێچێت. ئەم لۆژیکە لە ئەزموونەکانی ڕابردوومانەوە سەرچاوەی گرتووە؛ بۆ نموونە، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی بڕیاردرا چیتر پشوو درێژ نەکرێتەوە و دەوامی خوێندکاران دەست پێ بکاتەوە، چەندین درۆن ئاراستەی کوردستان کران، جگە لەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر ناوەندە زانستییەکان و زانکۆکان بوونەتە مەترسییەکی جددی. کەواتە لە نێوان کوالیتی خوێندن و پاراستنی گیانی مرۆڤدا، بڕیاری خوێندن بە ئۆنلاین لە ئێستادا عاقڵانەترین هەنگاوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە.

وتاری نووسەران