ئەبوكاروان

یەکێک لەو باس و بابەتە گرنگانەی کە لای شیوعییەکان جێ شانازی و سەروەرییەکی مێژوویی و زیندووی مەزنە ئەوەیە، کە حزبی شیوعی هەر لەسەرەتاکانی دامەزراندنی و لەساڵی ١٩٣٥ەوە هەڵگری ھەڵویستی ڕوون و ڕاشکاو بووە لەئاست پرسی كورد و مافەڕەواکانی لە عێراق و ناوچەکەدا، ئەمەش بەڕوونی لە چوارچێوەی دروشمی مافی چارەنووسی گەلی كوردستاندا ڕەنگیدایەوە و، چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستانی بە بەشێكی گرنگ لە ئەركەكانی خۆی زانی و بەکردەوەش ئەو هەڵوێستەی لە داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد بۆ تەواوی گەلانی عێراق سەلماند و بەڕوونی بانگەشەی چارەسەرکردنی ئەو پرسەی دەکرد و  بەشداری كاریگەری ھەبووە لە خەبات و تێكۆشان،  شوڕش و ڕاپەڕینەكان و شەھید و قوربانییەكان گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن پەیوەست بەداكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان.

لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلانی عێراق و كوردستان و ھەڵبژاردنی پەرلەمان و كابینەی یەكەمی حكومەتیش سەرەڕای ناڕازیە تییەكان و ساختەكاری لە ھەڵبژاردن و شێوازی پێكھێنانی حكومەت، حزبی شیوعی بەردەوامبووە لەكاركردن بەو ئاراستەی، كە ئەم دەزگایانە ببنە دەزگایەكی دامەزراوەیی و وەك نموزەجێكی كاریگەر لە ناوچەكە دەربكەون، ھەر لەبەر ئەوەبوو ڕەخنە و تێبینییەكانی بە زمانی گوڵەكە دەردەبڕی و ھەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی دەدا و بۆ ئەمەش چەندین پرۆژەی چاكسازی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم كردووە و بەردەوام لە هەوڵی  چارەسەریدا بووە، هەرچەند هەوڵەکان بەھەند وەرنەگیراون.

من دەمەوێ لێرەدا نموونەیەكی كرداری باسبكەم كە ئەویش گفتوگۆی نێوان ھاوڕێ كەمال شاكر و کاک قادر عەزیز ڕوویدا لە كاتی سەردانێكی وەفدی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كە ئەو كاتە بەڕێزیان سكرتێری بوو.

لەسەر بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و ھەوڵدان بۆ چاكسازی و ڕووبەڕووبونەوەی حوكمڕانان ، كاك قادر زۆر بەتوندی باسی كردارە خراپەكانی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستانی كرد و پێداگیری لەسەر ئەوە دەكرد بەھەمان نەھجی پێشوو ڕەخنەكانمان نەخەینەڕوو، بەڵكو دەبێ ئاستی دەربڕینەكانمان توندتر بكەینەوە و بۆ ئەو مەبەستە كاری ھاوبەش ئەنجامبدەین، دواتر ھاوڕێ كەمال شاكر وتی: شێوازی دەربڕینی ئێمە جیاوازە و ڕەخنەكانیشمان برینداركەر نابن و مەبەستمان چارەسەركردنە .

بۆ نموونە گەر لەبری ئەوەی بڵێین ئەم پەرداخە نیوەی بەتاڵە، دەڵێین ئەو پەرداخە نیوەی پڕە ، ھەروەھا وتی گەر یەكێك جوێنی پێداین و ووتی سەگباب، لەوەڵامدا پێیدەڵێین برا بۆ جوێن دەدەیت، گەر وتمان برا بۆ جوێن دەدەیت، كەواتا تۆیش سەگبابی، بەپێكەنینەوە كاك قادر وتی مەگەر لەم وەڵام و شێوازی دەربڕینە خۆتان تێبگەن و ئەگینا لە كوردستان گەر كەسێك جوێنی پێدایت و وتی سەگباب، دەبێ پێی بڵێی سەگی سەگباب ئەو كاتە خەڵك لێت تێدەگات، بەڵام ئەوەی ئێوە كەس لێی تێناگات.

لەكۆتاییەكەدا دەمەوێ بڵێم گەر ئەو خیتاب و شێوازی دەربڕینە بۆ سەردەمێك لە جێگای خۆیدا بووبێت، ئەوا دوای ٣٣ ساڵ لە حوكمڕانی حزبەكانی دەسەڵات و دروستكردنی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر، ئەو خیتابە قبووڵكراو نییە، چونکە ئەو هێزانەی ئیدارەی هەرێم دەدەن، سڵ لە هیچ كارێکی ناڕەوا  ناكەنەوە و بێ دوودڵی ده‌ستی بۆ دەبەن، فەرھوود و تاڵانی سامانی گشتی و یاریكردن بەزەوی و زاری دەوڵەت، قوت و مووچەی خەڵك، قۆرخكاری بازاڕ و ئابووری و وەبەرهێنان و نه‌وت و بازرگانی دەرمان و خۆراك، قاچاخچێتی و نەدانی گومرگ، دروستكردنی كۆمپانیای زەبەلاح و باجنەدان، قۆرخكاری لە كەرتی خانووبەرە، لە كشتوكاڵ، لەدامەزراندنی زانكۆی تایبەت و پەیمانگەی تایبەت و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و قوتابخانەی تایبەت و خەسخەسەكردنی كەرتی گشتی، تادێت زیاتر دەست دەخەنە نێو قوڕگ و قووتی خەڵك، ژیانیان ئێجگار دژوار كردووە.

تادێت خۆكوشتن و جیابوونەوە و پەرتبوونی خێزان و ماددەی هۆشبەر زیاد دەكات، ئەم حزبانەی دەسەڵات لەگەڵ یەكدی لە زۆر شتدا ناكۆكن، بەڵام بۆ دابەشكردنی بەرژەوەندییە حزبی و شەخسیەكانیان هاوڕان، كۆكیشن لەسەر كەڵەكەكردنی سامانی ناشەرعی لەسەر حیسابی خەڵك و چینی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت .

لەوەشدا كۆكن کە پشتیوانی هێزی كۆنەپەرستی وەك سەلەفییەكان، شیخ و دەروێش و تەكیەكان بکەن و چەواشەکاری بڵاوبکەنەوە، خەڵك سەرقاڵبكەن، بیروهۆشیان بۆجێگەی تر ئاراستەبكەن، ئاستی نابووتی و بەدئەخلاقییان گەیشتووەتە سنوورێک، کاتێک لەبەرامبەر ئەم گەندەڵی و دۆزەخی ژیانە خەڵکی  بەشێوەیەکی مەدەنییانە دێنە سەرشەقام بۆدەربڕینی ناڕەزایی، بەتوندترین شێواز ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە و تاوانباریان دەكەن.

بەکورتی لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی ھەرێم گوێ لە حزبەكان و چین و توێژەكان و نووسەر و ڕۆشنبیران ناگرن، لە كاتێكدا تاوانەكانیان دەرھەق بەگەلەكەمان سنوورەكانی بەزاندووە و بوونەتە مەترسی بۆسەر خەڵک و قەوارەی هەرێم، ئەو جۆرە گوتارە سیاسییەی حزبی ئێمە ھیچ كاریگەرییەکی بەهێزی نییە و ناتوانێ ببێتە هۆکاری جووڵاندنی شەقام و لە ئاستی تێگەیشتنی خەڵك و كۆمەڵگادا نییە و نەیتوانیوە ببێتە ھۆكاری جووڵاندنی ڕایگشتی، ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و دەنگنەدانی جەماوەر بە لیستەكانی ئێمە و ھاوپەیمانەكانمان دەرخەری ئەو ڕاستییەن و دەبێ هەڵوێستەی جدی لەسەربکەین و ببێتە جێی گفتوگۆی ڕاستەقینە و بێسڵکردنەوە خاڵە پۆزتیڤ و نەگەتیڤەكانی ئەو بارودۆخەی حزب دەستنیشان بكەین و بەگوڕوتینێکی تر و بابەتییانەتر بێینە مەیدان و گۆڕەپانی تێكۆشان و دووركەوینەوە لە پاساوھێنانەوە بۆ دەسەڵاتداران و بەجددی ڕووبەڕووی ستەمكاران ببینەوە و ببینە پێشڕەوی جەماوەر و سڵنەکەینەوە لە خستنەڕووی ئەو نەهامەتییانەی کە حزبەکانی حوکمڕانی هەرێم دەرهەق بە خەڵک ئەنجامیانداوە.

لە ھەمانكاتیشدا گرنگە حزبی ئێمە دەستپێشخەری گفتوگۆی بەرهەڵستکاری دەستپێبکات و لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات بهێنینە سەر هێڵی گەرمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی حزبەکانی دەسەڵات و چوارچێوەیەكی بەرهەڵستکاری جددی پێکبهێنرێ.

وتاری نووسەران