مرۆڤ و پەروەردە

بەشی بیست  و یەک             

پەروەردە چەق و سەنتەری گۆڕانکارییەکانە، بەیەکێک لە پرسە هەرە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت، بەجۆرێک پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەر وڵات و هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەستە بەڕادەی پێشکەوتنی بواری پەروەردەکەیەوە. هەر کۆمەڵگە و وڵاتێکی پێشکەوتوو، لەڕووی ئابووری، تەکنەلۆژی، ڕۆشنبیری، زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیستەمێکی پەروەردەیی باش و پێشکەوتوو و تۆکمەی لە پشتەوەیە. بەواتایەکی تر، کۆمەڵگەی پێشکەوتوو، بەرهەمی پەروەردەی پێشکەوتووە. بەپێچەوانەوەش، هەموو ئەو وڵات و کۆمەڵگەیانەی بواری پەروەردە پشتگوێ دەخەن و بایەخی پێ نادەن، لە وڵاتە دواکەوتووەکانن، ئەو وڵاتانەی پڕن لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکری، ئەو وڵاتانەی پڕن لە شەڕ و ئاژاوە و فیتنە و ئاشووب و ئاڵۆزی. وڵاتگەلێک، کە هەرگیز ئارامی و ئاساییش و ئۆقرەیی بەخۆیانەوە نابینن. ئەو جۆرە وڵاتانەی کە گرنگی بە پەروەردە نادەن، کە لا لە پەروەردە ناکەنەوە، کە خەمی پەروەردەیان نییە، کە هیچ فەلسەفەیەکی ڕوونی پەروەردەیان نییە، هەمیشە لە پەراوێزی دونیای مۆدێرن و پێشکەوتوون، هەمیشە پاشکۆ و لە پاشن.

پەروەردە پرۆسەی بەمرۆڤکردنە"مرۆڤ ناتوانێ ببێ بە مرۆڤ، تەنها بە پەروەردە نەبێ"(۱). دەکرێ بڵێین پەروەردە پرۆسەی ئامادەکردنی مرۆڤە بۆ ژیان و بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی توانای خۆ گونجاندنی هەبێت لەگەڵ دەوروبەر، بۆ بەهێزکردنی توانا تاکەکەسییەکانە، بۆ پێگەیاندنی مرۆڤێکە کە سوودی بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی هەبێت.

پەروەردە پرۆسەیەکە بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی مرۆڤ، پەرەپێدان لەڕووی جەستەیی و ژیری و دەروونی و کۆمەڵایەتی.

پەروەردە پێناسەو ڕاڤەو شیکردنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، هەریەکەو لە ڕوانگەی خۆیەوە و بەپێی دونیابینی و تێگەیشتن و بیروباوەڕە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات. تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە، لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە، لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.

ئەگەر چاوێک بە فەرهەنگە کوردییەکاندا بخشێنین، بۆ زانینی ڕەگ و ڕیشەی وشەی پەروەردە لەڕووی زمانەوانییەوە، دەبینین بەم شێوەیە ڕاڤەی بۆ کراوە:

لە فەرهەنگی(خاڵ)دا وشەی پەروەردە بەم واتایە دێت: هەر شتێک بە ڕەنج و کۆشش بەرهەم هێنرابێت. دەگوترێ: ئەم منداڵە، یان ئەم درەختە، یان ئەم گوڵە، پەروەردەکراوە. بە واتای بەرهەمهێنانیش هاتووە.

هەروەها لە فەرهەنگی(کوردستان)دا بەم شێوەیە هاتووە: بەخێوکراو، ڕەنێوهێنراو، گیاندار یان هەر جۆرە ڕووەکێک، کە بە ڕەنج و کۆشش بەرهەم هێنرابێت. هەروەها بە واتای پێگەیشتن، بەخێوبوون، بەڕێچوون، بەرهەمهاتن، پێگەیاندن، پێڕاگەیاندن و بەرهەمهێنان هاتووە.

لە فەرهەنگی(هەنبانە بۆرینە)شدا، بە واتای بەخێوکردن و ڕاهێنان هاتووە.

ئەم پرۆسەی پەروەردەکردنەش، بێگومان دەبێت لە منداڵەوە دەست پێبکرێت. کاریگەرترین و هەستیارترین قۆناغیش بۆ پەروەردەی منداڵ، قۆناغی بەر لەچوونییەتی بۆ قوتابخانە. کەسایەتی منداڵ لەم قۆناغە دروست دەبێت، مێشکی منداڵ لەم قۆناغە گەشە دەکات، لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی منداڵ هەر لەم قۆناغەدا ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە. لەبەرئەوە ، پەروەردەکردن وریایی و ئاگایی و زانینی دەوێت. هەر وەک چۆن ئەگەر بمانەوێت نەمامێکی تازە بڕوێنین، بۆ ئەوەی بەرهەمدار و جوان و ڕازاوە بێت و خەڵک لە سایە و سێبەریدا بحەسێنەوە، دەبێت لە سەرەتاوە خزمەتی بکرێت، چاودێری بکرێت، هەموو پێداویستییەکانی لە ئاو و خاک و کەشوهەوای گونجاو بۆ دابین بکرێت. بە هەمان شێوە منداڵیش هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیەوە پێویستی بە چاودێریکردن و ئاگالێبوونە، پێویستی بە خەملێخواردنە، بۆئەوەی بە ڕێکی گەشە بکات و تووشی لادان و لاساری نەبێت، بۆئەوەی ئاییندەیەکی گەش و پرشنگداری هەبێت. (کانت) پێیوایە پەروەردەکردنی مرۆڤ لە سێ قۆناغ دەکرێت، ئەوانیش: قۆناغی یەکەم، قۆناغی شیرپێدانە. مەبەستی سەرەتای لەدایکبوونی منداڵ و قۆناغی ساواییە. قۆناغی دووەم، قۆناغی منداڵییە، ئەویش پێویستی بە دیسپلین و چاودێری و ڕێکخستنی ژیانی هەیە، کە بناغەیە بۆ ژیانی منداڵ. قۆناغی سێیەمیش، قۆناغی خوێندنە. کانت پێیوایە کەمتەرخەمی لە دیسپلین زۆر خراپتر و ترسناکترە لە کەمتەرخەمی لە فێرکردن. چونکە دەکرێ لە کاتێکی تر و درەنگتر کەسێک فێر بکرێت، بەڵام دیسپلینکردنی کەسێک لە کاتێکی درەنگ و لە تەمەنێکی گەورەدا، زەحمەتە.

لەبەرئەوەی قۆناغی منداڵی بناغەی کەسایەتی مرۆڤە، دەروازەیەکە بۆ هەموو پێشکەوتن و گۆڕان و گەشەسەندنێک. منداڵ دوای ئەوەی کە لەدایک دەبێت و چاوی بە دونیا هەڵدێنێت، هیچ ئەزموون و زانین و زانستێکی نییە سەبارەت بە ژیان و چۆنیەتی ژیانکردن لەم هەسارەیە. بۆیە منداڵ بە پەروەردەکردن فێری ژیان دەبێت، فێری ڕەوشت و دابونەریتەکان دەبێت. بۆیە دەڵێین، پەروەردەیە مرۆڤ دەکا بە مرۆڤێکی ڕاستەقینە. پەروەردە مرۆڤ دروست دەکات، مرۆڤێکی ئازاد و ئازا، مرۆڤێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، مرۆڤێکی بیرکەرەوە و چوستوچاڵاک، مرۆڤێکی ژیاندۆست و ژینگەدۆست، مرۆڤێکی دەستپاک، دڵسۆز، مرۆڤێک، کە نیشتیمان وڵاتەکەی خۆی خۆش بوێت، مرۆڤێک کە مرۆڤایەتی خۆشبوێت. 

پەروەردە مرۆڤێک بەرهەم دێنێت، کە هەڵپەی پێشکەوتن و زانین و خۆڕۆشنبیرکردنی بێت، مرۆڤێک، کە بڕوای بە خۆی و تواناکانی هەبێت، کە هەستی خۆبەکەمزانینی لا نەبێت، بەگشتی، پەروەردە مرۆڤێکی باڵا دروست دەکات.

 

۱-في التربية، ایمانويل كانط، ل۲٥.

وتاری نووسەران