
مامۆستا ئیسماعیل حەمەد ئەمین / ڕانیە
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ مامۆستا ئیسماعیل کوڕی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری ناوچەی بیتوێن و شاری ڕانیەیە. باوکی ڕەوانشاد (حەمەدەمین حەسەن1927-2001) هەر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تێکەڵ بە خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی جووتیاران بووە دژ بە ستەمی ئاغاکان و دەرەبەگایەتی خەباتی کردووە. لە ساڵی 1958 لە ڕاپەڕینی جووتیارانی بیتوێن بەشدار بووە. دوای شۆڕشی چواردەی تەممووزی 1958 وەکو تێکۆشەرێکی شیوعی هەمیشە لە مەیدانی خەباتی جەماوەری و چینایەتی ناوچەکەیان دانەبڕاوە.
لە پایزی1973 کە پارتی هەڵمەتی ڕاونان و گرتنی شیوعییە تێکۆشەرەکانی دەستپێکرد، مام حەمەدەمینینیان گرتووە و ڕەوانەی زیندانی ڕەشی ڕایاتیان کردووە، تاکو ساڵی1975 لە (زیندانی هەڤاڵان)!! ئازار و ئەشکەنجەدراوە ئینجا ئازادکراوە!!. مامۆستا ئیسماعیل دەڵێ : "باوکم بۆی دەگێڕاینەوە و دەیگوت: لە زیندانی ڕایات دەوروبەری 150 زیندانی لە ژوورێکی 3×4 زیندانیکرابووین دەبوو بەپێوە بوەستین ئەوانەی نەخۆشبوون دەمردن و بەرگەیان نەدەگرت".
مام حەمەدەمین وەکو تێکۆشەرێکی شیوعی ژیاوە و لە ساڵی 2001 کۆچی دوایی کردووە و ئاڵای سووری دەستی تەسلیمی مامۆستا ئیسماعیلی کوڕی کردووە. یادی بەخێر.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئیسماعیل:
ــ ناوی تەواوی: ئیسماعیل حەمەدئەمین حەسەن.
ــ لە ساڵی 1970 لە شاری ڕانیە لەدایکبووە.
ــ لە ساڵی 1976 لە قوتابخانەی بیتوێنی سەرەتایی تێکەڵاو دەستی بە خوێندن کردووە. لەساڵی 1982 قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.
ــ لە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ڕانیە تەواوکردووە.
ــ لە دوای تەواوکردنی ئامادەیی، لە ماوەی نێوان (1989 - 1991) ئامادەیی پیشەسازی سەربازی تەواوکردووە.
ــ لە ماوەی نێوان (2009 - 2011) پەیمانگای کارگێڕی یاسایی لە کۆیە خوێندووە.
ــ لە ڕێکەوتی 18-2-1998 بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی قوڕەگۆی سەرەتایی تێکەڵاو لە سنووری قەزای ڕانیە بە مامۆستا دامەزراوە و تاکو ساڵی 29-9-2008 بەڕێوەبردنی قوتابخانەکەشی لە ئەستۆ بووە.
ــ لە 2008 بۆ قوتابخانەی قەڵاتی بنەڕەتی لە شاری ڕانیە گوازراوەتەوە و تاکو ئێستا وەکو مامۆستا ئەرکی پەروەردەیی خۆی لەم قوتابخانەیەدا جێبەجێ دەکات. هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازین.
٭ ئاماژە بۆ خەباتی پیشەیی و سیاسی:
ــ مامۆستا ئیسماعیل هەر لە ساڵی (1992) ەوە تاکو ئێستا وەکو ئەندام و ئەندامی لێژنەی باڵا و بەرپرسی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە ڕانیە کاری کردووە و چالاکی نواندووە و بەردەوامیشە. لە هەموو کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایاندا بەشدار بووە. لە چالاکییە مەیدانییەکانی مامۆستایانی ناڕازی لە پێناوی مافەڕەواکانیاندا بەشدار بووە. ئەوەی جێگای شانازییە بۆیان، مامۆستا (حەبیبە خان)ی هاوژینی هاوڕێی بووە لە خەباتی پیشەیی و چالاکی مەدەنی و سیاسی.
مامۆستا ئیسماعیل وەکو تێکۆشەرێکی شیوعی لە ناوچەی بیتوێن و پشدەر هەر لە سەرەتای نەوەتەکانەوە بەشداری لە خەباتی چینایەتی و جەماوەری و سیاسی حزبەکەی، حزبی شیوعی کوردستان کردووە و بەردەوامیشە. لە ساڵی 1992 لە دامەزررێنەرانی میحوەری بیتوێن پشدەرە و ئەندامی مەکتەبی میحوەرەکە بوو.
ــ ئێستا ئەندامی مەڵبەندی ڕانیەی حزبی شیوعی کوردستانە و بەرپرسی کۆمیتەی قەزای بیتوێنە.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
ــ مامۆستا ئیسماعیل لە ڕێکەوتی 25-10-1991 ژیانی خێزانی لەگەل مامۆستای تێکۆشەر حەبیبە قادر ئیبراهیم پێکهێناوە. بەرهەمی هاوسەرگیرییان:
1- ئاگری،1994، پەیمانگای تەکنۆلۆجی کارەبای تەواوکردووە.
2- ئاگا،2000، پەیمانگای هونەرەجوانەکانی تەواوکردووە.
3- ئازار،2001، قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە.
هەرسێ کوڕە بەڕێزەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین و خەریکی کارکردنن. هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژیان بۆ دەخوازین.
٭ سەرچاوە: دیدارمان لەگەل مامۆستا ئیسماعیل، ڕانیە 15-7-2024
هەروەها ناسینی خۆم بۆ مامۆستا ئیسماعیلی بەڕێز و تێکۆشەر.