
عومەر شێخەڵلا دەشتەکی 1941 - 2005
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی یەکەم
٭ لە جیاتی پێشەکی:
مامۆستا عومەر شێخەڵَڵَا (یادی بەخێر) کەسایەتییەکی پەروەردەکار، نووسەر و ڕۆشنبیر، فۆلکلۆرپەروەر، کۆمەڵایەتی و ئاشتیخواز، سیاسی پێشکەوتنخواز، نیشتمانپەروەرێکی خاوەن بیروباوەڕی کۆمەنیستانەی نەگۆڕ ..
مامۆستا عومەر لە ژیانی مامۆستاییدا، لە خەباتی پەروەردەیی وەکو مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی، وەکو بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن، وەکو سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی کوردی و دواجار وەکو ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، خزمەتی زۆری پێشکەش بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و هەردوو توێژی قوتابیيانی خۆشەویست و مامۆستایانی قەدرگران کردووە.
ئەوانەی قوتابی مامۆستا عومەر بووینە ئەم شایەدیە دەدەن، فەرموو بزانن پ.د. عومەر پەتی چۆن باسی مامۆستای خۆی دەکات:" .. هەر لە ڕێگەی بەڕێزیان (مامۆستا عومەر شێخەڵڵَا) و بەهۆی هەوڵ و کۆششی کە وانەی زمان و ئەدەبی کوردی دەوتەوە، بەتایبەتی لە بابەتی (چاووگ) لە زمانی کوردی و چۆنیەتی دۆزینەوەی (ڕەگ)ی چاووگ کە جۆرە ڕێگایەکی تایبەتی فێرکردین مامۆستایانی تری زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی سێیەمی ناوەندی بەکاریان نەدەهێنا، ئەمەیان زۆر کاری لێکردم(1)".
مامۆستا عومەر شێخەڵڵَا ئەوەندەی پێی کراوە خزمەتی بواری فۆلکلۆری کوردی کردووە. لەبواری سیاسیشدا وەکو نیشتمانپەروەر و چەپێک درێغی لە خەبات نەکردووە. وەکو ئاشتیخوازێک ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە بەتایبەتی لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا لە کاتی شەڕی ناوخۆدا..
ئێمەش لەم ژیاننامەیەدا بە کورتی ئاماژە بۆ گرنگترین کار و چالاکی و خەبات و بەرهەم و لاپەڕە گەشەکانی ژیانی مامۆستا عومەر شێخەڵڵَا دەکەین.
٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا عومەر:
ــ لە پایزی ساڵی1941 لە گوندی قوشاغلو سەر بە ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر چاوی بە دونیا هەڵێناوە، مام شێخەڵڵَای باوکی پیاوێکی لەسەرخۆ و دونیا دیدە و چاوتێر و تێگەیشتوو بووە، بۆیە لە ساڵی 1951 کاتێ عومەری کوڕی خەریکی جۆتکردن بووە، جۆتەکەی پێ بەردەدات و دەیخاتە بەرخوێندن و لەو ژوورەی باوکی بۆی دروستکردبوو، کە پێیاندەگوت (حوجرە)، لەگەڵ شەوکەتی ئامۆزای و مامۆستا عەبدولخالق عەلائەدین (یادی بەخێر)، کە مامۆستای قوتابخانەی گوندەکەیان بوو، ژیانی ڕۆژانەیان گوزەراندووە(2)" .
ــ لە ساڵی 1957 دوای ئەوەی پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی قوشاغلو تەواودەکات دەچێتە هەولێر و هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواودەکات.
ــ دوای تەواوکردنی بەشی وێژەیی لە ئامادەیی، لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی (1967-1968) تەواوی کردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی (1968-1969) بە (مامۆستای زانکۆیی) لە قوتابخانەی سۆرانی سەرەتایی لە شاری هەولێر دامەزراوە.
ــ لە دوای دەرچوونی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970گوازراوەتەوە بۆ سەر میلاکی دواناوەندی و وەکو مامۆستا گوازراوەتەوە بۆ دواناوەندی ڕواندز، دوای ساڵێک گەڕاوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە هەرسێ ناوەندی زۆزان و قەندیل و جمهوری بۆ ماوەی جیا جیا وەکو مامۆستا و یاریدەدەر و بەڕێوەبەری قوتابخانە خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و زمانی شیرینی کوردی کردووە.
ــ لە ساڵی 1995 بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی کوردی دامەزراوە.
ــ لە چەند کۆلێژێکی زانکۆی سەڵاحەدیندا وەکو وانەبێژ وانەی ئەدەب و فۆلکلۆر و زمانی کوردی گوتۆتەوە.
ــ لە دانانی پڕۆگرامەکانی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ قۆناغی ناوەندی بەشداربووە.
٭خەباتی سیاسی و پیشەیی و ژیانی ئەدەبی:
مامۆستا عومەر لە ژینگەیەکی لادێیی جووتیاری دەشتی هەولێر گەورەبووە و کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕی چەپ و نەتەوەیی پێشکەوتنخواز. لایەنگری خەباتی جووتیاران بووە دژ بە چەوساندنەوەی چینایەتی و هاوسۆزیش بووە لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی گەلەکەی لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا.
نووسەری پێشکەوتنخواز بەکر کەریم (ئاسۆ)، لە کۆمێنتێکدا لەسەر مامۆستا عومەر دەڵێ:" .. مامۆستا عومەر پیاوێکی تێکۆشەر و مرۆڤدۆست و بەهیممەت و کوردپەروەربوو، خۆی و براگەورەکەی ساڵح شێخەڵڵا دۆستێکی نزیکی بابم بوو. لەبیرمە لە ساڵی1974 دائیرەی ئەمن لەبەر بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانەی مامۆستایان گرت، پاش جەزرەبەیەکی زۆر ئازادکرا من و مامۆستا عومەر حاجی کە ئەودەم قوتابی زانکۆبووین لە ماڵەوە سەرمان لێدا، پاش بەخێرهاتن پێی گوتین ئەوجارەش هاتمەوە ناو (تەیران)! بەڕاستی وانەی کوردایەتی و خۆڕاگری لێ فێردەبووین".
بەڵێ مامۆستا عومەر بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری دڵسۆزانەی، ماوەی چوار مانگ لە بەندیخانەی ڕەشی بەعسییەکان ئازاری زۆری چەشتووە، تا مردیش ئاسەواری ئەشکەنجەدانی بە جەستەیەوە دیاربووە.
ــ سەرەتای هەڵوێستی سیاسی و هزری مامۆستا عومەر بۆ ساڵی1958 دەگەڕێتەوە، هەر لەو ساڵەدا لە تەمەنی زووی لاویدا ڕێگای تێکۆشانی سیاسی و چینایەتی هەڵبژاردووە و چۆتە ڕیزی حزبی شیوعی عیراق و تا دوا هەناسەی ژیانی ڕێبازی هزری و سیاسی کوردپەروەری نەگۆڕیوە.
ــ مامۆستا عومەر هەر لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی وەکو مامۆستا بۆتە ئەندامی لیستی پیشەیی مامۆستایان و لە هەڵبژاردنی مامۆستایاندا بەشداربووە و ئەندامی نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو لەسەر لیستی پیشەیی مامۆستایان و ماوەی 10 ساڵ ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو (1995-2005) .
ــ لە گشت کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایاندا بەشدار بووە و چەندین ساڵیش ئەندامی لێژنەی باڵای ڕێکخراوەکە بوو.
ــ لە نەوەتەکان ئەندامی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بوو. هەروەها ئەندامی هەردوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی ئاشتی بوو لە هەرێمی کوردستاندا.
٭ لە بارەی کار و چالاکی ئەدەبی و بەرهەمەکانی:
ــ مامۆستا عومەر هێشتا قوتابی پێنجی ئامادەیی بووە دەستی بە نووسین کردووە، یەکەم بەرهەمیشی چیڕۆکێک بووە بە ناوی (خانزادی بەخت ڕەش) لە شەستەکان لە ڕۆژنامەیەکی ئەوکات بڵاویکردۆتەوە. وەکو مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر کاتی زۆری لە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی تەرخانکردووە. زۆر بایەخی بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی پەندی کوردی داوە.
پێنج بەرگ لە کتێبە بەنرخەکانی لەسەر پەندی کوردی بڵاوکراونەتەوە.
دوو بەرگی لە کتێبی (داستان و گۆرانی لە فۆلکلۆری کوردیدا) چاپکردووە.
ــ لە سەرەتای حەفتاکاندا بۆتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد.
لە ساڵی1972 بۆتە ئەندامی یاریدەدەری کۆڕی زانیاری کورد.
٭ ژیانی کۆمەڵایەتی:
مامۆستا عومەر شێخەڵڵا لە ڕێکەوتی 1-1-1969 ژیانی خێزانی لەگەڵ مامۆستای تێکۆشەر شوکریە محەمەد ئەمین دێوانە پێکهێناوە و کچێک و سێ کوڕیان بووە:
1- ئامێز،1970، بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردە تەواوکردووە و مامۆستای زمانی کوردیيە و هاوژینی مامۆستای بەڕێز یەحیا عەبدولکەریمە.
2- زریان،1971، پەیمانگەی پیشەسازی تەواوکردووە و لە وڵاتی دانیمارک نیشتەجێیە.
3- دەشتی،1973، قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە و لە هەولێر نیشتجێیە و کاسبی دەکات.
4- کرمانج،1978، کۆلێژی ئەندازیاری تەواوکردووە و وەکو ئەندازیار لە شارەوانی هەولێر کاردەکات.
سەرلەبەیانی ڕۆژی 27-9-2005 بەهۆی نەخۆشی مامۆستا عومەر شێخەڵڵا کۆچی دوایی کرد. یادی بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی.
سەرچاوەکان:
1- دیدار لەگەڵ مامۆستا شوکریە محەمەد ئەمین و کرمانج عومەر شێخەڵڵا لە کتێبخانە و ئەرشیفخانەی مامۆستا عومەر لە ماڵی کاک کرمانج ڕۆژی 12-9-2024
2- نەجمەدین عەزیز سمایل، خۆم و ئەستێرە گەشەکان، بەرگی سێیەم، هەولێر 2022، ل197
3- عەبدولڕەحمان مەعرووف، ئینسایکلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر،3،هەولێر،2021، ل1649
4- زانیاری تایبەتی خۆم دەربارەی ژیانی مامۆستا عومەر.