
عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی
بەشی دووەم و کۆتایی
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭شوکریە محەمەد ئەمین: مامۆستا عومەر لە ماڵەوە پێاوێکی زۆر سادە و ساکاربوو، لەگەل منداڵەکانی باوک و هاوڕێ بوو.
٭ زرار قادر کەریم: مامۆستا عومەر لە ڕووی پیشەیی و مامۆستایەتییەوە خاوەن کەسایەتییەکی بەرزی پەروەردە و فێرکردن بوو.
٭ قادر مەلا ئەحمەد دەرگەڵەیی: کاک عومەر لە هەڵبژاردنی قوتابیاندا لە ساڵی 1967 لە بەغدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.
بەڕێزان: بۆ بەشی دووەم و کۆتایی لە هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) بە چاکمانزانی بیروڕا و زانیاری سێ کەسایەتی بەڕێز وەربگرین، ئەوانیش بریتین لە:
1- مامۆستا شوکریە محەمەد ئەمین هاوسەری مامۆستا عومەر
2- مامۆستا زرار قادر کەریم، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و هاوڕێی مامۆستا عومەر لە خەباتی پیشەییدا.
3- پارێزەری ڕاوێژکار کاک قادر مەلا ئەحمەد دەرگەڵەیی هاوڕێی دێرینی مامۆستا عومەر.
یەکەمجار وا دەقی بیروڕای مامۆستا شوکریە بڵاودەکەینەوە کە تایبەت بۆ ئێمەی نووسیوە : "لە ناوەڕاستی ساڵی 1968 پەیوەندی بە هەندێ هاوڕێیانی حزب کرابوو بۆ هاوسەرگیریم لەگەل مامۆستا عومەر شێخەڵڵا، هەر بۆیە توانرا بیروڕامان بگۆڕینەوە و دوای ڕازیبوونی خێزانەکەمان، هاوسەرگیریمان کرد و زۆر خۆشحاڵبووین وەک دوو هاوسەری تێگەیشتوو.
لە 1-1-1969 بووینە هاوسەری یەکتر، هێشتا ئەو دانەمەزرابوو دەرچووی کۆلێژ بوو بەشی زمانی کوردی، دوایی یەکەمجار وەکو مامۆستای سەرەتایی لە قوتابخانەی سۆران لەناو شاری هەولێر دامەزرا.
مامۆستا مرۆڤێکی زۆر خزمدۆست و نیشتمانپەروەر بوو. پەروەردەکارێکی زۆر دڵسۆز و فۆلکلۆرپەروەر بوو. زۆر هەوڵی پاراستنی ڕەسەنایەتی هەموو بابەتەکانی ئەدەبی و زمانەوانی دەدا. بەردەوام لەگەڵ بابەتەکانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی شەونخوونی دەکرد. لە ماڵەوە پیاوێکی زۆر سادە و مرۆڤدۆست بوو، زۆر یارمەتی منی دەدا بێ گوێدانە دابونەریتی دواکەوتووی ئەو کات، بەتایبەتی مامۆستا خۆی لەناو ژینگەیەکی عەشائری گەورە ببوو، بەڵام هەڵسوکەوتی زۆر ڕۆشنبیرییانە بوو. لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانی وەک باوک و هاوڕێ وا بوو، لە خێزان و خزمەکانی زۆر نزیک بوو، زۆر بایەخی بە سەرجەمیان دەدا. لەگەڵ قوتابییانی وەک مامۆستا و باوک و هاوڕێ وابوو. بەرژەوەنديی قوتابییانی زۆر بەلاوە گرنگ بوو، تا ڕۆڵەیەکی سەرکەوتووبن لە داهاتوودا. زۆر هەوڵیدەدا بیروباوەڕی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بکاتە مەبدەئی هەموو قوتابیيان.
مامۆستا عومەر لە زۆر ڕێکخراو و سەندیکا ئەندام بوو، وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و یەکێتی نووسەران و فۆلکلۆرپەروەران .. هەروەها ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی خوێندن بەتایبەتی دانانی پڕۆگرامی زمانی کوردی. پلەوپایە لای ئەو گرنگ نەبوو تەنها بەرژەوەندی میللەتەکەی زۆر لا گرنگ بوو. تەنیا ئاواتی پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو بوو، تاوەکو دواڕۆژێکی پڕشنگداریان هەبێت. زۆربەی قوتابییانی مامۆستا گەواهیدەری ئەم ڕاستیيەن".
٭ مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و هاوڕێی مامۆستا عومەر بەم چەند دێرەی خوارەوە مامۆستا عومەر شێخەڵڵامان پێدەناسێنێت:" هەڵبەته مامۆستا لە ڕووی پیشەیی و مامۆستایەتییەوە خاوەن کەسایەتيێکی بەرزی پەروەردە و فێرکردن بوو. هەر بۆیە لە گشت کات و شوێنێکدا قوتابیيان بە پێشەنگە شایستەکەی خۆیانیان دەزانی و جێگای ڕەزامەندی تەواوی مامۆستایانی قوتابخانەکانیش بوو.
بەڵێ مامۆستا زاتێکی مەشڕەف خۆش و دەم بەپێکەنین و نوکتە گۆبوو. چەندە لە سیما و ڕوخسارەوە جوان بوو، دوو هێندەش لە ناخ و ناوەرۆکەوە شیرین و لەبەر دڵان بوو.
مامۆستا لە باوەشی خێزانێکی جووتیاری دەشتی هەولێر چاوی بە دونیا هەڵێناوە. گەلەک کەیفی بە کەین و بەینی ژیانی لادێ و گوێئاگردانی کوردەواری دەهات، بۆیە بەردەوام لە قووڵایی کەلتوور و پانتایی فۆلکلۆری میللەتەکەیدا ژیاوە، بەتایبەتیش لە دەشتی هەولێر. تەمەنێکی پڕ لە سەربڵندی بەسەر بردووە. چەندین کتێبی لە ڕووی ئەدەب و زمان و کەلتووری کوردیمان بەچاپگەیاندووە.
مامۆستا یادی بەخێر گەلەک خزمدۆست و کوردپەروەر بوو. دڵ و دەروونی بە خولیای پیرۆز و نەریتی بەرزی نیشتمانی گۆشکرابوو. گشت تاکێکی نەتەوەکەی خۆی بە برای پشتێ دەزانی. خۆ گەر دوو کەس لەگەڵ یەکتر ناکۆک بوونایە، ئەو زۆر غەمی پێ دەخوارد، دڵی داناکەوت تا ئاشتی نەکردبوونایەوە. خۆ لە شەڕە نەگریسەکەی ناوەخۆ، ئەو زاتە بەردەوام دڵتەنگ و هەناسەسوار بوو. تازە شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسابوو، ئێمەش بۆ کۆنفرانسی پیشەیی مامۆستایان چووینە سلێمانی، هەر گەیشتینە ئەوێ مامۆستا عومەر بە منی گوت: مامۆستا زرار دەمەوێ بچمە لای قادر عەزیز لە حزبی زەحمەتکێشان، بە برادەرایەتی دوو قسەی خێری لەگەل بکەم، پێمخۆشە ئەتووشم لەگەڵدا بی.. ئیتر چووینە مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان بە برادەرایەتی لەگەڵی دانیشتین. مامۆستا عومەر هەندێ قسەی لە ڕووی ئاڕاستەکرد، بەڵام دیاربوو وەڵامەکەی کاک قادری بە دڵ نەبوو یەکسەر گوتی: کاک قادر کاک قادر بەخوا پێشینان بەلاشیان نەگوتووە "کوچک لە ئاگری گەرمترە" !! ئیتر لە خەفەتان هەرسێکمان تێر پێکەنین. یادت بەخێر مامۆستا عومەر نموونەتان زۆر بێ" .
٭ پارێزەری ڕاوێژکار کاک قادر مەلا ئەحمەد دەرگەڵەیی، هاوڕێی دێرینی مامۆستا عومەر، لەبارەی بیرەوەری لەگەڵ مامۆستا عومەر شێخەڵڵا بە سوپاسەوە بۆی نووسیوین و دەفەرموێ: "لە ساڵی 1957 کە پۆلی یەکی ناوەندی بووم و لە بەشی ناوخۆیی وەرگیرام لە شاری هەولێر، یەک لە قوتابییەکان کاک عومەر شێخەڵڵا بوو، خەڵکی گوندی قوشاغلوی بوو. زۆر قسەخۆش و ڕێکوپێک بوو، زۆر تێکەڵاوی لەگەڵ هەموو قوتابییەکان هەبوو. مام شێخەڵڵای باوکی سەردانی دەکردین کە مرۆڤێکی زانا و بەڕێز بوو. ئێمە زۆربەمان هەر لە تەمەنی گەنجیمان خاوەن بیروباوەڕی چەپ بووین . دوای تەواوکردنی ناوەندی و ئامادەیی لە ساڵی 1966 چووم بۆ بەغدا و لە پەیمانگای زانستەکانی دارایی و کارگێڕی دەستم بە خوێندن کرد. لە بەغدا لەگەڵ کاک عومەر یەکترمان گرتەوە. ئەو لە کۆلێژی ئاداب بەشی کوردی وەرگیرابوو، بە یەکەوە لەگەڵ هەندێ قوتابی تر، لە گەڕەکی کەسرە خانوێکمان بە 14 دینار بەکرێ گرت.
لە ساڵی1967 هەڵبژاردنی قوتابیيان لە کۆلێژەکانی زانکۆی بەغدا بەڕێوەچوو، ئێمەش لە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیيان خەباتمان دەکرد. لە زۆربەی کۆلێژ و پەیمانگاکان لیستی ئێمە سەرکەوت. کاک عومەر ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەو هەڵبژاردنەدا. هەروەها کاک عومەر داخوازی شوکریەخانی کرد، ئێمە چووینە داخوازی، باوکی (مام دێوانە حەمەدەمین) گوتی: لەبەر ئەوەی کاک قادر لەگەڵتان هاتییە، پێویست ناکات من پرسیار بکەم پێشکەشە".
یادی مامۆستا عومەر شێخەڵڵا بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی.