
سەدیق سەعید ڕواندزی
لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا، كاتێ خوێندن لە باشووری كوردستاندا، فۆڕمێكی ڕەسمی و كارگێڕی وەردەگرێت و خوێندنی ئایینی و ڕوژدییە كۆتاییاندێت، ئیدی خوێندن و تەواوكردنی قوتابخانە و وەرگرتنی بڕوانامە، دەبێتە خەونی گەورە و ئاییندەی مرۆڤی كورد، چونكە لەو كاتدا، قوتابخانە هەر تەنها وەك نێوەندێكی فێربوون نەدەبینرا، بەڵكو وەك شوێنێك بۆ دروستكردن و پێگەیاندنی مرۆڤی نموونەیی و هوشیار و ڕۆشنبیر دەبینرا. بە ئەزموونیش دەركەوت كە نێوەندەكانی خوێندن لەو كاتدا، چەندان ڕۆشنبیر و شاعیر و بیرمەند و زانایان پێگەیاند، كە دەشێ (مامۆستای ڕۆشنگەر برایم ئەحمەد، مەسعود محەمەد، ڕەفیق حلمی، دڵدار ، گۆران و بێكەس) و چەندانی تر، بە بەرهەمی ئەو خوێندەوارییە بزانین. تەنانەت گۆرانی مەزن، بۆ ساڵانێكی زۆر بێ ئەوەی هەڵگڕی بڕوانامەیەكی بەرزی ئەكادیمی بێت، وانەبێژ بووە لە زانكۆی بەغدا و وانەی كوردی وتۆتەوە، كە گومان دەكەم لەوانەی ئێستا بەدەیانیان، بەبڕوانامەكەیانەوە بتوانن ئەوە بكەن. لەگەڵ كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگەی كوردی، بە تایبەتیش لە دوای ڕاپەڕینەوە، چونكە خوێندن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لە نێوەندێكی گەورەی فێركاری و زانستی و پەروەردەیی، بەگشتی دەگۆڕێت بۆ وەدەستهێنانی بڕوانامە و تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن بەئامانجی دامەزراندن و بونیادنانی ژیان و ماڵ و مووچە، ئیدی بەداخەوە تەنها وەرگرتنی بڕوانامە لای بەشێكی زۆری تاكەكان دەبێتە پێوەر و ئەوە گرنگە چەند خوێندن تەواو دەكات، نەك چۆن تەواوی دەكات و بە كام ئاستی هوشیاری و زانستییەوە بڕوانامەی دەرچوون لە بوارێكی پسپۆڕی وەردەگرێت! ئەگەر خوێندەوارانی دوێنێ، خوێندنگەیان بە سەرچاوەی مەعریفە و ڕۆشنبیری زانیبێت و لەو سۆنگەیەوە ڕۆڵی گەورەی لە ژیانی پیشەیی و زانستی ئەوان بینیبێت، ئەوا ئەمڕۆ بەجۆرێكی دیكەیە و بڕوانامە تەنها دیكۆمێنتێكی كارگێڕییە و دەیسەلمێنێت كە دەرچووی ئەو شوێنەیە، بەبێ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ ئەو خوێندنەدا، خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیركردن، زانست و فێربوون، خەونی گەورەی دەرچووان بێت، وەك ئەوەی دوێنێ دەبینرا. بۆیە بەلامانەوە سەیر نییە، كاتێ دەبینین پزیشكێك كە ئەركی چارەسەركردن و ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤەكانە، وەك مرۆڤ ڕەفتار ناكات و لە چركەیەكدا پێنچ كەس دەكوژێت. یاساناسێك كە یاسای تەواوكردووە، بێ یاسایی دەكات و بڕوای بە مافی ئەویتر نییە و پێشێلی دەكات. پارێزەرێك لە پێناو پارەدا، ئامادەیە بەرگریی لە خاكفرۆش و خائین و پیاوكوژ و جەللادێك بكات ! بەڵام برایم ئەحمەد، مەسعود محەمەد، دڵدار، كە دەرچووی كۆلیژی ماف بوون ، چیان لێ دەرچوو؟ بوون بە چی؟ مەگەر ئەوانیش پارێزەر نەبوون؟! مامۆستایە و بە كەیسی سێكسی دەگیرێت! ماستەر و دكتۆرا بوونەتە شووتی ئەوەندە زۆربوونە، كەچی بەئەقڵی سەردەمەكەی مەلیك مەحمود، شیعر و شانۆ و چیڕۆك و ڕۆمان دەنووسن! لەشكرێك خۆ بە زمانزان و پسپۆڕی بەناو زمانی كوردیمان هەیە، كەچی وا دەزانن وشەكانی (زێوان) و (زیوان)، (ڕێنمایی) و (ڕێنوینی)، (لاشە) و (جەستە)، (تەرم و روفات) هەر یەكن. بگرە هەزاران بەناو ڕۆژنامەنووس و دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی وا هەن دەنووسن (ئەسپەكە مرداربووە)، (گوێرەكەكە تۆپی)، چونكە ئەوەی لێرەدا بوونی هەیە خوێندنە نەك خوێندنەوە. بەو مانایەی دەرچووانی خوێندن (بەشێوەیەكی گشتی نا)، تەنها ئەوەیان بەلاوە گرنگە بڕوانامەكە وەربگرن نەك خوێندنگە و خوێندن، وەك دروستكەری مرۆڤی ڕۆشنگەر و هوشیار ببینن، وەك ئەوەی گۆران، یان برایم ئەحمەد بینیویانە. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ستانداری خوێندن ئاستی نێودەوڵەتی و پێوەریانەی خۆی تێپەڕاندووە، چونكە ناكرێ لە شەش ملیۆن كەسدا، ملیۆن و نیوێك خوێندكار بێت. بۆیە دەبینین ئەم ڕەواجیبوونە بێ ناوەڕۆكەی خوێندن، مرۆڤەكان دەردەچوێنێت، بڕوانامەیان پێدەدات، بەڵام ناتوانێت فێری ژیان، ڕۆشنبیربوون، هوشیاریی كەسییان بكات . ناتوانێت بیانكاتە مرۆڤ ! بەپێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ لە دەرەوەی بازنەكانی خوێندندا هەوڵی خۆڕۆشنبیریكردن نەدات، لە نێوەندەكانی خوێندن ئەوە فێر نابێت و تەنها كڵێشەسازییەكە، كە دەبێ لە سەری بڕوات بەمەبەستی خوێندن نەك خوێندنەوە. بۆیە دەبینین تەنانەت ئەگەر كەسێك دەرچووی یاسا، یان پزیشكی، یان پەروەردە بێت، هەمان بیركردنەوە و ڕەفتاری كەسێكی نەخوێندەوار و میللی و بێ بڕوانامەی هەیە، كە هەرگیز لە ژیانیدا قوتابخانەی نەبینیوە. كەواتا، ئایا بڕوانامەی بەرز، دەرچووی پسپۆڕ و زانستی، پێویستی بەوە نییە هاوتەریب لەگەڵ زانستەكەی، ڕۆشنبیر بێت و كتێب بخوێنێتەوە و هۆشیار و ئەتەكێتی ژیان و مرۆییانە بزانێت؟ بۆیە هیچ كەسێك بڕوانامەكەی چەند بەرز و باڵاش بێت، ناتوانێت مرۆڤانە بژیت و ڕەفتار بكات، گەر خۆی وەك مرۆڤێك بیرنەكاتەوە و نەچووبێتە نێو جەوهەری ژیان و مرۆڤبوون، ئەمەش بەبێ خوێندنەوە، بەبێ هۆشیاری و ڕۆشنبیریبوون، ناكرێت ئەگەر مرۆڤ لەبری بڕوانامەیەك، دەیانیشی هەبێت !